ڕۆژی شەممە ۲۸/۱٠/۲٠۱۷ سەرۆک مەسعود بارزانی لە نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی پارلەمانی کوردستان داوا دەکات کە ماوەی سەرۆکایەتی درێژ نەکرێتەوە و بابەتی سەرۆکایەتی چارەسەر بکرێت و ئامادەیش نییە دوای تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بەردەوام بێت. ئەمەی خوارەوە دەقی نامەی سەرۆک بارزانییە بۆ سەرۆکایەتیی پارلەمان:
بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان بەڕێز
سڵاوێكی گەرم..
بەپێی فەرمانی هەرێمیی ژمارە (128) لە 12ـی 7ـی 2017 داوامان كردبوو هەڵبژاردنەكانی پارلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم لە ڕۆژی 1ـی 11ـی 2017 ئەنجامبدرێت. بەڵام لەبەر هۆكاری سیاسی و ئەمنی و تەكنیكی و نەبوونی كاندیدی سەرۆكایەتی، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئامادەكارییەكان بۆ هەر دوو هەڵبژاردنی هەڵپەسارد و لە 24ـی 10ـی 2017 لە پارلەمانی كوردستاندا تەمەنی پارلەمان و حكوومەتی هەرێم بۆ ماوەی دوو خولی یاسادانان درێژ كراوەتەوە.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی هەرێم، لە دوای 1ـی 11ـی 2017 بەردەوامبوونم لەو پۆستە ڕەتدەكەمەوە و نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەموار بكرێت یان تەمەنی سەرۆكایەتیی هەرێم درێژ بكرێتەوە. پێویستە بە زووترین كات كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی سیاسی لە ئەرك و دەستەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دروست نەبێت و ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت.
منیش وەك مەسعود بارزانیی پێشمەرگە لەناو جەماوەری خۆڕاگری گەلەكەمان و پێشمەرگە ئازیزەكان لە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەردەوام دەبم. مسعود بارزانی 28ـی 10ـی 2017
|