كەناڵی العربیە دیدارێكی لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سازكرد، دوێنێ شەو پەخشكرا، سەرۆك بارزانی لەو دیدارەدا، تیشكی خستە سەر چەند مەسەلەیەكی گرنگی ناوچەكەو شەڕی داسەپاوی داعش و ڕۆڵی پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە سیاسەتی حكوومەتی پێشووی عێراق سیاسەتێكی فاشیل بوو و بووە هۆی ئەوەی ژینگە بۆ داعش دروست بێت، لە لایەكی دیكەشەوە باسی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان كردو، مەسەلەی پڕچەكیی داعشی بەهۆی ئەو دەستكەوتە زۆرەی لە سوپای مالیكی دەستیان كەوت وەك هۆیەك گێڕایەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتادا داعش چەند ناوچەیەكی كوردستان داگیربكات، هەروەها چوونی پێشمەرگە بۆ موسڵ بە مەسەلەیەكی هەستیار دادەنێت بۆیە گرتنەوەی موسڵ بە ئەركی سوپای عێراق دادەنێت، هەر لەمیانەی وەڵامدانەوەكانیدا، هەوڵی سەرەتای عیبادی لە رووی نەهێشتنی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، كە مالیكی دایمەزراندبوو بە گرنگ وەسف كرد، ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكە:
❊ چارەگە سەدەیەكە پێشمەرگە بەم شێوەیەی ئەمڕۆ شەڕی نەكردووە، ئایا بۆ ئەم شەڕە ئامادەبوون؟ سەرۆك بارزانی: بەڵێ ئەم شەڕەیان یەكەمین شەڕی راستەقینەیە بۆ كورد لەدوای راپەڕینی 1991ئێمە ئامادە بووین بەڵام بەشێوەی ویستراو ئامادە نەبووین. هێزە سەرەكییەكان یان لەشوێنی دیكە بوون و ژمارەیەكی زۆری شارەزایانی شەڕ خانەنشین كرابوون، یانیش بەتەمەن بوون و نەیاندەتوانی ئەركەكە بەتەواوی بەجێبگەیەنن، نەوەیەكی نوێی گەنجان ئەركی بەرگریكردنی سنووری كوردستانی جێبەجێ دەكرد بۆیە لەسەرەتادا شەڕەكە قورس بوو.
❊ ئایا دەتوانین بڵێین، هەرێمی كوردستان بەتەواوی لەداعش خاڵیە؟ ئایا توانیتان سنووری هەرێم لەڕووی سەربازیەوە بپارێزن؟ سەرۆك بارزانی: دەتوانم بڵێم 90%ی ناوچەكانی هەرێم ئێستا پارێزراوە وتەنها شنگال ماوە.
❊ پلانی سەربازیتان بۆ شنگال چیە؟ سەرۆك بارزانی: پلانی سەربازی و بڕیار ئەوەیە یەك بستی خاكی كوردستان لەدەستی داعشدا نەمێنێت بەڵام ناتوانم باسی وردەكاریەكان بكەم، بەڵام بڕیاری ئێمە ئەوەیە تا دوایین مەتری خاكی كوردستان لەداعش خاوێن بكەینەوە.
❊ بازیاتر باسی تواناكانی پێشمەرگە بكەین، ژمارەیەكی باشی جەنگاوەری كۆن و نەوەی تازەی پێشمەرگەمان بینی، بەڵام ئەو شەڕە جیاوازە و تەكنیكی جیاوازە، ئایا پێشمەرگە ئەو توانایەی هەیە بۆ ئەم شەڕە؟ سەرۆك بارزانی: جەنگاوەرانی كۆن، ئەوەی توانای شەڕی ماوە، توانیان وەكو خۆبەخش خۆیان بگەیەننە بەرەكانی شەڕو رۆڵی گەورەیان هەبوو و توانیان ورەی گەنجان بەرز بكەنەوە و زۆریان لێ فێر بوون، ئێستاش ئەم گەنجانە توانیان شارەزاییان لێ وەربگرن و تواناكانی خۆیان سەلماند. بەڵێ ئامادەیی هەیە و لەسەر ئەرزی واقیعدا توانیان داعش لەزۆر شوێندا بخەنە دەرەوە، دەتوانین بڵێین ئەوان تاكە هێز بوون توانیان لەڕووی داعش بوەستن، بەپێچەوانەی شوێنی دیكە، كە تەنها بەبیستنی ناوی داعش شوێن و ناوچەكانی خۆیان جێهێشت و ڕایانكرد.
❊ مەبەستتان سوپای عێراقە؟ سەرۆك بارزانی: سوپای سوریا و سوپای عێراق و رێكخستنەكانی دیكەش، كە نەیانتوانی رووبەڕووی داعش ببنەوە، دەتوانم بڵێم پێشمەرگە تاكە هێز بوو شكستی بەداعش هێنا و لەزۆر لەبەرەكان لەڕووی وەستا.
❊ بەڵام جەنابی سەرۆك، ئەو چەكانەی بینیمان لەدەستی پێشمەرگە، باشن بەڵام لەو باشیەدا نین و لەئاستی چەكداری داعشدا نین، لەبەرچی؟ سەرۆك بارزانی: بەڵێ ئەمە ڕاستە، ئێمە ئازاد نین بۆ هەڵبژاردنی سەرچاوەی كڕین و دابینكردنی چەك و بەپێی رێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا دوای رزگاركردنی عێراق لەساڵی 2003 دەبوایە هێزی پێشمەرگە بەشی خۆی لەچەك و ئامادەسازیەكانی سوپای عێراقدا هەبێت، بەڵام حكوومەتی پێشوو ئەم رێككەوتنەی جێبەجێ نەكرد و، داواشیان لە زۆربەی وڵاتانی دونیا كرد چەك نەفرۆشنە پێشمەرگە. ئەو چەكەی لەدەستی پێشمەرگەدایە چەكی كۆنن و لەدەستكەوتەكانی سوپای كۆنی عێراقیە، یان لەسەرچاوەی دیكەی نارێكخراو و نافەرمی بەدەستیان كەوت. لەماوەی كۆتاییدا چەك وپاڵپشتیمان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەدەستكەوت، بەڵام لەڕووی ژمارە و جۆری چەكەكانەوە لەئاستی پێویستدا نیە. بەڵام هێزی دیكەی غەیری پێشمەرگە بەو چەكانە نەیدەتوانی وەكو پێشمەرگە ئەم شەڕە بكات، ئەوان موعجیزەیان هێنایەدی.
❊ هاوپەیمانان چ جۆرە چەكێكیان دایە ئێوە؟ سەرۆك بارزانی: ئەوان زیاتر زەخیرەیان پێشكەشكردین نەوەكو چەك، ئەڵمانیا چەكی میلانی پێداین كە رۆڵ و كاریگەری گەورەی هەبوو، ئەمە جگە لەڕەشاشی مامناوەندی لەفەڕەنساوە كە كاریگەری زۆری هەبوو، چەكەكانی دیكە تائێستا پێمان نەگەیشتووە وچەكی دیكەش هێشتا نەگەیشتووە.
❊ داعش چ توانایەكی چەكداری هەیە؟ سەرۆك بارزانی: داعش توانی زیاتر لە 1700 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لەسوپای مالیكیەوە دەستبكەوێت، ئەمە جگە لە تۆپ و زەخیرەی زۆر كە لەژماردن نایەن، ئەم ئۆتۆمبێلانە تواناكانی داعشی زیاتر كرد، بەتایبەتی لەرۆژانی یەكەمی هێرشی، كە توانی چەندین گرفت بۆ پێشمەرگە دروستبكات و دواتر مەسەلەكە چارەسەر بكات. ئەوان بۆمب زۆر بەكاردێنن و شارەزای باشیان لەبەكارهێنانی هاوەن هەیە، ئەمە جگە لەهەبوونی نیشانەشكێن، بەڵام تواناكانیان زیاتر لەسەر ئەو زرێپۆشانەیە كە بەدەستیان كەوتووە. داعش چەكی زۆری لەسوپای مالیكی و سوپای سوریا دەستكەوت.
❊ دەڵێی سوپای مالیكی، نەك سوپای عێراق؟ چونكە كەناڵەكەشمان بەوە تاوانبارە كە ناوی لەسوپای عێراق ناوە سوپای مالیكی دیارە ئێوەش لەگەڵماندا هاوڕان؟ سەرۆك بارزانی: بەڵێ ئەمە سوپای مالیكی بوو، سوپای عێراق نەبوو.من پەیوەندیم بە (عەرەبیە)ـەوە نیە، بەڵام لەڕووی عەمەلیەوە سوپای مالیكی بوو بۆیە شكستی هێنا و رووخا، مالیكی نووسینگەی سەركردەی هێزە چەكدارەكانی پێكهێنا و هەموو دەسەڵاتەكانی لەو نووسینگەیەدا كۆكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك یاسایی نەبوو، ئەو دەسەڵاتی لەوەزیری بەرگری و سوپاسالار و هەموو سەركردە سەربازیەكان وەرگرتەوە، ئەو نووسینگەیەش لەوە سەركەوتوو نەبوو سوپایەكی نیشتیمانی پێكبهێنێت، بۆیە سوپا وەلایەكی تایبەتی بۆ تاكە كەس هەبوو نەوەكو بۆ نیشتیمان، بۆیە ئەو سوپایەی لەماوەی 10 ساڵدا ئەمەریكا و ناتۆ پێیەوە ماندوو بوون، بە دە كاتژمێر رووخا و شكستی هێنا، ئەوە سوپای عێراق نەبوو.
❊ چی لەگەڵ ئەو سوپایە روویدا كە بەمشێوەیە رووخا كەوتە دەستی تیرۆریستان و خەریك بوو هەولێریش وای بەسەر بێت؟ سەرۆك بارزانی: هەولێر تووشی مەترسی هات بەڵام شكستی نەهێنا و نەكەوت، نە ڕووخا و لەسەر لێواری رووخان نەبوو و مومیكن نیە بڕوخێت. بەڵێ داعش نیو كاتژمێر لەهەولێرەوە دوور بوو، ئەمەش مەودا و ماوەیەكی كەم نیە، هێزی بەرگریكار هەبوو. سوپای عێراق وەلای بۆ نیشتیمان نەبووو رێگە بە ئەفسەرە كۆنەكانی سوپا نەدرا رۆڵ لەو دەزگایەدا بگێڕن، هیچ عەقیدەیەكی سەربازی نەبوو كە سوپای لەسەر دروستبكرێت، ئەمە جگە لەهەبوونی گەندەڵیەكی زۆر كە وایانكرد ئەو سوپایە دروست نەبێت، كەوتنی مووسڵ بەهۆی رەفتاری سەركردەكانی سوپای عێراق بوو، كە لەبەغداوە هاتن بۆ پاراستنی مووسڵ و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەكان تیایدا، كە لەگەڵ یەكەمین هاوەن كەوتە نێو سەربازگەی غزلانی، ئەوان رایان كرد و شوێنی خۆیان جێهێشت، بەمشێوەیەش سوپا رووخا.
❊ بەڵێ ڕاستە، بەڵام لەڕووی سیاسیشەوە، ژینگەیەكی لەباوەشگرەوەی داعش هەبوو لەو ناوچەیەدا؟ سەرۆك بارزانی: سیاسەتی حكوومەتی پێشوو سیاسەتێكی فاشیل بوو و توانی ژینگەیەكی لەبار بۆ داعش دروستبكات، یەك ساڵ لەمەوبەر ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەوە هەبوو كە داعش دەیەوێ چەند بنكەیەك لەرۆژئاوای مووسڵ دابمەزرێنێت، من بە بەڕێز مالیكیم گوت و داوام لێی كرد ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی سەربازی ئەنجامبدەین، دواتر بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵی كرد، بەڵام ئەو هیچ گوێی بەم مەسەلەیە نەدا، پێشی رووخانی مووسڵیش بەچەند رۆژێك، داوامان لەمالیكی كرد رۆڵمان لەرێگەگرتن لەكەوتنی مووسڵ هەبێت، بەڵام ئەو قبووڵی نەكرد، من بەڕووخانی مووسڵ تۆمەتباری ناكەم، بەڵام ئەو پشتی بەچەند هێزێكەوە بەست كە ئامادە نەبوون بۆ شەڕ لەمووسڵ، ئەو وای دەزانی ئەوانەی بۆ مووسڵی ناردوون ئەو ناوچەیەی بۆ دەپارێزن بەڵام شكستیان هێنا.
❊ هەندێك هۆزی عەرەبی سوننە هەن لەگەڵ داعش لەدژی چەند هێزێكی بەرگری میللی وپێشمەرگە شەڕ دەكەن، ئایا ئەمە بەشەڕێكی نێوان سوننە و شیعە ناچێت؟ سەرۆك بارزانی: ناكرێ ئەم واقیعە ئینكار بكرێت، بەڵام هۆزی سوننەش هەن كە ئامادەن لەدژی داعش شەڕ بكەن و هیوادارین حكوومەتی تازەش لەو گرێیە و لەو گرفتە رزگاری ببێت، شەڕی دژی داعش بەرگریەكی میللی بەهێزی دەوێت بەهاوكاری شیعە و سوننە و كورد، وا بەئاسانی نیە. ❊ بە بۆچوونی تۆوە كێ شەڕەكە یەكلایی دەكاتەو؟ سەرۆك بارزانی: دەبێ سوپای عێراق ئەم پرسە یەكلایی بكاتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم سوپایە پێویستی بەكاتە، بەرگری میللی و سەحوە و هۆزەكان دەتوانن رۆڵ بۆ پاڵپشتیكردن لەسوپا ببینن.
❊ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وحكوومەتی عێراق هیچیان لەبەردەستدایە بۆ هۆزەكانی سوننە پێشكەشی بكەن؟ سەرۆك بارزانی: پێویستە یارمەتیان پێبدرێت بەڵام لەڕووی عەمەلیەوە ناتوانم ئەوە دووپات بكەمەوە كە ئایا پاڵپشتیكراون یان نا، جارجاریش شكایەتی هەندێك هۆزی سوننەم بەرگوێ دەكەوێت لەبارەی نەبوونی یارمەتی بۆ ئەوان، بەتایبەتی لەڕووی چەكداریكردن وپاڵپشتیكردن.
❊ سەیر لەوەدایە، فڕۆكەی بەهێزی سوپای ئەمەریكا، بەهێزترین شەڕوان و جەنگاوەری پێشمەرگە و بەرگری میللی لەدژی داعش شەڕ دەكەن، بەڵام ئەوە شەش مانگە داعش لەمووسڵدایە، بەڵێ شوێنی زۆرتان لەكوردستانی عێراق رزگاركرد، بەڵام هێشتا داعش بەهێزە ئەمە چۆن روون دەكەنەوە؟ سەرۆك بارزانی: بەڵێ راستە، تا داعش لەمووسڵ بێت هەروا بەهێز دەمێنێت، بۆیە پێویستە مووسڵ لەداعش خاوێنبكرێتەوە، لەوكاتەدا دەتوانین بڵێین داعش بەتەواوی تێكشكێندرا، لەهەرێمی كوردستان سوپاس بۆ خوا پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان لەزۆربەی زۆری شوێنەكاندا داعشی دەركرد، بەڵام رزگاركردنی مووسڵ ئەركی حكوومەتی عێراقی فیدراڵە، ئەركی خەڵكی مووسڵە چ هی ناو شار یان هی دەورووبەر، ئەگەر ئەوان هەر كارێكیان كرد بۆ رزگاركردنی مووسڵ ئەوكات دەبینن پێشمەرگەش پاڵپشتیان دەكات، بەڵام پێشمەرگە بەتەنها ناتوانێ و ناشكرێ بچێتە نێو مووسڵ، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕی كورد و عەرەب و ئەمەش مومكین نیە قبووڵی بكەین.
❊ دەكرێ لەسەر شاشەی ئێمە بڵێیت تۆ ئامادەی یارمەتی مووسڵ بدەیت؟ سەرۆك بارزانی: بێگومان بەڵێ.
❊ بەڵام تا ئێستا هەستیاری لەبارەی كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان هەیە بەتایبەتی لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شیعە و خواستی ئەوەیان هەیە پێشمەرگە لەكەركووك بكشێتەوە؟ سەرۆك بارزانی: ئێمە ئەو ناوچانەمان پاراست، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ئەو ناوچانە دەكەوتنە دەست داعش، بۆ ئێمە كەركووك شارێكی كوردستانیە و ناسنامەكەی كوردستانیە، بەڵام رێككەوتنێك لەبارەی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە هەیە (ئاساییكردنی بارودۆخ، سەرژمێری ئنجا ریفراندۆم) كە تیایدا خەڵكی كەركووك خۆیان بڕیار لەچارەنووسی خۆیان دەدەن، بۆیە ئێمە هیچ مۆركێكی دیاریكراومان نەسەپاندە سەر كەركووك بەڵكو پاراستمان و چارەسەری كەركووكیش بەپێی دەستوورە كە خودی دانیشتوانی شارەكە بڕیاری لەسەر دەدەن و ئێمە رێز لە بڕیارەكەیان دەگرین.
❊ واتا ئێستا ئامادە نین لەكەركووك بكشێنەوە؟ سەرۆك بارزانی: گریمان لەكەركووك كشاینەوە،دوای كشانەوەمان بەچەند كاتژمێرێك داعش كۆنترۆڵی دەكەن، بێگومان ناكشێینەوە.
❊ ئایا راوێژكاری سەربازی ئێرانی هەن لەشەڕی دژی داعش؟ سەرۆك بارزانی: هیچ هێزێكی شەڕكەری ئێرانی لەسەر زەوی نیە، بەڵام بەڵێ راوێژكاری سەربازی هەن وەكو هەموو دەوڵەتانی دیكە كە راوێژكاریان هەیە، ئەمەریكا فەڕەنسا ئەڵمانیا ئیتالیا كەنەدا ئوستراڵیا، لەوانەیە زیاتریش بەڵام لەیادم كرد، ئێران زەخیرەی پێشكەش كردین.
❊ وڵاتانی عەرەبی چیان پێشكەشی كورد كرد لەم شەڕەدا؟ سەرۆك بارزانی: هەندێك وڵاتی عەرەبی هەن یارمەتیان پێشكەش كردین، بەڵام بەداوای لێبوردنەوە ناویان ناهێنم و بەهێزەوە لەگەڵ ئێمەدا وەستان لەو شەڕە و سوپاسیان دەكەین، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان ناویان ناهێنم، ئەگەر ئەوان پێیان باش بوو ئەوكات بەئاشكرا ناویان دێنم، بۆ من هیچ گرفتێك نیە و من هیچ لاریەكم نیە بەڵام نامەوێ گرفتیان بۆ دروست بكەم.
❊ باس لەوە دەكرێت كورد لەئەمەریكاوە نزیكە بەبەڵگەی یارمەتیدانی كورد بەشێوەیەكی زۆر خێرا دوای ئەوەی هەستیان كرد كە كوردستان لەمەترسیدایە، ئایا بەمجۆرە تۆ لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتیكراوی؟ سەرۆك بارزانی: ئەمەریكا بەسوپاسەوە پاڵپشتی ئاسمانیان پێشكەشكردین، بەڵام مەسەلەكە تایبەتی نیە، یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان هۆكاری خۆی هەیە، هۆكارەكەیشی بۆ سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە سیاسەتی لێبوردەیی و پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنی پەیڕەوكرد و تاڕادەیەكی زۆریش سەركەوتنی بەدەستهێنا، من ناڵێم ئەزموونەكە تەواو سەركەوتوو بووە، هەرێمی كوردستان بووە پێگەیەك بۆ پاراستنی مەسیحی و توركمان و ئەو عەرەبانەی لەدەستی تیرۆرەوە رایان كردووە، پێشمەرگە تەنها بەرگریان لەكورد نەكرد، بەڵكو بەرگریان لەكورد و توركمان و مەسیحی و مەزهەب و ئایینەكانیان كردووە بەتایبەتی ئێزدیەكان، ئێمە شەهیدی زۆرمان بۆ پاراستنی ئەو پێكهاتانە بەخشی، بۆیە ئەمە وایكرد ئەمەریكا و ئەورووپا یارمەتیمان بدەن، بەڵام تا ئێستا ئەوەی پێشكەشیان كردووە بەرادەی پێویست نەبووە.
❊ هەندێك گرفتی تەكنیكی هەن لەبەردەم فڕۆكەكانی ئەمەریكادا، هۆشداریش بۆ بۆردومانی ئاسمانی هەیە، ئەم مەسەلەیە تاچەند شەڕەكەی زەحمەت كرد؟ سەرۆك بارزانی: هەندێك كۆت و بەند لەبەردەم فڕۆكەوانان هەن، ئێمە نامانەوێ هیچ كاتێك خانەوادە و خەڵكی سڤیڵ بۆردومان بكرێن و هیچ كاتێك داوامان لە هاوپەیمانان نەكردووە خەڵكی سڤیڵ بۆردومان بكەن، هەماهەنگیەكی تەواویش لەنێوان راوێژكاران و هێزی ئاسمانی لەمبارەیەوە هەیە. بەڵام كاتێك ئەوان دەبینن داعش لەشوێنێكدایە تەنانەت ئەگەر خەڵكی مەدەنیشی تیادابێت بۆردومانی دەكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ شوێنێكی سڤیڵ بۆردومان نەكراوە.
❊ پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا لەچ ئاستێكدان؟ سەرۆك بارزانی: پەیوەندییەكان باشن بەتایبەتی لەڕووی ئابووری وبازرگانییەوە.
❊ گلەیی لەهەڵوێستی توركیا لەبەرامبەر كۆبانێ دەكرێت، ئایا ئەوان توانیان شتێكی وا پێشكەش بكەن كە شایانی رووداوەكە بێت؟ سەرۆك بارزانی: لەبارەی پرسی كۆبانێیەوە توركیا رێگەی دا هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو كۆبانێ بڕوات.
❊ بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانیش ئەوان رێگەیان بەداعشیش داوە بەرەو كۆبانێ بڕۆن؟ سەرۆك بارزانی: من ناتوانم ئەم مەسەلەیە دووپات بكەمەوە یان رەتی بكەمەوە، بەڵام ئەوان رێگەیان دا پێشمەرگە بەرەو كۆبانێ بچێت و پێشمەرگەش توانی رۆڵێكی باش لەگەڵ شەڕوانە پاڵەوانەكانی ئەوێ بگێڕێت.
❊ چ پلانێك لەمبارەیەوە هەیە ئایا راوێژ لەگەڵ ئەردۆغان بەردەوامن؟ سەرۆك بارزانی: بێگومان بەردەوامن، دووپاتكردنەوەیەك هەیە بۆ بەردەوامی هاوكاری نێوان هەردوولا و ئێمە پێمان خۆشە پەیوەندییەكان هەمیشە پێشكەوتن بەخۆیانەوە ببینن.
❊ هەولێر و بەغدا لەو ماوەیەدا توانیان بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی ئەو ناكۆكیانەی لەنێوان هەردوولادا هەبوون، ئایا ئەمە قابیلی بەردەوامبوونە؟ سەرۆك بارزانی: دووپاتی دەكەمەوە كە هەرێمی كوردستان ویست و خواستێكی راستەقینەی هەیە بۆ بەهێزترین هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان، بەخۆشحاڵیەوە دەڵێم هەمان هەست لەلایەن بەغداوە دەبینین، ئەمەش هیوای ئەوەمان پێدەبەخشێت كە هەردوولا جدین.
❊ چ جیاوازیەك لەنێوان مالیكی وعیبادیدا دەبینن؟ سەرۆك بارزانی: یەكەمین كاری ئیجابی كە ئەنجامیدا، ئیلغاكردنی نووسینگەی فەرماندەی هێزی چەكدار بوو، ئەمەیان هەنگاوێكی زۆر باش بوو، دواتر بەرەو ڕووی كورد و سوننە كرایەوە و كاری باشی كرد، جاران جیاكاری هەبوو بەتایبەتی لەبارەی پرسی سوننە كە وای لێهات دژایەتی داعش نەكەن، عیبادی لەتایفەیی و جیاكاری جارانەوە دوورە، ئەو پاڵپشتیە جەماوەریەی بەڕێز عیبادی هەیەتی مالیكی نەیبوو، هەر بەرپرسێك یان هەر سەركردەیەك ئەگەر پاڵپشتی جەماوەری نەبوو چۆن كار دەكات، مالیكی لەهەندێك شوێن و دەزگا كە خۆی تیادا بە بەرپرس دەبینی، وای بۆ خۆی وێنا كرد كە كەسێكی ئازایە بەتایبەیت لەسوپا وپۆلیس و هەواڵگری، دواتر دیار بوو ئەمە راست نەبوو، من پێموایە عیبادی بەهێزترە، چونكە پاڵپشتیی ئەو بەهێزترە.
❊ ئایا عیبادی بەڵێنی جێبەجێكردنی مەرجەكانی كوردی داوە؟ سەرۆك بارزانی: ویست و خواستەكانی هەرێمی كوردستان مەرجیان پێ ناگوترێت، حكوومەتی پێشوو زۆر لەویستەكانی كوردی پشتگوێخست و لەجیاتی ئەوەی بەدوای چارەسەر بگەڕێت، بەدوای خوڵقاندنی قەیراندا گەڕا، عیبادی دەیەوێ چارەسەری بۆ كێشەكان بدۆزیتەوە، جارانیش بەپێی دەستوور چارەسەریان هەبوو و ئێستاش رێككەوتن هەیە، پرسی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، پرسی پێشمەرگە، پێشمەرگە بەپێی دەستوور بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراقی وپێویستە بودجەكەیشی لەسەر وەزارەتی بەرگری بێت. لەماوەی ئەو8 ساڵەی رابردوودا بەهیچ شێوەیەك هیچیان جێبەجێ نەكران.
❊ حكوومەتی بەغدا لەوەتەی دەستپێكردنی شەڕی داعش، هیچ یارمەتی وپاڵپشتیەكی پێشكەشی پێشمەرگە نەكردووە؟ سەرۆك بارزانی: ئێمە پێویستیمان بە بڕێكی دیاریكراوی زەخیرە هەیە ئەگەر لەلایان هەیە بایارمەتیمان بدەن، بەتایبەتی بۆ هێزەكانی چیای شنگال، حكوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە بەجێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی داویەتی.
❊ خاڵی دیكەی ناكۆكی چین؟ سەرۆك بارزانی: خاڵی دیكە هەن، بەتایبەتی پرسی هاوبەشی لەدەسەڵات وپرسی هەبوونی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەنی وەزیران و هەبوونی هاوسەنگی لەدەزگا سەربازیەكان بەتایبەتی.
❊ باس لەوە دەكرێت عێراق بۆ چەند هەرێمێك بەشێوەیەكی كۆنفیدراڵی دابەش بكرێت، ئایا ئێوە پاڵپشتی لەوە دەكەن؟ سەرۆك بارزانی: دەستوور رێگەی بەم پرسە داوە و ئێمەش پاڵپشتی دەكەین، ئەمە دابەشكاری نیە، لەڕاستیدا عێراق لەڕووی عەمەلیەوە دابەش بووە، بەڵام بەهەبوونی هەرێمی فیدراڵی و سیستەمی فیدراڵی، بەدابەشكردنی دەسەڵات و داهات، ئەوكات عێراق بەیەكگرتوویی دەمێنێتەوە. مومكین نیە حكوومەتێكی مەركەزی شمولی لەعێراقدا هەبێت حوكمی ئەم وڵاتە بكات، ئەم سەردەمە تەواو بوو. هەبوونی هەرێم بۆ سوننە و شیعە و كورد و بوونی بەغداش بەپایتەختی فیدراڵی، عێراق یەك دەخات، پێچەوانەكەی عێراق دابەش دەكات.
❊ دەڵێیت كورد هەرێمی خۆیان هەیە، بەڵام ناڵێن دەوڵەت؟ سەرۆك بارزانی: ئێستا كورد هەرێمێكی فیدراڵیان هەیە بەڵام مافی سەربەخۆییان هەیە
❊ كەی؟ سەرۆك بارزانی: لەكاتی خۆیدا واتا لەو كاتەی كە شیاوی ئەو ڕاگەیاندنە بێت.
❊ كەی؟ سەرۆك بارزانی: (بەپێكەنینەوە) ئینشائەڵڵا سبەی.
❊ تۆ لەو ماوەیەدا توانیت سنووری هەرێم بپارێزیت و لەوانەشە تا سەری ساڵ هەموو سنووری هەرێم لەداعش خاوێن بكەیتەوە، ئایا دەوڵەت رادەگەیەنیت؟ سەرۆك بارزانی: پەنا بەخوا سنوری خۆمان رزگار دەكەین، بەڵام پرسی سەربەخۆیی كارێكە جارێ پاشەكشەی لێناكرێت و ئامانجێكی گەورەیە بۆ گەل و نەتەوەی كورد بەڵام هیچ هەنگاوێك بەبێ هەبوونی ئەنجامی پۆزەتیڤانە نانێین كە گەرەنتی سەركەوتنی پرۆسەكە بكەین.
❊ ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ ئاماژەیەكی بە تۆ داوە بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم هەنگاوە؟ سەرۆك بارزانی: هاوسۆزی هەیە، گۆڕانكاری زۆریش لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ تێگەیشتنی ئەم ماف و ئامانجە.
❊ ئا ئەو ساتە ئێوە بەسەر داعش سەركەوتوون، ئەم سەركەوتنە هیچ هێمایەك بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات بۆ ئامادەبوونت بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی؟ سەرۆك بارزانی: ئەو سەركەوتنە سەربازیە وامان لێناكات تووشی غرور بین، بەڵێ شتێكی زۆر خۆشە، بەڵام پرسی سەربەخۆیی كوردستان ناكرێ بەهیچ پرسێكی دیكە گرێبدرێت، چونكە ئەگەر سەریش نەكەوین لەو ئامانجەی خۆمان پاشەكشە ناكەین، لەوانەیە ئەو مەسەلەیە دیدی خەڵكی دیكە لەبارەی كوردەوە بگۆڕێت بەوەی توانیمان بوونی خۆمان بسەلمێنین.
❊ هەندێك لەكوردانی سوریا گلەیی ئەوە دەكەن كە سەرۆك بارزانی هیچی وای پێشكەش نەكردین كە شایانی باس بێت، ئایا توانیت شتێكی باشیان پێشكەش بكەیتـ ئەگەر نا رێگریەكان چی بوون؟ سەرۆك بارزانی: ئەوان ئەو دیدەیان هەبوو، چونكە دوور بوون و ئاگاداری بارودۆخەكە نەبوون، ئێمە هەموو شتێك كە لەبەردەستماندا بووبێت، توانیمان پێشكەشی برایانمانی بكەین لەكوردستانی سوریا و شەڕوانانیش باش دەزانن ئێمە چیمان كرد، ئەمەش ئەركێكە لەسەر شانی ئێمە، كاتێكیش كۆبانێ تووشی ئەو هێرشە بوو بوو لەگەڵ داعش، ئێمە زۆر شتمان پێشكەشكردن، تەنانەت پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی خۆمان بەكارهێنا بۆ پێشكەشكردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ كۆبانێ، ئەمەش روویدا، ویستیشمان هێزی زیاتر بۆ كۆبانێ بنێرین، بەڵام ئەوان تەنها هێزی پاڵپشتیان ویست، بۆیە كاتێك رێگەیەكمان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە دەستكەوت درێغیمان نەكرد و هێزمان نارد، هەركاتێكیش هەرچیان پێویست بێت و ئەوەی لەدەستمان بێت بۆیان، درێغی ناكەین.
❊ كەی دەتوانی بەپەنابەر وئاوارەكان بڵێیت بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆتان؟ سەرۆك بارزانی: زۆر لادێ و شوێن هەن لەو جێگایەی ئێمە تیایداین خەڵكەكەی گەڕانەوە شوێنی خۆیان، شوێنی دیكەی وەكو زومماریش هەن زۆر لەشوێن و ماڵەكانیان پێویستیان بەخاوێنكردنەوە هەیە لەبۆمبی چێندراو، كە پێویستی بەتەكنەلۆژیای تازە هەیە بۆ لەناوبردنیان و، ئەم تەكنەلۆژیایە لای ئێمە دەستناكەوێت، بۆیە بەهاوڵاتیانمان گوت جارێ نەگەڕێنەوە، چونكە بەداخەوە خەڵكێكی زۆر كە گەڕانەوە بەكردنەوەی دەرگا وپەنجەرەكانی ماڵەكانیان بەتەقینەوەی بۆمبی چێندراو شەهید بوون. هەر شوێنێك كە بزانین خاڵیە لەبۆمب ومین بەخەڵكەكەی دەڵێین بگەڕێنەوە، داوامان لەهاوپەیمانانیش كرد یارمەتیمان بدەن بۆ لەناوبردنی ئەم مینانە، لەو كاتەدا ژمارەیەكی زۆریان دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
❊ لەعەنكاوە ئەوەی سەرنجی راكێشام، زۆری ئاوارەكان بوو كە لەخەڵكی عەنكاوە زیاترن؟ سەرۆك بارزانی: بەڵێ راستە، زۆربەشیان مەسیحین لەدەورووبەری مووسڵ لەحەمدانیە و تلكێف، ئێمە دەتوانین رزگاریان بكەین، بەڵام هێشتا لەژێر نیشان و مەودای داعشن، بۆیە ئەگەر رزگاریشیان بكەین ناكرێ بگەڕێنەوە تا مووسڵ ئازاد نەكرێت. ئێمە بەلەباوەشگرتنی ئاوارەكان ئەركێكی نیشتیمانی ومرۆیی ئەنجام دەدەین، بەڵێ ئەو بارودۆخە بۆتە بارێكی قورس لەسەر هەرێم، بەڵام ئەوان بەشێكن لە ئێمە و دەبێ بیانپارێزین، بۆیە پێویستە لایەنی نێودەوڵەتیش یارمەتیمان بدەن، چونكە ئاوارەكان ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە 2 ملیۆن.
❊ ئاوارەكان جۆراوجۆرن واتا لەئایین و تایفەی جیاجیان، ئایا ئەمە گرفت بۆ هەرێم دروست ناكات؟ سەرۆك بارزانی: نەخێر بەپێچەوانەوە، ئەمە خاڵی گرنگی شانازیە بۆ ئێمە بەهەبوونی كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی و قبووڵكردنی بەرامبەر، ئەمەش رەنگدانەوەی كولتووری خەڵكی كوردستانە، هەندێك گوند ولادێ هەن لەكوردستان چەندین نەتەوە و ئایین لەخۆ دەگرن و بەبرایەتی و ئارامی و لێبوردەیی دەژین.
❊ ئەگەر دیموگرافیا گۆڕدرا، واتا ئێزدی و مەسیحی نەگەڕانەوە و لەكوردستان مانەوە و شوێنەكانی دیكەش كە كورد و عەرەبی تیادایە هەمان شتی بەسەر هات، بارودۆخ ئەوكاتە چی دەبێت؟ سەرۆك بارزانی: هیچ گۆڕانكاریەكی دیموگرافی روونادات، مەسیحیەكان لەوڵاتی خۆیاندان ئەگەر ویستیان بمێننەوە بابمێنن، لاریمان نیە.
❊ هەندێك پرسیاری تایبەتیتان ئاراستە دەكەین، جەنابی سەرۆك دوای ئەو هەموو تەمەنە دیسان گەڕانەوە بەرەكانی شەڕ، ئێوە ویستتان بێینە ئەم شوێنە و ئەو رێگەیە ببڕین، چی وای لێكردن خۆتان بچنە بەرەكانی شەڕ، لەكاتێكدا پێشمەرگەیەكی زۆرتان هەیە؟ سەرۆك بارزانی: كاتێك وڵات تووشی مەترسی دەبێت، بۆ من و بۆ هەر بەرپرسێكی دیكە، ئەولەویەت بەرگریكردنە لەوڵات، هەبوونی منیش لەبەرەكانی شەڕ یارمەتی بەرزكردنی ورەی پێشمەرگە دەدات و ئەمەش لەئەولەویاتی ئەركی منە.
❊ پێشبینی گەڕانەوەتان بۆ بەرەكانی شەڕ دەكرد؟ سەرۆك بارزانی: بەڕاستی پێشبینی هێرشی لەمجۆرەم نەدەكرد ، بەڵام لەڕووی دەروونیەوە هەموو كاتێك بۆ ئەم بارودۆخە ئامادەبووم.
❊ ئایا لەبارودۆخی هەرێمی كوردستان نیگەرانن؟ سەرۆك بارزانی: من لەبارودۆخی تەواوی ناوچەكە نیگەرانم، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان دڵنیام پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان بەهەر نرخێك بێت خاك و وڵاتی خۆیان دەپارێزن، بەڵام بارودۆخ بەگشتی زۆر ئاڵۆزە، تەنانەت لەبەرایی ئەمساڵەدا لەداڤۆس من هۆشداریم دایە هەموو ئامادەبووانی ئەو سیمینارەی بەشداریمان تیادا كرد لەبارەی مەترسی تیرۆر كە بەداخەوە روویدا.
❊ مێژووی خانەوادەی بارزانی پڕە لەخەبات و شەهید و خوێن، ئایا خۆشتان بە هەڕەشەلێكراو دەزانن؟ ئایا ئامانجن بۆ تیرۆریستان؟ سەرۆك بارزانی: هەموو كاتێك ئامادەم لەپێناو نیشتیمانی خۆمدا بمرم، من هەڕەشەم لێدەكرێت، بەڵام ناترسم.
❊ كێن دوژمنانت؟ سەرۆك بارزانی: دوژمنانی گەلی كورد و دوژمنانی مرۆڤایەتی دوژمنی منن.
❊ زۆر سوپاس بۆ ئهم چاوپێکهوتنه و هێنانه ژوورهوهمان بۆ ئهم بهرهی شهڕه.... سوپاس.سهرۆک بارزانی : سوپاس.
❊ ههروهها سوپاس بۆ ههموو ئهو ئاسانکاریانهی لهبهرهکانی تردا لهگهل پێشمهرگه، سوپاس بۆ جهنابتان... سوپاس.سهرۆک بارزانی : سوپاس.
بۆ بینینی دەقی دیداری سەرۆك بارزانی كلیكی ئەم نووسینە بكە