ب ناڤێ خودێ مەزن و دلۆڤان
ئامادەبوانی بەڕێز
سوپاس بۆ رێكخستنی ئەم دەرفەتە كە ئەمڕۆ لەگەڵتان ئامادە بم بۆ یادكردنەوەی خانمێكی زۆر زۆر بە قیمەت، خانمێك كە بەڕاستی وەكو دایكی كورد رەفتاری كرد .
یەكەمجار كە من بەخزمەتی گەیشتم ساڵی 1989 بوو كاك كەنداڵ نزان دەرفەتی بۆ رێكخستین ومن چوومە پاریس، كە چوومە خزمەتی مەدام میتیڕان، بەڕاستی بۆ من جێی سەرسورمان بوو ، من بە تەما بوون باسی مەینەتیەكانی گەلی كوردستانی بۆ بكەم ئەو چەند رۆژێك بوو لە كەمپی ئەو ئاوارە كوردانەی هاتبوونە توركیا چووبوو سەردانی كردبوون و گەڕابووەوە كە باسی مەینەتی ئەوانی دەكرد فرمێسك لە چاوانیدا دەهاتە خوارەوە و ئەوەش بۆ من سەیر بوو چونكە بەڕاستی تا ئەو كاتە من نەمدیبوو كەسێكی بێگانە فرمێسك بۆ كورد بڕێژیت .
بۆیە وەكو كورد وەكو كوردستانی ئێمە هەمیشە قەرزداری ئەوین و یادی هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و هەروەها كە یەكەمجار بە خزمەتی سەرۆك میتیران گەیشتم پێم گوت: جەنابی سەرۆك، كە چوومە وڵاتی خۆم چ بە خەڵكی كوردستان بڵێم؟ گوتی : پێیان بڵێ فرانسوا میتیران دۆستێكی نزیك ودڵسۆز و پشتیوانی ئێوەیە.
پەیوەندی كوردستان وفەڕەنسا پەیوەندیەكی كۆنە و هەمیشە ئێمە فەڕەنسامان وەكو دۆست و پشتیوان بینیوە بۆ گەلەكەمان. لەبیرتانە پارساڵ كە كوردستان كەوتە بەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، سەرۆكی فەڕەنسا لە كاتێكی زۆر هەستیاردا هاتە هەولێر و ئەمەش دڵگەرمیەكی زۆری بە ئێمە بەخشی و پشتیوانیەكی گەورە بوو بۆ خەڵكی كوردستان.
ئێستاش كە ئێمە دەبینین فەڕەنسا بۆتە ئامانجی هەرە سەرەكی تیرۆریستان ئەوە بێگومان لەبەر هەڵوێستی مەردانەی فەڕەنسایە بەرامبەر تیرۆر، لێرەدا من بە گەرمی سەرەخۆشی لە گەلی فەڕەنسا و سەرۆكی فەڕەنسا دەكەم بۆ ئەو قوربانیانەی لە ئەنجامی ئەو كارە تیرۆریستیەی پاریس گیانیان لە دەستدا.
سەرەخۆشیان لێدەكەین و ئەمەش دەری دەخات تیرۆریستان دوژمنی هاوبەشی هەموومانن و پیویستە هەموو جیهانی ئازاد لە دژی ئەم تیرۆریستانە لەیەك سەنگەردا بن و من دڵنیام مەسەلەكە مەسەلەی كاتە ئەگینا من دڵنیام تیرۆریستان هیچ ئایندەیەكیان نیە نە لێرە و نە لەناوچەكە و لە هەموو جیهانیش.
من زۆر سوپاستان دەكەم بۆ بانگێهشتكردنتان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە و ئومێدەوارم هەمووتان كاتێكی خۆش ببەنە سەر و زۆر سوپاستان دەكەم بەخێربێن.
بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئێرە دابگرە