ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاتریك سیمۆن باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو دیدارەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و پرسی ڕیفراندۆم خرایە بەر باس و گفتگۆ و باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند كە هاوسۆزە لەگەڵ ماف و داواكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا پاڵپشتیكردنە لە بەردەوامبوونی دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا و باسیشی لە كۆمەڵێك بۆچوون كرد لەمەڕ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم و پشتیوانیی یەكێتیی ئەوروپایشی دەربڕی لە هەر ڕێككەوتنێك كە لەنێوان هەرێم و بەغدا بێتە ئاراوە و ڕایشیگەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا ئامادەی پێشكەشكردنی ئاسانكارییە لەو بارەیەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەوە پەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ڕیفراندۆم پرسێكە لەسەرووی هەموو پرس و كێشەی تر. هەروەها گوتیشی بەهۆی ئەزموونی بێهەژمار و پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و دەستوور گەلی كوردستان لەگەڵ بەغدادا گەییشتووەتە بنبەست و نائومێد بووە و بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكی ڕەوایە و لەگەڵ هیچ یەك لە پڕەنسیپە دیموكراتی و مرۆڤییەكانی سەردەم ناكۆك نییە و جەختیشی لە یەكلاییبوونی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ـی 9ـی 2017 كردەوە.
|