ڕۆژی شەممە ١٦ـی٩ـی٢٠١٧ لە شاری دهۆک، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا و شنگال کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وسەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز كۆ دەبمەوە لەو بارودۆخە هەستیارەدا و خۆشحاڵیەكی زۆر گەورەیە لە دڵم كە لەگەڵ ئەو كۆمبوونە پیرۆزە كۆ ببمەوە كە لە چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی پێك دێت.ئەمەش بەڵگەیەكی روونە بەوەی ئەو كولتوورەی لەسەری گەورە بووین و پەروەردە بووین، كولتووری پێكەوەژیان وخۆشەویستی و قبووڵكردنی بەرامبەر و هەبوونی ئازادی ڕەها بۆ هەر كەسێك بە هەڵبژاردنی هەر ئایینێك و مەزهەبێك كە باوەڕی پێیە و بە مومارەسەكردنی سرووتە ئایینییەكان وەك ئەوەی باوەڕی پێیەتی و پێشم وایە ئەمە یەكێكە لەو دەستكەوتە مەزنانەی لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و پێویستە ئەو كولتوور و عەقلیەتە بپارێزین كە گەل و وڵات دەپارێزێت.
ئەمڕۆ پرسی ریفڕاندۆم گرنگترین پرسی سەر گۆڕەپانی سیاسیە و ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەموو تاكێكی ئەو كۆمەڵگایەوە هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆ ئەو بڕیارە درا و كێ ئەم بڕیارەی دا؟ ئەم بڕیارە بە كۆدەنگی درا و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەكانی گەلی كوردستان لەو بڕیارەدا بەشدار بوون. ئەم بڕیارە بە كۆ دەنگی درا و هیچ كاتێك نەمانگوتووە ئەمە بڕیاری یەك تاكە كەس و یەك حزب و دوو حزبە، بەڵام بۆچی ئەو بڕیارە درا؟ لەبەر ئەوەی هەموو هەوڵەكانی پێشوو شكستیان هێنا و هەموو شێوازێكمان لەگەڵ بەغدا تاقی كردەوە لا مەركەزی و ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و لە ئەنجامدا هەموویان شكستیان هێنا و ئەگەر بارودۆخ ئاوا بەردەوام بوو ترسی ئەوەم هەیە تووشی هەندێك گرفت و رووداو بین كە هیوادارم نەیانبینین.
زۆر سەیرە ئەو هەستیاری و ئینكارە ببینین بەوەی رێگە نادرێت گەلێك بە شێوەیەكی ئازاد تەعبیر لە ویست و خواستی خۆی بكات بۆ بڕیاردانی چارەنووس، ئەمە مومارەسەیەكی دیموكراسی مرۆیی و ئاشتیخوازانەیە، كەواتە زەرەر لە كوێیە؟ ئەو مومارەسە دیموكراسیە هەڕەشە لە كێ دەكات؟ تەنها دەگەڕێینەوە سەر یەك خاڵ ئەویش ئینكاری مافی گەلێكە نەوەك شتی دیكە.
كاتێكیش داوای دواخستنمان لێدەكەن هیچ گومانتان نەبێ ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ریفڕاندۆم نەبێ سبەش لەگەڵ نابێت. ریفڕاندۆم بە واتای دیاریكردنی سنوور نایەت بەڵكو دەرگا بۆ دیاڵۆگی جیدی و بونیادنەر دەكاتەوە بە دڵ و بیری كراوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی دراوسێیەتی باش و ئیجابی لە نێوانمان دا دروست چونكە نەمانتوانی هاوبەشی راستەقینە بونیاد بنێین.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە : ئایا دەكرێ ئیدیعای هاوبەشی و برایەتی لەو وڵاتەدا بكەین كەچی لە ڕاستی دا ئێمە هەمیشە لەشەڕ و ناكۆكی داین بۆ هەموو شتێك؟ یان شێوازێكی دیكەی ژیان و پەیوەندی رێزگرتن لەیەكتر و هاوكاری بدۆزینەوە؟ كامیان باشترە؟
وەك گوتم ریفڕاندۆم واتای دیاریكردنی سنوور نایەت، بە هیچ شێوەیەكیش بە واتای سەپاندنی نەتەوەیەك نایەت دژی نەتەوە و ئایینی دیكە كە ئیرادەی بەسەر هەمووان دەسەپێندریت. ناوچەكەتان ناوچەی دەشتی نەینەوا یەكێكە لەو ناوچانەی كە تەركیزی زۆری لەسەر دەكرێت و بۆتە نموونەیەك بۆ برایەتی و پێكەوەژیان و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی، ئێوە بڕیاری لە ویست و چارەنووس و ئایندەتان دەدەن، هیچ كاتێك هیچ شێوازێكی ژیانتان بەسەردا ناسەپێنین بە هەر شێوەیەكیش بێت و هەر كەسێكیش چی بكات و چی بڵێت ئێمە هیچتان بەسەردا ناسەپێنین. بەڵام لە هەمان كاتیش دا رێگە بە كەسانی دیكە نادەین بێن و شێوازی دیكەمان بەسەردا بسەپێنن بە قۆستنەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستا . بڕیار بڕیاری ئێوەیە ئێوە بڕیار دەدەن چیتان دەوێت و لەگەڵ كێ دەبن و چۆن دەتانەوێ ژیانی خۆتان بەسەر ببەن و بە چ شێوەیەك .
ئەمڕۆ هاتمە لاتان بۆ ئەوەی بە راشكاوی قسەتان لەگەڵ بكەم، ئێوە هەموو ئازیزی ئێمەن و بەڵێنتان پێدەدەین ئەگەر دەوڵەتی كوردستانتان هەڵبژارد پەنا بە خوا بێگومان بن لەوەی ئەم دەوڵەتە دەبێتە دەوڵەتێكی یەكسانی و هاووڵاتی بوون نەوەكو دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی، دەبێتە دەوڵەتێك بۆ كورد وعەرەب و توركمان و موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و هەموو نەتەوە و ئایینەكان، ئەگەر شێوازێكی تایبەتتان بە خۆتان هەڵبژارد ئەو كاتیش لاریمان نییە، دەتانەوێ لەگەڵ حكومەتی عیراق بن ئەوساش ئەوە بڕیاری ئێوەیە، من هاتمە لاتان پێتان بڵێم هیچ كەسێك نییە شێوازێكی دیاریكراوتان بەسەر بسەپێنێت بەڵكو خۆتان بڕیار دەدەن . و ئەگەر بڕیاری ئەوەتان دا لەگەڵ كوردستان بن ئامادەین هەموو گەرەنتیەكتان پێ بدەین كە خۆتان داوای دەكەن. هاوكات گەرەنتی و بەڵێنتان پێ دەدەین كار ئاسانیشتان بۆ بكەین و یارمەتیشیتان دەدەین ئەگەر شێوازێكی تایبەتتان هەڵبژارد.
بەڵام گرنگ ئەوەیە پەرەسەندنی بارودۆخ هەر چۆنێك بێت پێویستە گیانی برایەتی و خۆشەویستی و هاوكاری پارێزراو بێت و ئەگەر ناكۆكی لە نێوان سیاسەتمەداران هەبوو، وەك ئەوەی ئێستا لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا هەیە ناكرێ ئەم ناكۆكیە بەسەر پەیوەندی نێوان گەل و نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكان دا بشكێتەوە، بەڵێ كەسانێك هەن هەوڵی ئەوە دەدەن بارودۆخ بەرەو ئاقارێكی ترسناك ببەن و زمانێكی هەڕەشە ئامێز بەكار دێنن و زمانێكی زۆر نزم لە قسەكردن بەكار دێنن بۆیە ناكرێ بە دوای ئەو هەوڵە نەزۆكانەدا بڕۆین.
ئێمە لەگەڵ عەرەب براین، لەگەڵ توركمان براین، ئێمە برا و دۆست و هاوكارین لە هەموو شتێك دا، لەگەڵ مەسیحیان ئێمە براین، كاتێك ئاماژە بەم دەستەواژانە دەكەم بە واتای ئەوە نییە ئەوانی دیكە رەت دەكەمەوە، برایانی شەبەك بۆ نموونە لە ڕووی نەتەوەییەوە كوردن بەڵام لە ڕووی مەزهەبەوە شیعە و سوننەیان تیادا هەیە و ئەمەش خۆیان لەو بڕیارە ئازادن و هیچ كەسێك ناتوانێت دەست لەو پرسەدا وەربدات، كاكەیی مەزهەبی خۆیان هەیە بەڵام بە نەتەوە كوردن، كاتێكیش باسی عەرەب و توركمان دەكەم واتای ئەوە نییە ئەو برایانە لە یاد بكەم، بەڵام كەباسی ئایین و مەزهەب دەكەین ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە بۆ كاكەیی و ئێزیدی و شەبەك .
ئێمە بە ئەزموونی زۆر تاڵدا تێپەڕین و هیوام نەدەخواست بارودۆخ بگاتە ئەو ڕادەیەی كە دەیبینین، قەسەم بە خوا ئەگەر بمزانیبا و دڵنیا بام بەوەی ئەو بارودۆخە وای بەسەر نایەت و باشتر دەبێت و پەلاماری كوردستان نادرێت لەوانەیە لە ژیان لەگەڵ عێراق بەردەوام باین سەرەڕای هەموو گرفت و تەنگ و چەڵەم، بەڵام زۆر باش دەزانین ئەو كەسانەی ئەمڕۆ بڕیار بەدەستن نییەتیان چییە و چییان بۆ ئێمە شاردووە.
ئەوان دەیانەوێ بگەڕێینەوە هیڵی سەوز، ئەو ناوەی برێمەر كاتی خۆی بەكاری هێنا، دەزانن هیڵی سەوز چیە؟ ئەمە هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقە لەسەردەمی بەعس دا ئەمەش واتای ئەوەیە كە دەبێ بگەڕێینەوە ئالیوكا و بە مووشەكی هاوەن بمبارانمان بکەن و ئەگەر پێیان خۆش بێت ئەگەر بۆ گاڵتەش بێت لە هەر كاتێك بیانەوێ دەتوانن چەند مووشەكێكی هاوەن ئاراستەی شاری دهۆك بكەن، هیڵی سەوز سنووری كوردستان نییە و ئەو سنوورە قبووڵی ناكەین كە برێمەر ناوی لێ نا، ئەمە هێڵی تەماسە، لە هەمان كاتیشدا ریفڕاندۆمیش سنوور دیاری ناكات، بەڵكو بە تەفاهوم و دیاڵۆگ و ویستی خەڵكی ناوچەكە دیاری دەكرێت.
لە کۆتاییشدا دەرگای پرسیار بۆ ئامادەبووان کرایەوە و دواتریش سەرۆک بارزانی وەڵامی سەرنج و پرسیارەکانی دایەوە.
بۆ بیستنی دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پەنجە لیرە دابگرە.