بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری تێكۆشەری كوردستان. خوشك و برایانی ئازیز پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی یەكە یەكەتان دەكەم بەبۆنەی نەورۆزی پیرۆز، ئومێدەوارم ئەم جەژنە ببێتە جەژنی خۆشی و بەختەوەری وبرایەتی و تەبایی هەروەها پیرۆزباییەكی گەرم لە جەماوەری تێكۆشەری كەركووك دەكەم بەبۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر رزگاركردنی كەركووك لەكاتی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دا. ئەم پەیامەی من، پەیامی ئاشتی و برایەتییە. پەیامی یەكڕیزی و یەكتر قبوڵكردنە. شكستی ئێمە لەوەدایە كە دژی یەكتر بین
خوشك و برایان..
ئێمەی كورد و كوردستان سەدەها ساڵ خەباتمان كرد، شەهیدمان دا، شۆڕش لەدوایی شۆڕش سەركردەی زۆر گەورە هەڵكەوت، بەڵام هیچ یەكێك لەو شۆڕشانەی ئێمە بەئەنجام نەگەیشتن، هۆیەكەش تەنها و تەنها، لەبەر ئەوەبوو كە ئێمە یەكنەبووین بەڵام لەبەهاری ساڵی 1991 دا ئێمەی كورد و كوردستانی بووین بەیەك لەماوەی حەوت رۆژدا هەرچی دامودەزگای رژێمی بەعسە رایانماڵین و كوردستان رزگاركرا، ئێستا وا ئێمە سەربەست و ئازادین لەكوردستانی خۆشەویستدا ئەمە دەبێ بێتە دەرسێكی هەمیشەیی لەیادمان بێت و لە بەرچاومان بێت، كە ئێمە تەنها تەنها یەكێتی و یەكڕیزی و بەبرایەتی سەردەكەوین، شكستی ئێمە لەوەدایە، كەدژی یەكتری بین. بەرنامەی چاكسازی
خوشك و برایانی بەڕێز.
بەدەرفەتی دەزانم كە ئەو بەرنامەیەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامانڕشتووە بۆ چاكساری و بەردەوامبوون لەسەر چاكسازی پێتان رابگەیەنم، هەروەكو رۆژی 11ی ئادار لە هەولێر عەرزی ئێوەی بەڕێزم كرد كە پەنا بەخوا لەماوەی 3-4 مانگی دیكە ئێوە ئەنجامەكان دەبینن. ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە دەستبەجێ حكوومەتی هەرێم دەست دەكات بەجێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە. خاڵەكان ئەمانەن.. ❊ پێداچوونەوە بەوەزعی حكوومەت و تەعدیل وەزارییەكی بنەڕەتی ❊ لادان و خانەنشین كردن و گواستنەوە لە هەموو دەزگاو دائیرەكان و پابەندبوون بە تەمەنی خانەنشینی و زنجیرەی وەزیفی.
❊ ئەنجوومەنی راژە دابمەزرێت و كارا بكرێت و هەرچی دامەزراندن هەیە لەسەر بنەمای تواناو دادپەروەری بێت و بەهیچ شێوەیەك تەزكیەی حزبی نەمێنێت. ❊ چاودێری دارایی كارا بكرێت و دەست لەسەر هەموو موخالەفات دابنێت. ❊ كۆمیسیۆنی نەزاهە بەپەلە دابمەزرێت و داواكارم لەپەرلەمان بەپەلە ئەو پڕۆژە یاسایەی كە لایانە ئیقراری بكەن بۆ ئەوەی كۆمیسیۆنی نەزاهەش دەست بەكاری خۆی بكات.
❊ داواكاری گشتی بەتەواوی بكەوێتە كارو بێتە مەیدان.
❊ هەرچی تەندەر هەیە بە شەفافیەت رابگەیەنرێت و بەهیچ شێوەیەك نەدرێ بەهیچ لایەنێك یا هیچ كەسێك لەبەر پێگەو نفوزو خزمایەتی یا لەبەر هیچ هۆیەك و لیژنەیەك دادەنرێ بۆ چاودێری كردنی هەموو ئەو تەندەرانەو بەهیچ شێوەیەك نابێ تەندەر بفرۆشرێتەوە بودجە هەمیشە بەشەفافیەت ئامادە دەكرێ و دەدرێتە پەرلەمان هەروەها پێویستە هەموو گرێبەستەكانی نەوت و غاز شەفاف بێت.
❊ تەرخانكردنی زەوی كشتوكاڵی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بۆ بەرژەوەندی چەند كەسێك دەبێ رابگیردرێ و لێكۆڵینەوەش لەو پڕۆژانە بكرێ كە پێشتر دراون. ❊ كۆمپانیا گەورەكان كە قۆرخیان كردووە، دەبێ بەشێك بكەنە پشك و بیدەن بەخەڵكێك.
❊ كەرتی تایبەت بەشدار بێت لە دامەزراندنی گەنجەكانمان و پەرلەمان یاسایەك دەربكات بۆ ئەوەی كەرتی تایبەتیش پابەندبێت بەدابینكردنی ئایندەی ئەو گەنجانە وەكو مافی خانەنشینی.
❊ زۆرجار دەبیستم خۆراك و دەرمانی ماوە بەسەرچوو لەفڵان خاڵی سنووری هاتۆتە ناو هەرێمی كوردستان من داواكارم و داواشم كردووە لەحكوومەتی هەرێم كە لێكۆڵینەوەیەكی جدی بكرێ، كەكێ موسەبیبەو هەر كەسێ بێت دەبێ بدرێتە دادگا، چونكە ئەمە كارێكی زۆر ناڕەوایە.
❊ پێداچوونە بەپاسەوانی بەرپرسەكان بكرێت و رێكاری بۆ دابندرێت. ❊ لێكۆڵینەوە لەو پڕۆژانە بكرێ كە تەواو نەكراون یا گەمەیان تێداكراوە. ❊ هەرچی زەویە بەموساتەحە دراوە لێكۆڵینەوەی لێدەكرێ و بەپێی یاسا رێوشوێنی لەگەڵدا دەكرێ.
❊ رۆتین لەدائیرەكان نابێ بمێنێ و فەرمانبەرەكان دەبێ لەخزمەتی خەڵكەكە دابن و بەزوویی ئیشوكاری خەڵك راپەڕێنن. ❊ هەموو حزبەكان دەبێ سەرچاوەی دارایی خۆیان ئاشكرابكەن. هەروەها رۆژنامەو گۆڤارو كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن.
❊ بۆ هیچ حزبێك نییە پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتێك دروست بكات، پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتەكان لەرێگەی حكوومەتی هەرێمەوە دەبێت، حزب دەتوانێ تەنها پەیوەندی لەگەڵ حزب دروست بكات.
❊ دەكرێ پەرلەمان بەیاساكان دابچێتەوە و هەمواریان بكات و هەرچی لەبەرژەوەندی گەلی كوردستان دابێت ئەوە بكات.
❊ پەرلەمان كاربكات بۆ هەمواركردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 و حكوومەت بەزووترین كات وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان رادەگەیەنێ. خوشك و برایانی بەڕێز..
ئەمانە هەندێك لەو خاڵانەن كە دەستبەجێ دەست دەكرێ بەجێبەجێكردنیان و پێشتریش حكوومەتی هەرێم دەستی كردووە بەچاكسازی و زۆرشتیش كراوە ئومێدەوارم ئەمانەش هەروەكو بەڵێنمان داوە لەماوەی 4-3 مانگی دیكە بەخۆتان ئەنجامەكانی ببنن.
بۆ یەكخستنی لەشكرو ئاسایش و دەزگاكانی دیكەو نەهێشتنی شوێنەواری دوو ئیدارەیی لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئێمە رێككەوتووین كە بەرنامەیەكی رێكوپێك دابنێن پەنا بەخوا پێش كۆتایی ئەمساڵ ئەو بەرنامەیەش تەواو بكەین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەنی یەك لەشكرو یەك دەزگای ئاسایش و هیچ شوێنەوارێكی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت.
ئومێدەوارم پەرلەمان هەرچی زووە یاسای ئاسایش كە لە بەردەمیانە پەسندی بكات بۆ ئەوەی ئێمەش دەست بەجێبەجێ كردنی بكەین.
لیژنەیەك دروستدەكرێ لەچەند پسپۆرێك بۆ ئەوەی هەرچی سكاڵا یا پێشنیارێك هەیە لەهاووڵاتیانەوە یا لە هەر كەس و لایەنێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی پڕۆسەی چاكسازی، ئومێدەوارم هاوكارییەكی تەواو لەگەڵ ئەو لیژنەیە بكرێت و ئەو لیژنەیەش راستەوخۆ سەر بەسەرۆكایەتی هەرێم دەبێت.
ڕووی شارستانی خۆتان پیشان بدەن رووم لەخەڵكی بەشەرەفی شاری سلێمانی دەكەم و پێیان دەڵێم ئێوە خۆشەویستی ئێمەن، خوشك و برای ئێمەن، شانازیتان پێوە دەكەین. خۆپێشاندانی ئێوە كارێكی رەوایە و هەركەسێك هەرمیللەتێك كاتێ كەهەست بكات غەدری لێكراوە مافی خۆیەتی داوای مافی بكات خۆی بكات، چ لەسلێمانی یا لەهەر شوێنێكی دیكە لە كوردستان خەڵكی ئێمە دەبێ ئازادبێت، بەڵام لەهەمانكاتیشدا تكایەكی برایانەم لە هەمووتان هەیە. ڕووی شارستانی خۆتان پیشان بدەن، مەهێڵن توندوتیژی ڕووبدات، نە خۆپێشاندەران پەنا بەرنە بەر توندوتیژی نە پۆلیس و ئاسایشیش دەست بە توندوتیژی بكەن یا بە توندوتیژی ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران ببنەوە. ئەوەی من بزانم شاری سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی لەسیەكان و چلەكان و لەكاتی كەرژێمی ئەو سەردەمی ئێراق بەپێی ئەحكامی عورفی حوكمی ئیعدامی دەركردبوو بۆ هەركەسێك جامانەی سووری لەسەر بێت لەو سەردەمانەدا سلێمانی جامانەی سوری پاراست و لە باوەشی گرت.
من قەت ناتوانم قەناعەت بكەم لە 2011 لەشاری سلێمانی خەڵكی سلێمانی جامانەی سوور بسوتێنن، ئەوەی ئەم كارەی كردووە من دڵنیام بۆ فتنەبووەو كەسێكە دوورە لە سلێمانی و من دڵنیام هەر خودی خەڵكی سلێمانی رێگە بەو كەسانە نادەن و جامانەی سوور دەپارێزن و چونكە هیچ نەبێ كفنی هەزارەها شەهید بووە.
وەرن با قسە بكەین و لەیەكتر تێبگەین خاڵی دیكە تكای برایانەم لە هەموو لایەك ئەوەیە جارێكی دیكە دەڵێم توند و تیژی بەكار نەهێت بەرد باران كردن و سوتاندنی بارەگای حزبەكان و پەلاماردانی دام و دەزگاكاكانی حكوومەت ئەمە روویەكی ناشارستانی پیشان دەدات، بەڵێ من تێدەگەم لەوانەیە زۆر كەسی وا هەیە خوێن گەرمە و زۆری لەدڵ دایە بەڵام ئەمە رێگەی راست نییە رێگەی راست ئەوەیە تۆ داوای خۆت بكە بەڵام پەنا مەبەبەر توندوتیژی، ئێمە هەموو برای یەكدین و كەسوكاری یەكدین، من خۆم حازرم لەگەڵ هەركەسێك دانیشم و سەردانی هەركەسێك بكەم پێشوازی لە هەموو كەسێك بكەم گوێ لەئێش و ئازارو داواكاریتان بگرم و حازریشم پشتیوانی لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانتان بكەم چونكە ئەركی منە ئەركی حكوومەتی هەرێمە هیچ منەتێكی تێدانییە بەڵام وەرن باقسە بكەین لەیەكتر تێبگەین. بەم ڕاگەیاندنە كوردستان بەرەو كوێ دەچێ؟
قسەی دیكەم بۆ حزبەكانە. داوا لەهەمووتان دەكەم ئەو راگەیاندنە كە هەمووی توندوتیژی و هێرشكردنە سەریەكتری راگرن لەجیاتی ئەوە زمانی برایەتی و تەبایی و یەكڕیزی بگرنەبەر، خەڵكەكەوا جۆش دەن بۆ تەبایی و برایەتی نەوەك بۆ دژایەتی یەكتری. باش بیربكەنەوە ئایا بەم سیاسەتە بەرەو كوێ دەچین ئێمە، كوردستان بەرەو كوێ دەچێ؟ لەبەر ئەوە تكام وایە بەرپرسیارانە هەست بكەن، هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆتان بكەن فەرموو.
حزبەكان پێكەوە دانیشن باسی ئەوە بكەن، چاكسازی فەرموون وەرن ئەوە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمە پشتگیریمان بكەن بۆ ئەوەی ئەو چاكسازییە ببەینەسەر. حكوومەتێكی بنكە فراوان من لەگەڵ ئەوەدام، حكوومەتێكی بنكە فراوان دروست بكرێ. گۆڕانكاری بكرێ لەوەزعەكە دەگەڕێینەوە بۆ سندوقی دەنگدان و رای خەڵك. من پێموایە ئەمەیە رێگای راست حەزیش ناكەم ئەجێندەی حزبەكان تێكەڵاوی داوای رەوای خەڵك بكرێ.
ئەوەی ڕابردووی خۆی نەزانێ ئایندەشی پێ دروست ناكرێ بەنیسبەت ئێوە گەنجانی خۆشەویست خۆم زۆر باش تێدەگەم، ئەو جەویەی ئێوە تێیدا گەورەبوون زۆر جیاوازە لەگەڵ كەشی پێشتر بەڵام بەنیسبەتی ئێمە وەكو كورد یا هەر میللەتێكی دیكە ئەگەر رابردووی خۆی نەزانێ ناتوانێ ئایندەی خۆشی دروست بكات. ئەم رەوشە بەخوێن و فرمێسك هاتۆتە دەست ئێوە ئەمڕۆ گەنجن، بەڵام گەنجی وەكو ئێوە پێش 30 ساڵ و 40 ساڵ لەشاخ بوون لەژێر فرۆكەو تۆپی دوژمن دابوون، شەهید بوون ئەزیەتێكی زۆر، میللەتەكەتان هەمووی لەژێر شەڕێكی وا دابوو بەرەو قڕكردنی گەلی كوردستان دەچوو، بەڵام بەخۆڕاگری ئەو گەلە و قارەمانیەتی پێشمەرگە سوپاس بۆخوا دوژمن شكا من دەزانم ئەوەی ئەمڕۆ ئینتەرنێتی لەدەستە بە فیس بووك پەیوەندی بە هەڤاڵەكانی خۆی لەناوەو دەرەوە دەكات وەكو ئەو پێشمەرگەیە نییە كە تفەنگی بەشانەوە بوو هەموو ساتێك چاوەڕوانی ئەوەبوو كەی شەهید دەبێت. گەنجانی خۆشەویست
ئێوە خۆشەویستی ئێمەن، ئەو گەنجانەی پێشی ئێوە تا ئەمڕۆ هێناویانە راستە دنیا گۆڕاوە، لەمەودوا ئێوە كاروانەكە تەواو بكەن، بەڵام رابردووی خۆتان نەسڕنەوە. ئێوە خۆشەویستی ئێمەن، كوڕی ئێمەن، چاوتان ماچ دەكەم ئایندە لەسەرشانی ئێوەیە.
لە سەرۆكایەتی هەرێم مەبەستم بوو ئەو ئامانەتانە بەجێ بگەیەنم.
خۆشك و برایانی خۆشەویست جەماوەری تێكۆشەر من كەقبوڵم كرد بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەم نەبوو پێم بڵێن سەرۆكی هەرێم و بمبە حاكمی كوردستان من مەبەستی ترم هەبوو، ئەویش خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە.
1- هەموو هیواو ئاواتم ئەوەبوو، شەڕی خۆكوژی شەڕی ناوخۆی كورد نەهێڵم.
2- ماڵی كورد رێكبخەینەوەو شوێنەواری شەڕەكانی خۆكوژی نەهێڵین. 3- پەیوەندییەكی دیبلۆماسی لەسەر بنەمایەكی تۆكمە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروست بكەین.
هەموو مەبەستی من ئەوەبوو ئەو چەند ئەمانەتانە بەجێ بگەیەنم هەڵسەنگاندنەكەش بۆ خەڵكی كوردستان بەجێدهێڵم، ئەگینا من ئێستاش پێتان دەڵێم و پێشتریش گوتوومەو لەمەو دواش هەركاتێك ئێوە مەزندە بكەن بوونی من لەسەرۆكایەتی هەرێم كۆسپە لەرێی پێشڤەچوونی رەوشی هەرێمی كوردستان كەس لەمن ئاسانترنییەو من خۆم پێتان دەڵێم خواحافیز من ئێستاش دەڵێم من خۆم نەبەسەرۆك دەزانم نە بەحاكمی كوردستان دەزانم من پێشمەرگەی كوردستانم و برای هەمووتانم.
لەكۆتاییدا جارێكی دیكە جەژنی نەورۆز لەهەمووتان پیرۆزبێت جارێكی دیكە پەیامی ئاشتی ئاراستەی هەموو لایەك دكەم هەموو پێكەوە رووبكەنە دیالۆك و پێكەوە دانیشن، فەرموو وەرن با كوردستانی خۆشەویست ئاوەدانتر بكەین و بەختەوەرتری بكەین و برایەتیمان قوڵتربكەین. سڵاوی خواتان لێبێت
|