بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
خوشك و برا خۆشەویستەكانم
جێگەی خۆشحاڵی و ئومێدێكی زۆرە كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە هەندەران بۆ پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی گەلەكەمان لێرەدا كۆبوونەوتەوە و دەستخۆشیتان لێ دەكەم و سوپاستان دەكەم. دەنگی ئێوەی سەربەرز پشتگەرمی و هێز دەداتە خوشك و براكانتان لە كوردستان. ئەمڕۆ میللەتەکەمان لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیارادایە، لە 25ی سێپتەمبەری داهاتوو ریفراندۆم دەکرێت بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری گەلی كوردستانە، بڕیاری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانە و سەروەرییەکی گەورەی دیکەیە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا.
ریفراندۆم ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر کە سەربەخۆییە، ئەمەش تەنها بۆ خەڵکی کورد نییە، بۆ هەموو ئەو نەتەوە و ئایینانەیە کە لە کوردستاندا دەژین. گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بە مەرجی شەراكەت ژیانێكی ئارزوومەندانەی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا هەڵبژارد. دوای سەد ساڵ بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە نەهامەتی و ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید و قڕكردن بوو. هەموو هەوڵەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێ ئاکام بوون و، ئەو مافانەی کە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە کە ژیان و ئازادییە، لێمان زەوت کرا، گەلی كوردستانیش ژێردەستەیی و پاشكۆیەتی قبوڵ نییە، بۆیە لەئێستادا بەهەمان شێوازی مەدەنییانە و دیموکراتیانە خەڵکی کوردستان لە بەردەم دوو بژارەدا دەبێت، یان مانەوە لەگەڵ دەوڵەتێکدا کە هەمیشە هەوڵی سڕینەوەمان دەدات، یان هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی.
وێرای هەموو ئەو نەهامەتییانە کە حکومەتەکانی عێراق بەسەر کوردستانیان هێنا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كوردستان هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ بنیاتنانی عێراقێكی تازەی فیدرالی و دیموكراتی لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق بەڵام هەوڵەكان هیچ ئاكامی نەبوو، رێککەوتن کرا و پێشێل کرا، یاسا دەرکرا و جێبەجێ نەکرا، دەستوور ئیلتزامی پێوە نەکرا و پێشێل كرا، تاکو گەیشتە ئەوەی نانی خەڵكی كوردستان ببڕن. هێشتا فەرهەنگی نكۆلیكردن و بە پاشكۆدیتنی گەلی كوردستان باڵادەستە. فەرهەنگێك كە شەراكەت قبوڵ ناكات. گەلی كوردستان لە مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نائومێد بووە و چیتر نایەوێ ئەزموونە شكستخواردووەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە و ناچاریش نیە تاهەتایە پاشكۆ بێت و چاوپۆشی لە مافەكانی بكات.
ئێمە داوای شتێکی ئاسایی و یاسایی دەکەین. گەلی كوردستان دەیەوێ لەڕێگەی ئاشتی و دوور لە توندوتیژی بە مافەکانی خۆی بگات و باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغداو دراوسێكان و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت. ئامانجی ڕیفراندۆم گەیاندنی پەیام و ویستی هاووڵاتیانی كوردستانە بە جیهانیان كە سەربەخۆیی و ئاشتی دەوێت. گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە ئاشتیدا بژییت و بەرەو پێشەوە بچێت پێویستی بە سەربەخۆییە. گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی لە شەڕ و كێشەكان لەگەڵ عێراقدا بپارێزێت دەبێ خاوەنی سەروەریی خۆی بێت. بۆیە باشتر وایە کوردستان وعیراق ببنە دوو دراوسێی باش تا كێشەی گەورەتر لەنیوانیاندا روونەدات و چیتر هەردوولامان لە گێژاوو لە دڵەڕاوکێدا نەژین. ئازیزانم ..
میللەت را و هەڵوێست و رێزی خۆی هەیە و دەبێت ئەو هەلە بە خەڵکی کوردستان بدرێت بڕیاری خۆی بدات و گوزارشت لە رای خۆی بکات. تاكە دەرمانی هەموو ئازارەكانمان و تاكە زامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان ئەوەیە، بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین.
شۆڕشەکانی گەلەکەمان بۆ ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی بووە، گەلی کوردستان لە سەد ساڵی رابردوودا قوربانیی گەورەی دا بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی، ئێوە لە هەموو بۆنە نەتەوەییەکاندا رۆڵی جوامێرانەتان بینیوە، بۆ ریفراندۆمەکەی رۆژی ٢٥ی سێپتەمبەریش داواتان لێ دەکەم ئەركە نیشتیمانی و نەتەوەیی و دیموكراتییەكەتان ئەنجام بدەن و بە هەموو توانایەك پاڵپشتی سەربەخۆیی بن، دەنگتان بۆ سەربەخۆیی بێت، ئەوەیش لە پێناو کۆتایی هاتنی ژێردەستەیی و هەڵهاتنی خۆری ئازادی، لەپێناو وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدانمان، لەپێناو ئاشتی و بووژانەوەدا، لەپێناو بەختەوەری بۆ نەوەكانی داهاتوو.
بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
|