سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی توركیا دەكات


KRP.org | |


23/08/2017
ڕۆژی چوارشەممە 23ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا سڵاوی سەرۆك كۆمار و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لەبەرانبەر تیرۆریستان لە سەرۆك بارزانی كرد و لە وتەیەكدا باسی لەو دۆستایەتی و پەیوەندییە باشە كرد كە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە وپەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆم جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بڕوای بە مافەكانی گەلی كوردستان هەیە و لە ئێش و ئازارەكانی دەگات بەڵام وای بۆ دەچێ كە ڕیفراندۆم لەو كاتەدا ڕەنگە كێشەی لێ بكەوێتەوە و سەقامگیریی ناوچەكە بشێوێنێ و نیگەرانییەكانی توركیای لەو بارەیەوە بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەشدار بێت لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی توركیا بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.

لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی لە گفتگۆیەكی ڕاشكاوانەدا ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە وای لە گەلی كوردستان كردووە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی بدات. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی پڕ لە نەهامەتیی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەوەی دووپات كردەوە كە وێڕای بوونی زوڵم و ئەنفال و جینۆساید گەلی كوردستان بڕیاری دا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوە و لە دوای 2003 هەموو هەوڵی خۆی دا كە عێراقێكی تازە لەسەر بنەمای شەراكەت و دەستوور و تەوافوق دابمەزرێت بەڵام شەراكەت و دەستوور و تەوافوق پێشێل كرا و دواجار گەلی كوردستان لە دەوڵەتی عێراق نائومێد بووە و نایەوێ بە هیچ شێوەیەك ئەزموونە تاڵەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە و گەلی كوردستانیش بەرپرس نەبووە لەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە بەڵكو سیاسەت و هەلە حكوومەتەكانی عێراق هۆكارن.

سەرۆك بارزانی ڕایشیگەیاند كە بڕیاری گەلی كوردستان مافێكی دیموكراتی و ئاشتیانە و سرووشتیە و هۆكارێك دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە ناسەقامگیری و شەڕ و بۆ ئەوە دەبێت كە مادام شەراكەت شكستی هێنا دەكرێ وەك دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكتردا بژیین. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو پێشانی داوە كە كوردستان فاكتەری سەقامگیرییە و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە لە بۆ گەلی كوردستان گرنگە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بڕیاریان دا كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 493