بەڕێز مەسعود بارزانی سوپاسنامەیەکی ئاراستەی جەماوەری پارێزگای دهۆک کردووە بۆ ئەو بەشدارییە فراوان و پڕ جۆش و خرۆشەی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا هەیانبووە.
بۆ جەماوەری خۆشەویست و نیشتیمانپەروەری دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، شێخان، سێمێل، ئاکرێ و بەردەڕەش، شنگال، زوممار و دەشتی نەینەوا
پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست و نیشتیمانپەروەر دەکەم بۆ ئەو بەشدارییە فراوان و پڕ جۆش و خرۆشەتان لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا. فراوانیی بەشداربوونی ئێوەی خۆشەویست، لە ناوەندە میدیاییەکانی دنیادا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و پێتان سەربەرزین.
ئێوە بەو حەماسەت و ئامادییە فراوانەتان، پەیامێکی ڕوونتان بە هەموو جیهان گەیاند کە ئەویش ئازادیخوازی و پشتیوانیتانە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.
کاتێک ئەو جۆش و خرۆشەی ئێوەم لە نزیکەوە دەدیت، باری سەرشانمان قورستر بوو کە دەبێ ئەو هەستی ئازادیخوازییەتان بگاتە جیهانی ئازاد، لە ڕۆژی ٢٥ـی٩ دا دەنگتان دەبیتە زەنگی هوشیاری و لە دەرگای ویژدانی جیهان دەدات.
لێرەوە بەپێویستی دەزانم سوپاسی هێزی پێشمەرگە و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتوچۆ بکەم بۆ هاوکارییان لە پاراستنی ئاسایشی خەڵک و باشتر بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە جەماوەریانە.
هەر شاد و سەرفرزا بن
مەسعود بارزانی
١٧ـی٩ـی٢٠١٧
|