پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید


KRP.org | |


16/09/2017
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

خوشك و برایانی خۆشەویستم

بەناوی خۆم و خوشك و براكانتان لە هەرێمی كوردستان پڕ بەدڵ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەم. ئامادەبوونی ڕەوەندی كوردستانی لە وڵاتی سوید لەو مەراسیمەدا پشتگەرمی و ئومێد و هێزێكی زۆرمان پێ دەبەخشێت. سوپاس بۆ هەڵوێست و سۆز و پشتیوانیتان، دەستتان خۆش بێت.

گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان دوای سەد ساڵ ئەزموونی تاڵ و پڕ لە نەهامەتی و پاش شكستهێنانی شەراكەت و هەموو هەوڵێك بۆ پێكهێنانی عێراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵ و ئازاد، بڕیاری داوە بە شێوازی ئاشتیانە ڕێگەی خۆی هەڵبژێرێت و ببێتە خاوەنی چارەنووسی خۆی.

ئەو بڕیارە بە هیچ شێوەیەك ناكۆك نییە لەگەڵ ئەو پڕەنسیپانەی كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەسەر بنیات نراوە. بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكە لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی و گێڕانەوەی ئەو مافەی كە بە زوڵم لە گەلەكەمان زەوت كراوە.

ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس و هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی و بۆ بنیاتنانی دەوڵەتە. دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتێكی ئاشتیخواز دەبێت كە لەسەر بنەمای ئیرادەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان پێكەوە دەنرێت و دەبێتە سەرچاوەی خێر و بەركەت و بووژانەوە بۆ كۆی ناوچەكە.

بەڕێزان

بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووس بڕیارێكە بۆ گەلی كوردستان و بە هیچ شێوەیەك هەڕەشە نییە لەسەر دراوسێكان و گەلانی ناوچەكە. گەلی كوردستان چاوی لە خاكی كەس نییە و دوای قوربانیدانێكی بێهەژمار دەیەوێ بە ئاشتی و ئاسوودەیی بژیێت و فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەیی قووڵتر بكات. دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتی هاووڵاتیان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە بە بێ جیاوازی و جیاكاریی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی.
دەوڵەتی كوردستان لەسەر بنەمای پێوەر و پڕەنسیپەكانی سەردەم و فەرهەنگی دەوڵەمەند و مێژوویی پێكەوەژیان و لێبوردەیی خەڵكی كوردستان دادەمەزرێت.

ئەم ڕووداوە مەزنە وەڵامێكی شاییستە دەبێت بۆ قوربانیدانی گەل و وەفایەك بۆ شەهیدان. گەلێك بۆ ماوەی سەد ساڵ لە پێناو ئازادیدا خەباتی كردبێت و تووشی كارەسات و جینۆساید و ئەنفال هاتبێت، دەبێ سەربەخۆ بێت و خاوەن ئیرادە و چارەنووسی خۆی بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز

چیرۆكی ژیانی هەر كامێك لە ئێوەی سەربەرز لە وڵاتی سوید و هەندەران چیرۆكی ئاوارەیی و ئەو نەهامەتییەیە كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە. ئێستا دەرفەتە بۆ گێڕانەوەی ماف و ساڕێژكردنەوەی برینەكان و حەسانەوە. دەرفەتە بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی كوردستان و دەنگدان بۆ سەربەخۆیی. داواتان لێ دەكەم دەنگ بە سەربەخۆیی گەلەكەتان بدەن. دەنگی ئێوە هەوێنی ژیانێكی سەربەرزانە و ئازادە بۆ نەوەكانی داهاتوو، دەنگی ئێوە دەنگی ئاشتی و پێشكەوتنی گەلی كوردستانە.

لە كۆتاییدا دووبارە سوپاستان دەكەم، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی ئەو مەراسیمە دەكەم، سوپاسی فیدراسیۆنی کۆمەلە کوردستانییەکان لە سوێد و کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی دەكەم و پێزانینم هەیە بۆ نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی سوید و هەموو ئەو كەسایەتییە سویدیانە كە بۆ پاڵپشتیی گەلی كوردستان لێرەدا كۆبوونەوتەوە و سوپاسی گەل و حكوومەتی سوید دەكەم كە لە ڕۆژانی تاریك و تەنگانەدا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردستانیان پەنا داوە و یارمەتیدەری گەلی كوردستان بوونە.

بمێنن بە خۆشی

بژی كوردستان

نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

مسعود بارزانی





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 6721