ده‌قی وه‌لامی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ نامه‌ی به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان


KRP.org | |


31/10/2017
بۆ/ زۆر به‌ڕێز ســــه‌رۆك مســــعود بـــــارزانی

سڵاو و رێز.....

دوای گه‌یشتنی نامه‌ی جه‌نابتان له‌ رۆژی 28/10/2017، له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 29/10/2017 په‌رله‌مانی كوردستان ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌....

په‌رله‌مانی كوردستان به‌ گرینگه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێشنیاره‌كه‌تان سه‌باره‌ت به‌ (ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بوون له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌موارنه‌كردنی یاساكه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی دیكه‌)...

هه‌ر بۆیه‌ش سه‌رجه‌م رێكاره‌ یاساییه‌كان له‌به‌ر رۆشنایی نامه‌كه‌ی جه‌نابتان ته‌واوكران و یاساكه‌ش په‌سه‌ندكرا.

ئه‌م بڕیاره‌ مێژووییه‌تان بۆ رێزگرتن له‌ یاسا و پره‌نسیپی دیموكراسی و قوربانیدان له‌ پێناوی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌رز ده‌نرخێنین، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك ئێستادا كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هه‌رێمی كوردستان پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت.

به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێكردووه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی گیان فیدای خاك و گه‌له‌كه‌مان و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌ر پێشهاتێك كه‌ دێته‌ به‌رده‌م گه‌له‌كه‌مان، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م بڕیاره‌ كۆتاییه‌تان به‌رز ده‌نرخێنین و، دڵنیاین جێهێشتنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ڕێزتان له‌به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ دوورناخه‌ته‌وه‌ و وه‌ك چۆن ژیانی خۆتان بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتیمان ته‌رخانكردووه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ به‌رزترین پایه‌ی خه‌باته‌ و، هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزتان بۆ به‌دیهێنانی خواستی گه‌له‌كه‌مان له‌ مافی چاره‌خۆنووسین و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندكرا و پاراستنی ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانی و سه‌رپه‌رشتیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ به‌ گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆرستان له‌ جه‌نگی دژی رێكخراوی تیرۆرستی (داعش) هه‌میشه‌ به‌ گه‌شاوه‌یی ده‌مینێته‌وه‌ و وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان لێ ده‌ڕواندرێت.
له‌ كۆتاییدا... په‌رله‌مانی كوردستان وێڕایی ده‌ربڕینی رێز و پێزانین بۆ خه‌بات و ماندووبونتان زۆر به‌ گه‌وره‌ییش ده‌ڕوانێته‌ نامه‌كه‌تان و، بۆ ئایینده‌ش هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازین له‌ ئه‌ركی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیدا.

له‌گه‌ڵ رێزدا



په‌رله‌مانی كوردستان ـ عێراق
29/10/2017




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 4744