لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق تاوتوێ كرا


KRP.org | |


19/10/2017
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی 10ـی 2017 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆندێرلیۆن وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی دوایین بارودۆخی مەیدانی و پێشهاتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە ڕادەی بەریەككەوتنە سەربازییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی كەم بووە و گرژییەكان پەرەی نەسەندووە. هەروەها پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش دووپات كردەوە و جەختیشی لە پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە بڕیاری گفتوگۆ و دانوساندن بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دراوە.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 3931