سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ کەناڵی سی ئین ئینـی ئەمەریکی


KRP.org | |


08/05/2015
بەرێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی CNNـی ئەمەریکی چەند پرسێک تاوتوێ دەکات و دووپاتی کردەوە کە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن سەرکەوتوو بووە.

CNN: سەرۆک بارزانی بەخێربێیتەوە بۆ بەرنامەکەمان.

سەرۆک بارزانی: زۆر سوپاس

CNN: تۆ لەگەڵ سەرۆک ئۆباما و جێگری سەرۆک بایدن و زۆر بەرپرس لە واشنتۆن کۆبوویتەوە. تۆ داوای چییان لێ دەکەیت و چیت دەوێت؟

سەرۆک بارزانی: پێش هەموو شتێک من سوپاسم کردن بۆ ئەو پشتیوانییەی لە گەلی کوردستانیان کردووە لە شەڕی دژ بە داعش. من داوای پشتیوانیم لێیان کرد و داوام لێیان کرد تێبگەن لە ئازاری گەلەکەمان و ئەوانیش تێگەیشتنێکی زۆر باشیان هەبوو و بەڵێنیان بە ئێمەدا کە زیاتر پشتیوانیمان بکەن.

CNN: ئەمەش رێک ئەو پرسیارەیە کە من دەمویست بیکەم. ئایا ئەوان بەڵێنیاندا کە چەکی زیاتر و باشترتان بۆ بنێرن بە شێوەیەکی راستەوخۆ؟ چونکە پێشمەرگە راستەخۆ لە بەرەی پێشەوەیە بە کەلوپەلی سەربازی کۆنەوە.

سەرۆک بارزانی: بەڵێ خودی جەنابی سەرۆک ئۆباما زانیارییەکی زۆری هەبوو لەسەر پێشمەرگە و ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد و بەڵێنیدا کە ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی چەکی زیاتر بگات بە دەستی پێشمەرگە.

CNN: بەڵام ئێستا ئەو چەکە لە رێی بەغداوە بەدەستان دەگات. ئەوە هیچ گۆرانکارییەکی بەسەردا دێت کە راستەخۆ پێتان بگات؟

سەرۆک بارزانی: ئێمە حەزەکەین چەک راستەوخۆ بەدەستمان بگات، بەڵام گرنگ ئەوەیە پێشمەرگە چەکی بەدەست بگات.

CNN: باسی ئەو ستراتیژەم بۆ بکە لەسەر رووبەروونەوەی داعش. ئایا ئێوە نزیکن لە لەناوبردنی داعش؟

سەرۆک بارزانی: ئەمە شەرێکە لە زۆر بەرەوە. ئەمە شەری کورد نییە. بەڵام شانازییەکی گەورەیە کە ئێمە لە بەرەکانی پێشەوەین. ئێستایش شەرێکی سەربازییە. ئێمە داعشمان لە زۆر بەرەی کورستان تێکشکاندووە بەڵام هەڕەشەکە هێشتا لەوێیە و ستراتیژەکە ئەوەیە کە لە رێی سەربازی و سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژییەوە رووبەرووی داعش ببینەوە. ئێمە دەبێت بەرەمان لە دژی داعش فراوان بکەین.

CNN: پێت وایە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێت؟

سەرۆک بارزانی: رزگارکردنی موسڵ زۆر گرنگە بەڵام دەبێت ستراتیژێکی تۆکمەی بۆ ئامادە بکرێت. تا داعش لە موسڵ بێت ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر کورستان. ئەوە دیراسەیەکی زۆر قوڵی دەوێت کە وردەکارییەکی چۆنێتی رزگارکردنی موسڵ لێکبداتەوە. ئەمەش بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە سەرشانی خەڵکی موسڵ خۆی و سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پاڵپشتییان دەکەن.

CNN: پێت وایە کەی ئەو پلانە جێبەجێ دەکرێت؟ کەی کاتی ئەوەیە؟

سەرۆک بارزانی: دەبێت بمبوریت لە وەڵام نەدانەوەی ئەم پرسیارە، بەڵام هیوادارم چەند زووتر بێت ئەوەندە باشتر، لە چەند مانگی داهاتوو.

CNN: پێم بڵێ چەندە زەحمەتە خەرجی ئەم شەرە لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت زۆر دابەزیوەو ملیۆنێک و نیو خەڵک پەنایان هێناوە بۆ کورستان. دەتوانن باری ئەم شەرە بگرنە ئەستۆ؟

سەرۆک بارزانی: رێک وایە. زۆر دۆخێکی زەحمەتە. ئێمە پەنای ملیۆنێک و نیو ئاوارەمان داوە کە لە کورستان دەژین و ناچاربوون جێگای خۆیەن بەجێ بهێلن لەبەر داعش. ئەمە زۆر بارێکی گرانە لەسەر ئێمە. بەڵام ئەمە بەرپرسیارێتی مرۆیی و نیشتیمانی ئێمەیە. هەندێک پشتیوانی هەیە بەڵام لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت بارودۆجەکە چارەسەر بکات.

CNN: دەتوانم بپرسم کاتێک تەماشای گۆڕەپانی جەنگ دەکەیت، بروا دەکەیت کە هێزەکانی ئێوەو سوپای عێراقی و هێزەکانی ئەمەریکا ئەم جەنگە لەبەرامبەر داعش دەبەنەوە؟

سەرۆک بارزانی: من ئێستایش دەتوانم پێت بڵێم کە ئێمە لە جەنگە براوەین. ئێمە ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە دەست داعش رزگار کردووە. من ناڵێم داعش پاککراوتەوە، بەڵام توانیومانە لە زۆر شوێن داعش تێکبشکێنین.

CNN: تۆ باسی ئەو ژمارەیە لە ناوچە کرد کە لە دەستی داعش رزگارتان کردووەو راستە کە کورد ٤٠% زیاتری لە داعش رزگار کردووە، ئەی پرسی سەربەخۆییتان چی لێهات؟ ئایا ئەوە کەی دەبێت؟

سەرۆک بارزانی: من دەتوانم تەنها بڵێم کە ئەمە پرۆسەیەکە ئێمە دەستمان پێکردووەو لێی بەردەوام دەبین. ئەمە مافێکی سروشتی گەلی کوردستانە. داخۆ ئەمساڵ دەبێت یان ساڵی داهاتوو، ئەوەیان ناتوانم بڵێم چونکە زەحمەتە کات دەستنیشان بکەم. هیوادارم لە زووترین کاتدا بێت.

CNN: دوا پرسیار، ئێستا پەیوەندیتان چۆنە لەگەڵ بەغدا؟ باشتر بووە؟

سەرۆک بارزانی: ئێستا زۆر باشترە. هێشتاش هەندێک ناکۆک و تەحەددیات هەیە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر چارەسەرکردنیان.

CNN: و پەیوەندییەکانی تۆ و سەرۆک وەزیران عەبادی باشترە لەو پەیوەندییەی لەگەڵ مالیکی هەتانبوو؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان زۆر باشترە. ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای شەخسی نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی پرۆفشناڵییە کە زۆر باشترە.

بۆ بینینی دەقی دیداری سەرۆك بارزانی كلیكی ئەم نووسینە بكە






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 3506