پرۆفایلی سه‌رۆک


KRP.org | |

مەسعود مەلا مستەفا بارزانی لە (16/8/1946) لە شاری مەهاباد لە كوردستانی ئێران، لە ژێر ئاڵای كوردستان و لە رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دایك بووە. لە سەردەمی تەمەنی كورتی كۆماری كوردستان لە مەهاباد كە یەكەم كیانی سەربەخۆی كوردی بووە.

پاش رووخانی كۆماری كوردستان لە ساڵی (1947)، بنەماڵەی بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەل كۆمەلێك لە پێشمەرگەكان و بنەماڵەكانیان ناچار بوون بگەڕێنەوە كوردستانی عێراق و پاشان لەلایەن رژێمی عێراقەوە هەموویان دوورخرانەوە بۆ شارەكانی خوارووی عێراق، بە تایبەتی (بەغدا و بەسرە)، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی باوكی مەسعود بارزانی ڕێبەری شۆرشی كورد لەگەل هەڤاڵانی بەرەو یەكێتی سۆفیەت بەڕێكەوتن و تا ساڵی (1958) لەوێ مانەوە.

مسعود بارزانی بەهۆی هۆكاری سیاسی و پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلول خوێندنی ناوەندی تەواو نەكرد و بەغدای بەجێهێشت و لە تەمەنی (16) ساڵی لە ساڵی (1962) چەكی هەڵگرتووە وچۆتە ریزی پێشمەرگەی كوردستان و رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە شۆڕشی كورد كە لە یانزدەی ئەیلولی (1961) بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی دەستیپێكرد و تا ساڵی (1975) بەردەوام بوو. لە ژێر رێنمایی و پشتگیری باوكی تێكەڵی خەباتی سیاسی بووە.

بەڕێز مسعود بارزانی ژیانی لاوێتی خۆی تەرخان كردبوو بۆ ئەو ئامانجەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرزی كردبووەوە لە ساڵی (1961)، ئەویش دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی و پاشان فیدرالیزم بۆ كوردستان لە چوار چێوەی عێراقێكی دیموكراتیدا، بەڕێزیان خەباتێكی زۆری بۆ ئەم چارەسەرە واقیعیە كردووە.

بەڕێز بارزانی لە تەمەنی بیست ساڵیدا بە شێوەیەكی چڕوپڕ تێكەلی كاروباری سیاسی بووە و لە ساڵی (1970) بەشداری ئەو تیمە كوردیە بووە كە گفتوگۆی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە لەسەر رێككەوتنی ئۆتۆنۆمی. لە ساڵی (1971) لە كاتی سازدانی كۆنگرەی هەشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سیفەتی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردراوە و پاشان بووە بە ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی و ئەركی بەرپرسی دەزگای ئەمنی گرتۆتە ئەستۆ.

پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوڵ لە ئەنجامی رێككەوتننامەی جەزائیر لە نێوان شای ئێران و حكومەتی عێراقی لە ساڵی (1975)، بە رێنمایی جەنابی مەلا مستەفای باوكی، مسعود بارزانی لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی پێكەوە هەڵسان بە رێكخستنەوەی ریزەكانی پێشمەرگە و دامەزراندنی سەركردایەتی كاتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ داكۆكیكردن لە كورد و كوردستان و لە (26/ گوڵانی/ 1976) شۆڕشی گوڵان دەستی پێكرد.

لە ساڵی (1976 تا 1979) مسعود بارزانی لەگەڵ باوكی لە ئەمریكا ژیاوە و پاش رووخانی رژێمی شای ئێران، گەڕایەوە ئێران تا تەرتیباتی هاتنەوەی باوكی بۆ ئێران بكات بەڵام ئەو رۆژەی كە بەڕێز بارزانی (1/3/1979) گەیشتەوە ئێران، باوكی لە واشنتۆن كۆچی دوایی كرد.
لە مانگی (11 ی 1979) لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوازێكی دیموكراسیانە بەڕێز مسعود بارزانی بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا.

رۆڵی هەریەكە لە مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی برای، زۆر بەرچاو بووە لە ساڵانی (1980 تاوەكو 1987) لە دامەزراندنی چەندین بەرەی سیاسی لە عێراق و بە تایبەتی كە بەرەی كوردستانی دامەزرا لە چەندین رێكخراو و حزبە كوردستانیەكان.

بەڕێز بارزانی و خێزانەكەی زۆر قوربانیان لە پێناو كێشەی كورد داوە و لە دوای لە دایكبوونیەوە تا 12 ساڵ بەرێزیان باوكی خۆی نەبینیوە، كە لە دوورە وڵات لە یەكێتی سۆڤیەت دەژیا.
سیخوڕەكانی رژێم سێ برای بەڕێز مسعود بارزانیان تیرۆر كردەوە، (32) كەس لە ئەندامانی خێزانەكەی بەڕێزیان لەگەل ئەو (8000) بارزانی بوون كە رژێمی بەعس ئەنفالی كردن لە ساڵی (1983)، خودی جەنابی مسعود بارزانی ئامانجی چەندین هەوڵی تیرۆر بووە بە تایبەتی هەوڵی تیرۆر كردنی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لە (8/1/1979). رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق (16) جار گوندی (بارزان)یان خاپوور كردووە كە گوندی بەڕێزیانە، بەڕێز بارزانی كتێبێكی لەسەر رۆڵی مێژووی مستەفا بارزانی باوكی لە بزوتنەوەی نەتەوەی كورد لە ژێر ناوی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد) كە لە سێ بەرگ پێك هاتووە نووسیوە، لەگەل چەندین ووتار و بابەتی سیاسی كە لە رۆژنامەو گۆڤارەكانی كوردستان بڵاوكراونەتەوە.

پاش شەڕی هاوپەیمانان دژ بە عێراق، بەڕێز مسعود بارزانی هەماهەنگی بەرەی كوردستانی كرد و سەركردایەتی راپەرینی ئاداری (1991) ی كوردەكانی كرد كە بووە هۆی ئازادكردنی بەشێكی زۆری كوردستانی عێراق لە دەست رژێمی بەغدا.

لە مانگی نیسانی (1991) گفتوگۆ لە گەل بەغدا دەستی پێكرد و بەڕێز بارزانی بۆ چەندین مانگ سەرۆكایەتی شاندی كوردی كرد كە لە هەموو حزبەكانی بەرەی كوردستانی پێكهاتبوو، لە گفتوگۆكان بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتن بە هۆی رەتكردنەوەی داخوازیەكانی كورد كە بریتی بوون لە ئۆتۆنۆمی هەرێمایەتی و دیموكراتیزەكردن لە لایەن عێراقەوە.

هەروەها لە كۆنگرەی (12) ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی (1999) جارێكی تر بەڕێز مسعود بارزانی بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرایەوە.

بەڕێز مسعود بارزانی لە ساڵانی نەوەدەكانەوە تا وەكو لە ناوچوونی رژێمی بەعس، بەشداری چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی نێو دەوڵەتی كردووە، وەك كۆبوونەوەی واشنتۆن لە ساڵی (1992) و پاشان لە (1993) و لە كۆنگرەی سەلاحەدین (1992) و كۆنگرەی لەندەن لە دیسمبری (2002) و كۆنگرەی سەلاحەدین لە شوباتی (2003).

بەرێز بارزانی رۆلێكی سەرەكی هەبووە لە سەرجەم پێشهاتە سیاسیەكانی عێراقی نوێدا، پاشانیش لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی حوكمڕانی عێراقی لە (31ی تەمموزی 2003)، كە تیایدا بووە ئەندام و دواتریش بووە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

لە (12ی حوزەیرانی 2005) بەڕێز مسعود بارزانی وەكو یەكەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق.

بەڕێز مسعود بارزانی لە هەڵبژاردنی رۆژی (25-07 -2009) رێژەی (70%)ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و بەشێوەیەكی راستەخۆ لەلایەن گەلی كوردستانەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرایەوە و لە رۆژی (20-08-2009) لە بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

وەكو سەرۆكی هەرێم، سەردانی فەرمی چەند وڵاتێكی كردووە وچەند سەرۆكی وڵات وسەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتانەی بینی، چاوپێكەوتنی ئەنجام دا لەگەل سەرۆك بۆش سەرۆكی ئەمەریكا لە (2005/10/25) وتۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە (2005/10/31)وپاپای ڤاتیكان لە(2005/11/14) وبرلسكونی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا لە(2005/11/13) و شا عبدالله مەلیكی سعودیە لە (2007/3/13) و شا عبدالله مەلیكی ئوردن لە(2007/3/19) .

وەكو سەرۆكی هەرێم چەند ئۆرگانێكی دامەزراندووە بۆ پتەوكردنی هاوپەیمانی لە نێو هێزە سیاسیەكانی كوردستان و باشتركردنی پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێم:

أ‌- لە ڕۆژی (22 /1 /2007) ئەنجوومەنی سەرۆكایەتی كوردستان دامەزرا كە تیایدا سەرۆكی هەرێم سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان دەكات، و جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێز (كۆسرەت رەسول) لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی كوردستان و جێگرەكانیان و (فۆاد حسین) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم.

ب‌- ئەنجوومەنی باڵای پارتە سیاسیەكان، كە كەسایەتی یەكەمی پارتە سیاسیەكان تیایدا ئەندامن، كە لەم حزبانەی خوارەوە پێكدێت: پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، حیزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان.

سەرۆك بارزانی شەیدای خوێندنەوەیە بە تایبەتیش حەز بە خوێندنەوەی كتێبی مێژوویی و سیاسی و سەربازی دەكات و هەروەها زۆر حەزیش لە وەرزش دەكات.

بەڕێز مسعود بارزانی ساڵی (1965) هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی هەشت منداڵە.

بارزانی شارەزایی تەواوی لە زمانی كوردی و عەرەبی و فارسیدا هەیە، هەروەها شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی هەیە و قسەی پێدەكات.



PAGE HIT:: 40988