لەسەر داوای شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بڕی (٣) تەن دەرمان بۆ پێشمەرگە دابین کرا

News
- 11 February 2021

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١/ ٢/ ٢٠٢١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تیمێکی ڕێکخراوی ئاشتیی خێرخوازیی نێودەوڵەتی کرد.

لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی ئەو هاوکارییە پزیشکییانەی کرد لەلایەن ڕێکخراوەکەوە گەیەنرانە هێزەکانی پێشمەرگە و دووپاتی کردەوە کە ئەو ڕێکخراوە هەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەر بووە لە هەرێمی کوردستان.

بەڕێزیان بە گرنگییەوە باسی لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پڕۆسەی چاکسازی کرد و وەک خاڵی وەرچەرخانی بەرەو پێشچوون و بەهێزیی هەرێمی کوردستان لە قەڵەمی دا، هەردوولاش هاوڕا بوون کە دەبێت هەماهەنگیی زیاتر هەبێت بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی خێراتر هەنگاو بنێت لەپێناو ڕێکخستنەوەی هێزێکی یەکگرتوو.

لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە ناوخۆییەکانی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی تاوتوێ کران و هەردوولا ئاواتەخواز بوون کێشەکان بە شێوەیەکی خێراتر و میکانیزمێکی باشتر چارەسەر بکرێن و هەموو هەوڵەکان لەپێناو بەیەکگەیشتن بێت لە چوارچێوەی دەستووردا، چونکە لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن گرژییەکان زیاتر دەبن و ئارامی و ناسەقامگیری هێندەی تر باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت، بەتایبەتی کە هێشتا داعش لە ناوچەکە هەڕەشەیە.