بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
پەرلەمانی کوردستان - عێراق
ژمارەی دەرچوون: 5
مێژووی دەرچوون: 2019/5/8
پشت بە حوکمی بڕگەی (1) لە ماددەی (56)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو و، لەسەر داوای ژمارە یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، و لەسەر ئەو یاساکارییەش کە پەرلەمان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (5)ی رۆژی 8/5/2019 ئەندامیداوە و، بەپّێی ئەو دەسەڵاتەش کە لە بڕگەی (سێیەم)ی (ماددەی یەکەم) لە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2017 بەدەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەمان دراوە، بڕیاری دەرکردنی ئەم یاسایەی دا:
یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019
یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق
و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستور
- ماددهی (1)
یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (10)ی ساڵی 2018 هەڵدەوەشێتەوە و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کارا دەکرێتەوە
- ماددهی (2)
یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم ژمارە (2)ی ساڵی 2017 هەڵدەوەشێتەوە
- ماددهی (3)
یەکەم: بەدەر لە حوکمی ماددەی دووەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو، پەرلەمانی کوردستان - عێراق سەرۆکێک بۆ هەرێم هەڵدەبژێرێت بەو ئەرک و دەسەڵاتانەی کە لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراقدا هەیە، تا پەسەند کردنی دەستوری کوردستان - عێراق کە تێیدا شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانی دیاری دەکرێت و، سەرۆک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتی هاووڵاتیانی کوردستان - عێراق دەکات و بەناویانەوە دەدوێت و هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتە فیدرالیەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێمدا دەکات.
دووەم: بەدەر لە حوکمی برگەکانی (2) و (3) لە ماددەی (یەکەم) لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو، سەرۆکی هەرێم دوو جێگری دەبێت و ئەرک و دەسەڵاتەکانیان لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاری دەکرێت.
- ماددهی (4)
بەدەر لە حوکمەکانی ماددەی (حەفتەم)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو، پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەم رێکارانەی خوارەوە دەگرێتەبەر:
یەکەم:
- لە ماوەی (30) سیی رۆژ لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆ پاڵاوتن دەکاتەوە.
- خوازیارانی خۆکاندیدکردن کە مەرجەکانی ماددەی (پێنجەم)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو تێدایە، لە ماوەی (3) سێ رۆژ لە بەرواری کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن داواکاری و سیڤی خۆیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن.
- سەرۆکایەتی پەرلەمان لە ماوەی (2) دوو رۆژ لە رۆژی داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن ناوی ئەو پاڵێوراوانە ڕادەگەیەنێت کە مەرجی یاساییان تێدایە.
- هەر کەسێک لەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، ئەگەر ناوی ڕانەگەیەنرا بۆی هەیە لە ماوەی (2) دوو رۆژ لە رێکەوتی ڕاگەیاندنی ناوی کاندیدەکان لە بەردەم دادگای تەمییز تانە بدات، دادگای تەمییز لە ماوەی (2) دوو رۆژ تانە یەکلایی دەکاتەوە، بڕیاری دادگاش لەم بارەوە بنبڕە.
- سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێی ئاشکرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان، لە ماوەی (3) سێ رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت.
- ئەگەر هیچ پاڵێوراوێک دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمانی بەدەست نەهێنا دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و، کێبرکێ لە نێوان ئەو دوو پالێوراوە دەبێت کە زۆرینەی دەنگیان هێناوە و ئەوەی لە جاری دووەم زۆرینەی بەدەست هێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێم، ئەگەر تەنها یەک پاڵێوراویش هەبوو بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەنگدانی ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و، ئەگەر پاڵێوراوەکە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی بەدەست هێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێم.
دووەم: بەدەر لە حوکمی خاڵی (1) بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە پەرلەمانی کوردستان تەنها لەم خولەدا لە ماوەی (3) سێ رۆژ لە دوای دەرچواندنی ئەم یاسایە دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکاتەوە.
- ماددهی (5)
یەکەم: ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بە کۆتایی هاتنی ماوەی ویلایەتی پەرلەمان کۆتایی دێت.
دووەم: سەرۆکی هەرێم لە ئەرک و دەسەلاتەکانی بەردەوام دەبێت تا بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە سەرۆکێک هەڵدەبژێرێت.
- ماددهی (6)
کار بە هیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە ناکۆک بێت.
- ماددهی (7)
پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
- ماددهی (8)
ئەم یاسایە لە رۆژی دەرچواندنیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) دا بڵاو دەکرێتەوە.
بە مەبەستی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان ئەم یاسایە دەرچوێندرا.