بهڕێز مستەفا قادر مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ـ عێراق، ٦\٧\١٩٥٨ لە شاری قەڵادزێ، سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایک بووە. یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان. مانگی ٩ی ٢٠١٩ بۆتە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان. لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ ـ ٢٠١٥ لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری پێشمەرگە بووە، ساڵی ٢٠٠١ جێگری فەرماندەی گشتيی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە لە یەکێتيی نیشتمانيی کوردستان، له ساڵی ٢٠٠٠وە ئەندامی مەکتەبی سیاسيی یەکێتيی نیشتمانيی کوردستان بووە، ساڵی ١٩٩٨ وەزیری ناوخۆ بووە، ساڵی ١٩٩٢ لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا بۆتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩١ لە زیندانی ئەبوغرێب زیندانيی سیاسی بووە بەبێ ئەوەی بناسرێتەوە و هیچ نهێنیەک ئاشکرا بکات.
دیدی سیاسيی بهڕێز مستەفا سەید قادر کە گەڵاڵەی چەندان ساڵ لە خەبات و خزمەتکردنی کۆمەڵگەی کوردستانه، بیناکردنی هەرێمێکی پتەوە کە ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی تیادا بەرجەستە ببێت و گەشەسەندنی ئابووری و ئاوادەنکردنەوە بەخۆیەوە ببینێت، بیناکردنی کۆمەڵگەیەک کە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و سیستمێکی دادپەروەرانە داڕێژێت و بە شێویەکی یەکسان و بێ جیاوازی خزمەتی هاووڵاتیان بکات و خاوەنی هێزێکی نیشتمانی بێت کە بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکانی کۆماری عێراقی فیدراڵ.
بهڕێز مستەفا سەید قادر، لەم پێناوەدا، بڕوای تەواوی بە کاری سیاسيی مەدەنی هەیە لەگەڵ هەموو پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییيە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێویەک بەرجەستەی بەها سیاسییە سەرەکییەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ و لێبوردەیی و شەفافیيەت و دادپەروهری بکات، هەروەها ڕێز لە مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیيە جیاوازەکان بگرێت وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە هەرێمدا، هەر بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە، دەخوازێت سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان ببێتە ئەو چەترەی کە وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی، هەمووان کۆ بکاتەوە، هەروەها ببێتە ناسنامەیەک بۆ هەرێم کە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم چالاکانە کار بۆ دامەزراندنی بکات، چەترێک کە ڕەنگدانەوەی بنەما سەرەکییەکانی کوردستانیبوون و هاووڵاتیبوون بێت.
ئەم دیدە سیاسییە لە مێژوو و وێستگە سیاسييه جیاوازەکان و خەباتی بێوچان و بەرپرسیاریەتییە یاسایی و ئیداریيەکانی بهڕێز مستەفا سەید قادردا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕەنگی داوەتەوە، هەر بۆ نموونە، ساڵانی شەری داعش کە وەزیری پیشمەرگە بوو، ئەو کاتەی داعش هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بوو لەسەر هەرێم، بهڕێز مستەفا سەید قادر هەماهەنگی و ئیدارەدانی سەرکەوتووانەی شەڕەکانی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ لەسەر هەموو ئاستەکان کردووە، یان ئەو کاتەی کە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو لە سلێمانی، سەرباری قەیرانی دارایی، ئەرکەکانی پاراستنی ئاسایشی بە باشی ڕاپەراندووە، هەروەها لەو ماوەیەدا کە سەرپەرشتيی یەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کرد، سەرکەتووانە ئەرکەکانی بە ئەنجام گەیاندووە، پێشتریش کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو، داکۆکییەکی تەواوی لە سیستمی فیدراڵی و مافەکانی تاکی کوردستان کردووه.
بهڕێز مستەفا سەید قادر کاردانەوەی بەرامبەر ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان وردە، کەسایەتییەکی هێمنە، حەز بە مەلەکردن دەکات و چێژ لە سروشت وەردەگرێت. دەرچووی ساڵى ١٩٧٩ى پەیمانگای تەکنیکيی کشتوکاڵییە لە بەغدا. خێزاندارە و خاوەنی پێنچ منداڵە، سیانیان کوڕن و دوانیان کچن.