یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق یاسای ژماره (1) ی ساڵی/ 2005 (1) و هەموارەکانی
به‌شی یه‌كه‌م
حوكمه گشتییه‌كان
- مادده‌ی یه‌كه‌م(2)
1- هه‌رێمی كوردستانی عێراق سه‌رۆكێكی ده‌بێت پێ ی ده‌وترێت سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و خۆی سه‌رۆكی باڵای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه.
2- سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێكی ده‌بێت هاوكاری ده‌كات له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی و له كاتی ئاماده‌نه‌بوونی دا جێگه‌ی ئه‌و ده‌گرێته‌وه و هه‌ر خۆشی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌یه.
3- سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ندێك له ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به جێگره‌كه‌ی خۆی ده‌دات.
- مادده‌ی دووەم
هاوڵاتیانی كوردستان- عێراق، به ده‌نگدانێكی گشتی و نهێنی و راسته‌وخۆ، سه‌رۆكێ بۆ هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرن كه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ئاستی ده‌ره‌وه‌ش نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كاو، به‌ناویانه‌وه ده‌دوێت، و هه‌ماهه‌نگی له نێوان ده‌سه‌ڵاته فیدرالیه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمدا ده‌كات.
- مادده‌ی سێیەم
(ویلایه‌تی) سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ چوارساڵه و، ده‌شێ بۆ جاری دووه‌میش هه‌ڵبژێردرێته‌وه.
- مادده‌ی چواره‌م
ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له كاتوساتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراقدا (3) ئه‌نجام ده‌درێت به‌مه‌رجێ له‌گه‌ڵ حوكمی مادده‌ی سێیه‌می ئه‌م یاسایه پێچه‌وانه نه‌بێ و، له‌و ماوه‌یه كه‌م نه‌كاته‌وه كه بۆی دیار كراوه.
به‌شی دووه‌م
مه‌رجه‌كانی پاڵێوراوو هه‌ڵبژێر
- مادده‌ی پێنجەم
مه‌رجه پاڵێوراو
1- ته‌مه‌نی له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا له (40) چل ساڵ كه‌متر نه‌بێ.
2- هاووڵاتی و نیشته‌جێی كوردستان ــ عێراق بێت.
3- له هه‌موو مافه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كانی به‌هره‌مه‌ند بێت.
- مادده‌ی شه‌شه‌م
ده‌بێ هه‌ڵبژێر ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدابێت كه له‌یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراق ژماره (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراودا هاتوون.
به‌شی سێیه‌م
پاڵاوتن و هه‌ڵبژاردن
- مادده‌ی حه‌فته‌م
1- داوای خۆپاڵاوتن، لانی كـه‌م، پێش (30) سی رۆژ له واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراق، پێشكه‌ش به ده‌سته‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراق ده‌كرێ.
2- ده‌بێ ده‌سته‌ی باڵا، داوای خۆپاڵاوتنه‌كه به‌بنبڕی یه‌كلا بكاته‌وه‌و، له ماوه‌ی (4) چوار رۆژدا ــ له‌پێشكه‌شكردنی داواكه‌وه ــ بڵاوی بكاته‌وه.
3- پاڵێوراو مافی خۆیه‌تی، له ماوه‌ی (7) حه‌وت رۆژدا ــ له‌رۆژی ده‌رچوونی بڕیاڕی ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌یه‌وه ــ له‌به‌ر ده‌می دادگای ته‌میزی هه‌رێمی كوردستاندا ناره‌زایی خۆی نیشان بدات.
4- دادگا له ماوه‌ی (2) دوو رۆژ، له‌پێشكه‌شكردنی ناڕه‌زاییه‌كه‌وه، بڕیارێكی بنبڕی له‌سه‌ر ده‌رده‌كاو بڵاوی ده‌كاته‌وه‌و، پاڵێوراوه‌كه‌ش له‌رۆژی ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌وه به پێڕاگه‌یه‌ندراو داده‌نرێ.
5- ده‌سته‌ی باڵا لانی كه‌م (15) پازده رۆژ به‌ر له‌واده‌ی رۆژی هه‌ڵبژاردن، ناوی پاڵێوراوان راده‌گه‌ێینێ.
- مادده‌ی هه‌شته‌م
ئه‌و پاڵێوراوه‌ی زۆرینه‌ی ساده‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بێنێ، به‌براوه داده‌نرێ.
به‌شی چواره‌م
ئه‌ركوفرمان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم
- مادده‌ی نۆیه‌م
سه‌رۆكی هه‌رێم، دوای هه‌ڵبژاردن و، پێش ده‌ستبه‌كاربوونی له ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانیدا، له ماوه‌ی (7) حه‌وت رۆژدا، ــ له رۆژی هه‌ڵبژاردنیه‌وه ــ ئه‌م سوێنده‌ی خواره‌وه له‌به‌رده‌می په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراقدا ده‌خوات:
(سوێند بێ به خوای مه‌زن، پارێزگاری له مافه‌كان و ده‌سكه‌وته‌كان و یه‌كڕیزی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م و ئه‌ركوفرمانه‌كانم به‌دروستی و دڵسۆزی ئه‌نجام بده‌م).
- مادده‌ی ده‌یه‌م
سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌م ئه‌ركوفرمان و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه:
یه‌كه‌م: (4)
1- پێشنیاركردنی پرۆژه‌ی یاسا‌و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ــ عیراق.
2- ده‌رچواندنی ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی كه په‌رله‌مانی كوردستان ــ عیراق دایان ده‌نێت، له ماوه‌ی پانزه رۆژدا له به‌رواری گه‌یشتنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی هه‌یه له‌و ماوه‌یه‌دا ناڕه‌زایی له‌سه‌ر هه‌موو یان هه‌ندێك له‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ی ده‌رببڕێت. و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان بۆ چاو پێخشاندنه‌وه‌یان و بڕیاری په‌رله‌مان له‌سه‌ریان بنبڕ ده‌بێت. و ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ش به ده‌رچوو داده‌نرێت له‌و حاله‌ته‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ماوه‌ی ناوبراو ده‌ری نه‌چوواند و ناڕه‌زایشی له‌سه‌ریان نه‌بووه په‌رله‌مان راده‌سپێری و له ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی بڵاو ده‌كرێته‌وه.
دووه‌م: (5)
ده‌ركردنی فه‌رمانێك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق و دیاریكردنی كاته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی (پانزه‌رۆژدا) له به‌رواری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یان به‌لانی كه‌م له‌ماوه‌ی شێست رۆژی پێش كۆتایی خوڵی هه‌ڵبژاردنی به‌مه‌رجێك رۆژی هه‌ڵبژاردن له شه‌ست رۆژی دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یان شه‌ست رۆژی پێش كۆتایی خولی هه‌ڵبژاردنی ره‌ت نه‌كات.
سێیه‌م:
له‌ماوه‌ی (10) ده رۆژدا له‌رۆژی راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه، فه‌رمانی بانگهێشت كردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم بۆ خولی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چوێنێ و، ئه‌گه‌ر بانگهێشتی بۆ ده‌رنه‌كرا، ئه‌وا په‌رله‌مان، له‌خۆیه‌وه له رۆژی دوای كۆتایی ماوه‌كه كۆده‌بێته‌وه.
چواره‌م:
له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا، به فه‌رمانێ په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه:
1- ئه‌گه‌ر پتر له نیوه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه.
2- ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی (45) چل و پێنج رۆژدا له‌بانگهێشت كردنی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن، ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان به‌ده‌ست نه‌هات.
3- ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان متمانه‌ی به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له سێ پێكهاته‌ی وه‌زاری جیاوازی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا نه‌دا.
4- ئه‌گه‌ر سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان گۆڕاو، خولی هه‌ڵبژاردنیش (6) مانگ یان كه‌متری مابوو.
پێنجه‌م:
كاتێ هه‌رێمی كوردستان و سیسته‌مه سیاسیه‌كه‌ی، یان ئاسایشی گشتی هه‌رێم، یان داموده‌زگا ده‌ستوورییه‌كانی بكه‌ونه مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆوه، هه‌ره‌شه له‌بوونی بكا‌و، په‌رله‌مانیش نه‌توانێ كۆببێته‌وه، ئه‌وه، له‌و باره‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم دوای راوێژ‌و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا بڕیار گه‌لێ ده‌رده‌چوێنێ هێزی یاسایان هه‌یه به‌مه‌رجێ ئه‌و بڕیارانه، له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمدا بخرێنه به‌رده‌می. خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌خرانه به‌رده‌می، یان خرانه به‌رده‌می و په‌رله‌مان په‌سه‌ندی نه‌كردن، ئه‌وا، له‌و باره‌دا سیفه‌تی یاساییان نامێنێ.
شه‌شه‌م:
لێبوردنی تایبه‌ت له به‌ندكراوان، به‌پێی یاسا.
حه‌وته‌م:
په‌سه‌ندكردنی حوكمی له‌سێداره‌دان، یان سووك كردنی بۆ به‌ندكردنی هه‌تا هه‌تا.
هه‌شته‌م:
جاڕدانی باری نائاسایی به‌پێی یاسایه‌كی تایبه‌ت.
نۆیه‌م:
له‌كاتی پێویستدا بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كا بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناچاری و گفتوگۆكردنی پرسگه‌لێكی دیاركراو كه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بۆ ده‌كرێ، سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ده‌كا.
ده‌یه‌م:
له‌كاتی پێویستداو، به‌ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی هه‌رێم، رێگه ده‌دات به‌هێزه چه‌كداره‌كانی فیدراڵ بێنه ناو هه‌رێمه‌وه.
یازده:
سه‌رۆكی هه‌رێم بۆی هه‌یه، به‌ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستان ـــ عێراق، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بنێرێ.
دوازده‌م: (6)
پاش ناونانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، كاندیدی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی وه‌زاری له ماوه‌یه‌كدا كه له (30) رۆژ تێپه‌ڕنه‌كات.
سیازده‌م:
كاتێ په‌رله‌مانی كوردستان ـــ عێراق، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان وه‌زیر له متمانه ده‌خات، سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانی قبوڵكردنی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌یان ده‌رده‌چوێنێ.
چوارده‌م:
فه‌رمانی قبوڵكردنی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان وه‌زیر ده‌رده‌چوێنێ و، دا‌واشیان لێ ده‌كا له‌ئه‌ركوفرمانی خۆیاندا به‌رده‌وام بن تا وه‌زاره‌تی نوێ پێك ده‌هێنرێ.
پازده‌م: (7)
دامه‌زراندن و لابردنی خاوه‌ن پله تایبه‌تیه‌كان له‌سه‌رپاڵاوتن پێشنیاری وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
شازده‌م:
دامه‌زراندنی دادوه‌ران و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئیدیعای گشتی دوای پاڵاوتنیان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمه‌وه.
حه‌ڤده‌م:
به‌خشینی روتبه‌ی سه‌ربازی به‌ئه‌فسه‌رانی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێم و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ‌و ده‌ركردن و خانه‌نشینیشیان به‌پێی یاسا ره‌چاوكراوه‌كان.
هه‌ژده‌م:
به‌خشینی نیشان و مه‌دالیا به‌پێی یاسا.
نۆزده‌م: (8)
سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تر كه له ده‌ستوورو یاسادا هاتبێت ده‌گرێته ده‌ست.
- مادده‌ی یازده‌م (9)
مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی به‌یاسا دیار ده‌كرێت.
- مادده‌ی دوازده‌م
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیوانێكی ده‌بێ و، پێكهاته‌و ئه‌ركه‌كانی به‌یاسا دیار ده‌كرێت.
- مادده‌ی سیازده‌م (10)
هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه
- مادده‌ی چوارده‌م (11)
هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه
- مادده‌ی پازده‌م
ئه‌گه‌ر پله‌و پایه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك چۆڵ بوو سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراق ئه‌رك و فرمانه‌كانی هه‌ڵده‌سوڕێنێ تا له ماوه‌ی (60) شه‌ست رۆژدا ــ له رۆژی چۆڵ بوونی پله‌و پایه‌كه‌وه ــ سه‌رۆكێكی نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێ.
- مادده‌ی شازده‌م
ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا، به‌بڕیارێ له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراق كۆتایی پێ ده‌هێندرێ:
1- ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی داوای ئه‌وه بكات.
2- نه‌توانێ، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت، ئه‌ركوفرمانه‌كانی هه‌ڵسووڕێنێ.
3- -به‌لای كه‌مه‌وه ( 3\4 ) ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراق، له‌ده‌نگدانێكی نهێنیدا، له متمانه‌ی بخه‌ن.
به‌شی پێنجه‌م
حوكمه گواستنه‌وه‌ییه‌كان
- مادده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م
به‌ده‌ر له حوكمی مادده‌ی دووه‌می ئه‌م یاسایه: سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان ــ عێراقه‌وه به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامه‌كانی هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ (ویلایه‌تی) یه‌كه‌م.
- مادده‌ی هه‌ژده‌م
یاسای ژماره (2)ی ساڵی 1992 (یاسای هه‌ڵبژاردنی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی) و، یاسای ژماره (10) ساڵی 1997 ی هه‌مواركراو هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
- مادده‌ی نۆزده‌م
پێویسته له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كار به حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه بكه‌ن.
- مادده‌ی بیسته‌م
ئه‌م یاسایه له رۆژ ده‌رچوونیه‌وه كاری پێده‌كرێ و له رۆژنامه‌ی ره‌سمی (وه‌قایعی كوردستان) دا بڵاوده‌كرێته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی له هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی‌دا سه‌رۆكێك هه‌یه یه‌كێتی گه‌ل و ووڵات به‌رجه‌سته ده‌كات و به‌ناوی ئه‌وه‌وه له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌دوێت و وه‌ك سه‌رۆكی باڵای راپه‌ڕاندن چاودێری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتیان ده‌كات و پاڵپشتێكی سه‌ره‌كییه بۆ سه‌قامگیری باری سیاسی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه باری ناوخۆی پێشوو له كوردستاندا رێك و له‌بار نه‌بوو، بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی (رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی) به‌پێی یاسای ژماره (2) ی ساڵی (1992)، كه‌ئێستا به پایه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ناو ده‌برێ، دوا جار پێویستی كرد به یاسای ژماره (10) ی ساڵی (1997) ده‌سه‌ڵاته‌كانی دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ــ عێراق و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا، له‌به‌ر ئه‌و گۆڕانكارییه گرنگانه‌ش كه له عێراقدا روویاندا له ئه‌نجامی روخانی رژێمی سه‌ددام حوسێنی دیكتاتۆر‌و ده‌رچواندنی (یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی گواستنه‌وه) كه سیسته‌می فیدراڵی بۆ عێراق چه‌سپاندو، سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان له‌عێراقدا كه بووه هۆی پێكهێنانی یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی هه‌ڵبژێردراوی عێراق و به‌شداری كردنی كورد له ده‌سه‌ڵاته فیدراڵیه‌كاندا تا ده‌گاته سه‌رۆكایه‌تی كۆماریش و، له‌به‌رئه‌وه‌ی قۆناغی داهاتوو پێویست ده‌كات هه‌ڵوێست و تواناكان یه‌ك بخرێن بۆ به‌دیهێنانی ویسته‌كانی گه‌لی كوردستان ــ عێراق له ئازادی و دیموكراسی و فیدراڵی دا، بۆیه ئه‌م یاسایه دانرا.
(1) ئه‌م یاسایه له ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) به ژماره (55) له ڕێكه‌وتی (10/7/2005) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
(2) ئه‌م مادده‌یه به پێی مادده‌ی (یه‌كه‌م) له یاسای هه‌مواركردنی یه‌كه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان - عێراق ژماره (2)ی ساڵی 2006 هه‌مواركراوه. ده‌قی مادده‌كه پێش هه‌موار به‌م شێوه‌یه بووه: (هه‌رێمی كوردستان - عێراق سه‌رۆكێكی ده‌بێت به (سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان- عێراق) ناوده‌برێ، كه سه‌رۆكی باڵای راپه‌راندنیشه له هه‌رێمدا).
(3) ده‌سته‌واژه‌ی (په‌رله‌مانی كوردستان ــ عیراق) شوێنی (ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ــ عیراق) ده‌گرێته‌وه به پێی مادده‌ی (یه‌كه‌م) له (یاسای ژماره 2 ی ساڵی 2009) یاسای هه‌مواركردنی چواره‌می یاسای هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ــ عێراق ژماره 1 ی سالی 1992 ی هه‌مواركراو.
(4) ئه‌م برگه‌یه به‌پێی مادده‌ی (یه‌كه‌م) له یاسای هه‌مواركردنی دووه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 2009 هه‌مواركراوه. ده‌قی برگه‌كه پێش هه‌موار به‌م شێوه‌یه بووه: (ئه‌م یاسایانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌رێم دایان ده‌نێت، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ماوه‌ی (10) ده رۆژدا له‌رۆژی دانانیه‌وه ده‌ریان ده‌رچوێنێ و، مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه (تانه) له كۆی یاساكه یان له به‌شێكی بدات و، ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی بكاته‌وه تا چاوی پێدابخشێنێته‌وه، له‌م باره‌دا بڕیاری ئه‌نجومه‌ن بنبڕه).
(5) ئه‌م برگه‌یه به‌پێی مادده‌ی (یه‌كه‌م) له یاسای هه‌مواری دووه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1)ی سالی 2009 هه‌مواركراوه. ده‌قی برگه‌كه پێش هه‌موار به‌م شێوه‌یه بوو: (له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، یان ماوه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی كۆتایی هاتبێ، سه‌رۆكی هه‌رێم له ماوه‌ی (15) پازده رۆژدا فه‌رمانێ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی ده‌رده‌چوێنێ).
(6) ئه‌م بڕگه‌یه به‌پێی مادده‌ی (دووه‌م) له یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (2)ی ساڵی 2006 هه‌مواركراوه‌ته‌وه، ده‌قی برگه‌كه پێش هه‌مواری یه‌كه‌م به‌م شێوه‌یه بوو: (دوای ناونانی سه‌رۆكی وه‌زیران له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان ـــ عێراقه‌وه، سه‌رۆكی هه‌رێم داوای لێ ده‌كا، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی (30) سی رۆژدا – له رۆژی داوا كردنه‌كه‌وه، پێك بهێنێ).
ئه‌م بڕگه‌یه بۆ جاری دووه‌م هه‌موار كراوه‌ته‌وه به‌پێی مادده‌ی (یه‌كه‌م) له یاسای هه‌مواری سێیه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 2014. ده‌قی بڕگه‌كه پێش هه‌مواركردنی بۆ جاری دووه‌م به‌م شێوه‌یه بوو: (دووای ده‌ستنیشانكردنیان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان سه‌ره‌ك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی راده‌سپێرێت به پێكهێنانی وه‌زاره‌ت ئه‌ویش له ماوه‌ی سی رۆژ له مێژووی راسپاردنه‌كه‌یانه‌وه).
(7) ئه‌م بڕگه‌یه به‌پێی مادده‌ی (یه‌كه‌م) له یاسای هه‌مواری دووه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1)ی سالی 2009 هه‌مورا كراوه. ده‌قی برگه‌كه پێش هه‌موار به‌م شێوه‌یه بووه: (دامه‌زراندنی خاوه‌ن پله تایبه‌ته‌كان له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زیری په‌یوه‌ندیدارو ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران).
(8) ئه‌م بڕگه‌یه به‌پێی مادده‌ی (یه‌كه‌م) له یاسای هه‌مواری دووه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1)ی ساڵی 2009 زیادكراوه.
(9) ئه‌م مادده‌یه هه‌مواركراوه به‌پێی مادده‌ی (سێیه‌م) له یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (2) ی ساڵی 2006. ده‌قی مادده‌كه پێش هه‌موار به‌م شێوه‌یه بووه: (مووچه‌و ده‌رماڵه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌پێی یاسا دیار ده‌كرێ).
(10) ئه‌م مادده‌یه به‌پێی مادده‌ی (چواره‌م) له یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (2)ی ساڵی 2006 هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه. ده‌قی مادده‌كه پێش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه به‌م شێوه‌یه بووه : (1-سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانداری گشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان - عێراقه. 2-سه‌رۆكی هه‌رێمی جێگرێك بۆ فه‌رمانداری گشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان - عێراق داده‌مه‌زرێنێ تا له ئه‌ركوفرمانه‌كانیدا له‌م رووه‌وه یاریده‌ی بدا‌و، له‌دیارنه‌بوونیدا جێگای بگرێته‌وه).
(11) ئه‌م مادده‌یه به‌پێی مادده‌ی (پێنجه‌م) له یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (2)ی ساڵی 2006 هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه. ده‌قی مادده‌كه پێش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه به‌م شێوه‌یه بووه: (له حاڵه‌تی دیارنه‌بوونی سه‌رۆكی هه‌رێمدا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك ده‌بێ، ببێ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له‌جیاتی ئه‌و، ئه‌ركوفرمانه‌كانی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ).
تێبینی: ته‌واوی ده‌قی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره 1ی ساڵی 2005 و یاسا هه‌مواركاره‌كانی، له ده‌سته‌واژه و وشه و دأڕشتن به شێوه و شێوازی نوسین و خاڵبه‌ندی هاوڕێك و وه‌رگیراوی یاسای ئاماژه‌پێكراوه، كه له ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) بڵاوكراوه‌ته‌وه .