Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له ١ ی مانگی ٧ ی ١٩٥٠ له‌ ناوچەی قەرەداغی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی لە دایک بووە. له تە‌مه‌نی ١٩ ساڵیدا په‌یوه‌ندی به هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه‌ کردووه‌ و ژیانی خۆی بۆ خه‌باتی شۆڕشگێری ته‌رخان کردووه و چه‌ندین پله‌ و به‌رپرسیاريه‌تيی سه‌ربازی له ڕیزه‌کانی یه‌کێتيی نیشتمانيی کوردستاندا وه‌رگرتووه.

له ساڵی ١٩٩١دا ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بووە له میحوه‌ری (١) ی ده‌ربه‌ندیخان تا خانه‌قین و دواتر ده‌بێته به‌رپرسی هێزه‌کانی هه‌ولێر و کۆیه‌. لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا دەبێتە ئەندامى پەرلەمان و پاشان لە ئيداره‌ى سلێمانى ده‌بێته‌ بريكارى وەزیری پێشمەرگە و لێپرسراویەتيی (فەرمانده‌ی فەرماندەیيی سلێمانی) پێدەبەخشرێت.

لە سەردەمی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی (ئەنسارولئيسلام)دا لەسەر داوای سه‌رۆك مام جەلال ساڵی ٢٠٠٢ دەبێتە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیداره‌ی هەولێر و سلێمانی، دەبێتە وەزیری پێشمەرگە و لە هەمان کاتیشدا فەرماندەی هێزەکانی (٧٠) بووە.

ساڵی ٢٠١٤ بە يه‌كێك له‌ کاریگەرترین سەرکردەكانى شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش ده‌ناسرێت و لە ماوەی فەرماندەييکردنی هێزی پێشمەرگەدا دژ بە داعش بە دەیان داستانی قارەمانانە و سەرکەوتن تۆمار ده‌كات.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە ٨\٩\٢٠١٩ وه‌ک جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری فەرماندەی گشتيی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ده‌ستبه‌کار بوو و لەڕووی ستراتیژیيەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەشدارێکی سەرەکیيە لە پرۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک سوپایەکی یەکگرتوو پێشمەرگەی کوردستان له‌ژێر فه‌رمانده‌يي وەزارەتی پێشمەرگه‌دا.