Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

هەرێمی کوردستان - عێراق

هەرێمی کوردستان - عێراق
هەرێمی کوردستان قەوارەیەكی سیاسی و کارگێڕیی دەستوورییە کە لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق هەڵکەوتووە و لە چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە پێکدێت. هەرێمی کوردستان دراوسێی ئێران، تورکیا و سوریایە. ئەم هەرێمە بەشێکی گەورەی خاکی کوردستانی عێراق دەگرێتە خۆی، جگە لەو ناوچانەی کە دەکەونە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراون. بەپێی دەستووری عێراق، چارەنووسی ئیداریی ئەم ناوچانە دەبووایە تا ٢٠٠٧ لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا و حکوومەتی هەرێم لە هەولێر، یەکلا کرابانەوە، بەڵام تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە .

گشت بابەتەکان

مێژووی هاوچەرخ (١٩٠٠- ٢٠٠٣)

هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەكی سیاسی و کارگێڕی، دوای جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١دا هاتە کایەوە. ئەم قەوارەیە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، ڕەوایەتیی یاسایی و دەستووریی وەرگرت.


بەرلەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوریی لە عێراقدا دابمەزرێت، کوردستانی عێراق بە هەوراز و نشێوێکی زۆردا تێپەڕ بوو. لە سەدەی بیستەمدا و دوای دامەزراندنی عێراق، گەلی کوردستان بە بەردەوامی لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکاندا لەسەر ماف و شێوازی فەرمانڕەوایی، لە کێشمەکێشدا بوون. ئەو بەریەککەوتنانە زۆر جار پێکدادانی درێژخایەنیان لە نێوان بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستانی عێراق و حکوومەتەکانی بەغدادا لێ کەوتووەتەوە.

خەباتی گەلی كورد دوای دامەزراندنی عێراق

بەرلەوەی سیستەمی پاشایەتی لە عێراق لە ١٩٢١دا جێگیر بکرێت، گەلی کوردستان هەوڵی سەربەخۆبوونیان لە دەسەڵاتی ئیدارەی بەریتانیا لە عێراقدا چڕ کردبووەوە. شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید لە ١٩١٩، یەک لە هەوڵە جیددی و سەرەتاییەکانی گەلی کوردستان بوو بۆ دامەزراندنی قەوارەیەک لە کوردستان.

شۆڕشەکانی بارزان لە سەرەتاکانی ١٩٣٠ تا ناوەڕاستی ١٩٤٠ بەردەوامییان بە خەباتی گەلی کوردستان لەپێناو مافی نەتەوەییدا دا و هەر لەو ساڵانەشدا پێکدادانی گەورە لە نێوان سوپای ئەو کاتی عێراق و شۆڕشگێڕانی کوردستاندا ڕوویان دا.

شۆڕشی ئەیلوول و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠

ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندی و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دوای ١٩٦٠ ، هانی شۆڕشێکی سەرانسەریان لە کوردستان دا، کە لە ١١ ی ئەیلوولی ١٩٦١ ەوە دەستی پێ کرد. ئەم شۆڕشە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ئەستۆ گرت و هاوکات بەرەنگاری حکوومەتی ناوەندی عێراق بووەوە. ئەم بەرەنگارییە و سوربوون لەسەر بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد، دواجار ڕێککەوتننامەی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ لێ کەوتەوە، کە ڕێککەوتنێک بوو لە نێوان سەرکردایەتیی کوردستان بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی و حکوومەتی ناوەندی لەسەر ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق كە بۆ یەكەمین جار بوو دان بە مافە سەرەتاییە نەتەوەییەكانی كورددا بنرێت. ، بەڵام زۆری نەبرد، حکوومەتی عێراق ڕێککەوتننامەی ئاداری پێشێل کرد، کە لە ئاکامدا کۆتاییهاتنی دانوستانەکان و هەڵگیرسانەوەی شەڕی لە نێوان شۆڕشی کوردستان و حکوومەتی ناوەنددا لە ئاداری ١٩٧٤ دا لێ کەوتەوە. لە كۆتاییدا و لە بەرامبەر پێداگیریی شۆڕشی كورد، حكومەتی بەغدا لە جێی سەلماندنی مافەكانی كورد، بەشێك لە ئاو و خاكی خوارووی عێراقی بە ئێران بەخشی و لە بەرامبەردا و بە پێی ڕێککەوتنی ٦ ی ئاداری ١٩٧٥ لە نێوان ئێران و عێراق ، گوشاری بەهێز خرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و لە ئاکامدا بووە هۆی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول.

هەڵگیرسانەوەی شۆڕش (١٩٧٥-١٩٩١)

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، بە ماوەیەکی کەم، سەرلەنوێ شۆڕش هەڵگیرسایەوە. کە هاوکات لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە شەڕێکی درێژخایەندا بوو. شەڕی ئێران -عێراق لە ١٩٨٨دا کۆتایی پێهات، هاوکات داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە و یەکەم شەڕی کەنداو لە ١٩٩١، زەمینەی بۆ ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ گەلی کوردستان ڕەخساند. وەرچەرخانێکی گەورە کاتێک دروست بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێڵی دژەفڕینینان (بڕیاری ٦٨٨) بۆ سوپای عێراق دیاری کرد، کە ڕاستەوخۆ ڕێگای لە حکوومەتی عێراق دەگرت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو بەشێکی زۆری خاکی کوردستاندا ئەنجام بدات، هەر ئەم ناوچە دژەفڕینەش دواتر بوو بە هەوێنی دروستبوونی هەرێمی کوردستان لە عێراقی فیدراڵدا.

ئەنفال و هەڵەبجە

لەژێر ناوی ئەنفالدا، لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە حکوومەتی ناوەندیی عێراق شاڵاوێکی ڕێکخراوی بۆ لاوازکردنی بەرگریی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەست پێ کرد. ئەم شاڵاوە سەربازییە کە لە چەند قۆناغدا جێبەجێ کرا، لە ١٩٨٦ دەستی پێ کرد و تا کۆتایی ١٩٨٨ بەردەوام بوو. لە ئەنفالدا، سەرووی ١٨٠،٠٠٠ هاووڵاتیی کوردستان گیانیان لە دەست دا، یان بێسەروشوێن کران. ئەنفال لە لایەن دادگای لاهایەوە وەک هەڵمەتێک بۆ جینۆساید ناوی هاتووە. هاوکات، لە ١٦ ئاداری ١٩٨٨دا، یەک لە قێزەوەنترین تاوانە جەنگییەکانی حکوومەتی ناوەندی لە هەڵەبجەدا ڕووی دا، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق بە چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجەیان بۆردوومان کرد، کە لە ئەنجامدا سەرووی ٥٠٠٠ هاووڵاتی شەهید بوون و هەزارانی تر بەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی چەکی کیمیاویی، کەوتن.

قۆناغی خۆبەڕێوەبردن (١٩٩٢-٢٠٠٣)

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی کەنداو و کشانەوەی سوپای عێراق لە هێڵی دژەفڕین لە باکوور لە ١٩٩١، هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەرەی کوردستانییەوە بەڕێوە دەبرا. ئەم بەرەیە پێک هاتبوو لە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ڕۆڵێکی زۆری لە دابینکردنی ئاساییش لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو و ڕێگای نەدا بۆشایی ئەمنی لە کوردستاندا دروست ببێت. دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٩٩٢، هەرێمی کوردستان یەکەم پەرلەمان، حکوومەت و ئەنجومەنی دادوەریی خۆیی دامەزراند.

شەڕی ناوخۆ (١٩٩٤-١٩٩٨)

ناکۆکیی كۆنی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، دواجار ڕێگای بۆ گەڕێكی دیكەی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستاندا خۆش کرد. ئەم شەڕە، کە حیزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی تێکەوت، یەک لە دژوارترین قۆناغەکانی میژووی هەرێمی کوردستان بوو. شەڕی ناوخۆ لە ١٩٩٤دا دەستی پێکرد و لە ١٩٩٨ بە ناوەندگیریی ئەمەریکا کۆتایی پێهات.

قۆناغی دوو ئیدارەیی (١٩٩٨-٢٠٠٥)

وەك دەرهاویشتە و ئاكامی شەڕی ناوخۆ و لێكترازانی ناوخۆیی، دوو ئیدارەی سیاسی و سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دروست بوون. هەولێر و دهۆک کەوتنە ناو یەک ئیدارە و سلێمانی و گەرمیانیش کەوتنە ناو ئیدارەیەکی جیاوازەوە. لە هەولێر و سلێمانی دوو حکوومەت هاتنەکایەوە. شەڕی ناخۆ و ئاسەوارەكانی و قناغی دوو ئیدارەیی هاوكات بوو لەگەڵ دۆخێكی سەختی گوزەران كە ئابڵوقەی نێودەوڵەتیی لەسەر عێراق دروستی كردبوو و بەو هۆیەشەوە لەو ساڵانەدا شەپۆلێکی گەورەی کۆچی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی ووڵات دروستبوو.

تێکەڵکردنەوەی ئیدارەکان (٢٠٠٥-٢٠١٧)

كۆتایی شەڕی ناوخۆ و ئاشتبوونەوەی گشتی و روخانی رژێمی بەغدا و هاتنەئارای هەلومەجێكی نوێ و دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥، هەرێمی كوردستان یەكیگرتەوە و پێینایە قۆناغێكی نوێ و دوو ئیدارەیی لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکوومەت کۆتایی پێهات و حکوومەتێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستی بە کارکرد. هاوكات عێراقێكی نوێ هاتەئاراوە و دەستوریكی گەل پەسەند بو واقیعێكی سیاسیی نوێ بەرپا بوو، سەركردایەتیی سیاسیی كورد زۆر چالاكانە بەشداری بنیاتنانی ئەو عێراقە نوێیە و راماڵینی ئاڵانگارییەكانی بەردەمی بوو. هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی چالاکی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا کرد و لە یەكەمین هەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراقیشدا هێزە کوردستانییەکان بە لیستی هاوبەش بەشدار بوون. هەر لەو ساڵانەدا و لە سایەی ئەو هەلو مەرجە نوێیە و تەبایی و هەماهەنگی پارتی و یەكێتی و هێزەكانی دیكەی كوردستان، بووژانەوەی ئابووری هەڵکشا و ئاوەدانی و پەرەپێدان و بازاڕی کوردستان گەشانەوەیەکی کەموێنەی بە خۆیەوە بینی.

کێشە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ (٢٠٠٧-٢٠١٧)

بەپێی دەستووری عێراق دەبووایە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، کە لە ماددەی ١٤٠ی دەستووردا شی کراوەتەوە، تا کۆتایی ٢٠٠٧ یەکلا بکرێتەوە. ئەم کێشەیە دەبووایە دوای ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکان و گەڕاندنەوەی خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە بۆ زێدی خۆیان و ئەنجامدانی سەرژمێری و ڕاپرسی، یەکلایی بکرێتەوە. ئەم کێشەیە بە تایبەت لە پارێزگای کەرکووک، کرۆکی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم پێک دەهێنێت. هاوکات پرسی دەرهێنان و بەبازاڕكردنی نەوت و لێكنەگەیشتنی هەردوولا لەسەر دەسەڵاتە ئیتحادی و هەرێمییەكان و پێشێلكارییە دەستورییەكان و دووركەوتنەوە لە پرنسیپە بنەڕەتییەكانی ( شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق) كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان كەڵەكە كرد و نزیكیان كردنەوە لە بنبەست.

ڕیفراندۆم (٢٠١٧)

دوای كەڵەكەبوونی كێشەكان و چارەسەرنەكردنیان، لە ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧دا، ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەڕێوە چوو. لەم ڕاپرسییە گشتییەدا، زیاتر لە ٩٢٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. حکوومەتی فیدراڵی عێراق ددانی بە ڕیفراندۆمەکەدا نەنا و هەر بەم بۆنەیەیشەوە، گەڕێکی تری گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان بەغدا و هەولێرەوە.

پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا

ھەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە مافی نەتەوە و ئایینەکانەوە، بە ناوچەیەکی ئارامی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. هەم گەلی کوردستان و هەم حوکمڕانییەکەی، توندڕۆیی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییان نییە، ئەم ڕاستییەش ناسنامەیەکی قبوڵكراوی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە. توركمان، مەسیحی، ئێزدی و شەبەک و زەردەشتی، چالاکیی جۆراوجۆری ئازادانە بەرپا دەكەن، رێژەیەكی زۆری پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی عێراق، بە تایبەت مەسیحییەکان، لە سنووری ئیداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەژین و لە پەرلەمان نوێنەرایەتی و لە دەسەڵاتی بەڕیوەبردندا پێگە و دەسەڵاتیان هەیە و مافەکانیان پارێزراون.

مەسیحی، ئێزدی و شەبەک، بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکانیانەوە، مێژوویان پڕاوپڕ لە چیڕۆکی بە ئازارە، بە تایبەت ئێزدی، کە لە کوردستان بە کوردی ڕەسەن ناودەبرێن، لە زۆر سەردەم و قۆناغی مێژووییدا دووچاری ئازار و چەند جاریش کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، کە دوایین جار بە هۆی هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعشەوە بوو. ئێزدی کە خاوەن ئایینی تایبەتن، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانیی دەکرێن و لە پەرلەمانیشدا مافیان پارێزراوە، هاوتای ئایینەکانی دی، ئازادانە چالاکییان هەیە و سروتە ئایینیەكانیان پەیڕەو دەکەن.

سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆی بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکاندا جەختیان کردووەتەوە، کە کوردستان وڵاتی هەمووانە و پێویستە هەمووانیش لە بەڕێوەبردنیدا هاوبەش بن و هەمووانیش لە بەرامبەر ئەرک و مافەکاندا خۆیان بە بەرپرسیار بزانن. ٢٨ ساڵیشە پەرلەمانی کوردستان زمانەکانی تورکمانی و سریانی بە فەرمی ناساندوون و خوێندنگای سریانی و تورکمانی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

ئابووری

ئابووریی هه‌رێمی کوردستان بە تایبەت پشت بە داھاتی وزە (سامان و کانزا‌ بنزه‌وییه‌کان) و ئینجا کشتوکاڵ و گەشتیاری دەبەستێت. بەھۆی سەقامگیرییەکەیەوە، لە ڕووی ئابوورییەوە هه‌رێمی کوردستان لە ناوچەکانی تری‌ عێراق پێشکەوتووترە و گەشەسەندنیش بەرچاوە .

دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەیەکی کراوە و فراوانی ئابووری و بازرگانی و بیناکردن و ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی متمانە بۆ سەرمایەدارانی کوردستان و سەرمایەگوزاریی دەرەكی دەستی پێکرد، کە ئێستا کوردستان نەک هەر بە تەنیا بە ناوچەیەکی ئارام و گەشەسەندوو دادەنرێت، بەڵکوو پێگه‌یەکی سیاسیی به‌رچاویشی هه‌یه‌ و چەندین وڵات کونسوڵخانەیان تێیدا کردووەتەوە و سەدان کۆمپانیای بیانی لە کوردستاندا وەبەرهێنان دەکەن.

سامانی نه‌وت و گاز

کوردستان سامانێکی زۆری هه‌یه له نه‌وت و گاز. کۆمپانیاگەلی زەبەلاحیش له کوردستاندا له‌ بواره‌کانی گه‌ڕان و ده‌رهێنانی نه‌وت و گازدا کار ده‌که‌ن، بریتین له کۆمپانیای ،تۆتاڵ، شێڤرۆن، تالي، گازپرۆمی ڕووسیایی، گێنه‌ل وزه‌، هه‌نت ئۆيڵ، گۆلف كيستون پتڕۆلیۆم و داناگاز.

لە هەرێمی کوردستاندا دوو فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی لە ھەولێر و سلێمانی ھەن، کە بە گەشتی ئاسمانی بەستراونەتەوە بە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕوپاوە و لایەنێکی دیکەی سەرچاوەی داهاتن.

کشتوکاڵ

لە هەرێمی کوردستاندا هەموو ڕەگەز و بنەماکانی کشتوکاڵ بە زیادەوە هەن، لە زەویی بەپیت، ئاووهەوای گونجاو، جووتیاری کارامە.

گەنم بە یەكێك لە بنەماكانی ئاسایشی خۆراك دەزانرێت، لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی بە جۆرێكە، زیاترە لە پێویستیی بازاڕی هەرێمی كوردستان.

هەرێمی كوردستان نزیكەی ملیۆنێک و 220 هەزار و 270 دۆنم زەویی بەراوە و پشت بە ئاودان دەبەستێت، لەوانە 6 هەزار و 450 دۆنم بەهۆی پڕۆژەی ستراتیژی، ملیۆنێک و 145 هەزار دۆنمیش بەهۆی پڕۆژەی بچووكی كشتوكاڵی، 10 هەزار و 270 دۆنمیش بەهۆی پۆندەكانەوە.

ساڵ هەبووە بەرهەمهێنانی گەنم لە هەرێمی كوردستان لە پێویستیی دانیشتووانی هەرێم زیاتر بووە، گەیشتووەتە نزیكەی یەك ملیۆن تەن، لەكاتێكدا پێداویستیی ناوخۆ بۆ گەنم نزیكەی 550 هەزار تەنە و یەكێكە لەو بەرهەمە سەرەكییانەی كە دەتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت.

وەكوو لە پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ دایە، لە سەوزەواتیش (تەماتە، خەیار، پەتاتە) بەتایبەتی لە وەرزی بەرهەمهێناندا، پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەكەنەوە و دەتوانرێت بڕە زیادەكەیان هەناردە بكرێت. هەروەها دەتوانرێت هەنار، ترێ، هەنگوین و پەلەوەر هەناردە بكرێن.

سامانی کانزاکان

ناوچه‌کانی کوردستان چه‌نده‌ها کانزای جۆراوجۆری بن زەوییان تێدایه‌. ئەمانه هه‌تا ئێستا، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ نه‌وت و گاز، بایه‌خێکی زۆریان پێ نه‌دراوه، بۆیه‌ به‌دوایدا نه‌گه‌ڕاون. ئه‌م کانزایانه، ئه‌وه‌نده‌ی تا ئێستا له‌ هەرێمی کوردستاندا دۆزرابێتنه‌وه‌، به‌شێوه‌یەکی سه‌ره‌کی بریتین له‌ به‌ردی گۆگرد، که‌ گه‌وره‌ترین سه‌رچاوەی ئه‌م کانزایه‌ له‌ جیھاندا که‌وتووەته باشووری ڕۆژھه‌ڵاتی شاری ھەولێر. به شێوه‌یەکی که‌میش، به به‌راورد له‌گەڵ گۆگرد، له کوردستاندا خه‌ڵووز، ئاسن، مس، زێڕ، به‌ردی کاڵس (که بۆ دروستکردنی چیمه‌نتۆ به کار دێت)، مه‌ڕمه‌ڕ و زینك هه‌ن.

داهاتی تاک

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٠دا، داهاتی تاک لە عێراق لە ئاستێکی مامناوەند دایە و ساڵانە لە نێوان ٤ هەزار و ٥٠ دۆلار بۆ ١٢ هەزار و ٥٣٥ دۆلار دایە، ئەو ئاستەش ئاستێکی مامناوەندە، کە خەڵكی وڵاتانی چین و ئوردون و لوبنان و تورکیا نزیکەی لە هەمان ئاستدان.

جوگرافیای هەرێمی كوردستان

مێژوونووسان و لێکۆڵەران لەسەر ئەو باوەڕەن، کە سنووری ئەم بەشەی کوردستان لە باکوورەوە، لە سنووری عێراق - تورکیا، لە شارۆچکەی زاخۆوە دەست پێدەکات تا شارۆچکەی بەدرە (سەر بە شاری واست/کوت لە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی عێراق) و لە باشوورەوە تا زنجیرەچیای حەمرین درێژ دەبێتەوە. لە ڕۆژهەڵاتیشەوە، لە سنووری عێراق - ئێران دەست پێدەکات و تا ڕۆژئاوای سنووری عێراق - سووریا.

خاكی کوردستان لە چیا و زنجیرەچیا، دەشت، دۆڵ و گرد پێك هاتووە. زستانی ساردە و بارانی بە ڕێژەی جیاواز لێ دەبارێت، كە لە 200 تا 1000 ملم دەبێت، هەروەها به‌فر بە هه‌مان شێوە، بە ڕێژەی جیاواز دەبارێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكاندا، كە بووەتە هۆی دروستكردنی كانیاوی زۆر و ڕووباری گه‌وره و بچووك (زێی گەورە، زێی بچووك، سیروان و خاپوور، كە بە یەكەوە ده‌ڕژێنه ڕووباری دیجلەوه‌). ناوچە شاخاوییەكان بە دار و دەوه‌نی جۆراوجۆر داپۆشراون. هاوین لە پێدەشتەكان گەرمە و لە ناوچە شاخاوییەكان مامناوەندی و فێنكە، واتا هەرچەند بەرەو چیاكان بڕۆیت، پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە. كۆمەڵێك لووتكە چیای بەرزی لێ هه‌ڵكەوتووە، كە لووتكەی هه‌ڵگورد لە زنجیرەچیای (حه‌سارۆست) بەرزترین لووتكەیە و بەرزییەكەی 3607 مەترە.

ڕووبەری هەرێمی کوردستان

ڕووبەری ھەرێم ٧٨٧٣٦ کم٢، کە دەکاتە زیاتر لە ١٨%ی سەرجەمی ڕووپێوی عێراق و ئەم ناوچانە دەگرێتەوە:

پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک - بەشێک لە پارێزگا - و هەڵەبجە)، ھەموو شارەدێ و قەزاکانی پارێزگای نەینەوا، جگە لە قەزاکانی مووسڵ و بەعاج و حەزەر؛ قەزاکانی خانەقین، مەندەلی و کفری جگە لە شارەدێی بەلەدرووز لە سنووری پارێزگای دیالە و ناوەندی قەزای بەدرە لە پارێزگای واست/کووت.

هەرێمی کوردستان لە لایەن دامودەزگای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت و هێزەکانی پێشمەرگەش سنوورەکانی ئەم خاکە دەپارێزن.

لەڕووی کەشوھەواوە ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ھەرێم پۆلێن دەکرێت:

ھەرێمی ئاووھەوای دەریای ناوەڕاست

ئەم جۆرە ئاووھەوایە بەشەکانی باکوور و باکووری ڕۆژھەڵاتی ھەرێم دەگرێتەوە و سنووری باشووری لەگەڵ سنووری باشووری ناوچەی شاخاوی لە ھەرێمدا دەڕوات. ئەم ھەرێمە پتر لە ٥٠ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی داگرتووە، لە ڕووی گەرمییەوە بە زستانی زۆر سارد و بە ھاوینی فێنک ناسراوە. لە ڕووی دابارینەوە لە نیوەی زستان پەرە دەستێنێ و ھاوینی وشکە، ھەروەھا ئەو ھەرێمە لە ھەموو ناوچەکانی تری عێراق بە بارانترە، تێکڕای بارانی ساڵانەی لە ٥٠٠ملم دانابەزێت و تا بەرەو ڕۆژھەڵات و باکوورو باکووری ڕۆژھەڵات بڕۆین، باران زیاتر دەبێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەبێتە ھۆی پچڕانی ڕێگای گواستنەوە لە نێوان شارە جیاکاندا.

ھەرێمی ئاووھەوای نیمچەوشک (گەرمەسێری)

ئەو ھەرێمە کە بەشەکەی دیکەی ڕووبەری ھەرێم دەگرێتەوە، لە ڕووی سیستمی باران بارینەوە لە ھەرێمی پێشوو دەچێ (ھاوینی وشک و برینگ، زستانی بە باران)، بەڵام لە ڕووی کەمبارانییەوە، لەوەی پێشوو جیاوازە (ساڵانە کەمتر لە ٥٠٠ملم و بەرزیی پلەکانی گەرمی لە ھاویندا زستانی کەمتر ساردە؛ کەم جاری وا ھەیە بەفری لێ بکەوێ).

پەروەردە و خوێندن لە ھەرێمی کوردستان

خوێندن لە کوردستاندا بێ بەرامبەرە و لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێدەکات، تا تەواوکردنی زانکۆ و پەیمانگاکان.

زمانی سەرەکیی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا کوردییە. لە دوو پڕۆسەی خوێندندا لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی، لە هەندێک قوتابخانەدا بە زمانەکانی سریانی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانیایی و فەڕەنسایی و هتد.. دەخوێندرێ.

باخچەی ساوایان

لە تەمەنی چوار ساڵیدا منداڵ لە باخچەی ساوایان وەردەگیرێن، لە دوو ساڵدا هەندێک بنەماکانی فێربوون دەخوێنن و دواتر خوێندکار دەچێتە ئاستی بنەڕەتییەوە.

بنەڕەتی

ئاستی بنەڕەتی، ئەو ئاستەیە کە قوتابی تێیدا نۆ وەرزی خوێندنی ساڵ دەخوێنێت، لە پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەنجام دەدات و ئینجا دەچێتە پەیمانگاکان، یاخود ئامادەیی لە ئاستی وێژەیی، یا زانستی، یاخود پیشەیی، ئەمەش پەیوەستە بە ئارەزووی خۆی، کۆی کاروبارەکانی ئاستی ئامادەیی سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە.

ئامادەیی

قۆناغی ئامادەیی، ئاستێکە لە سێ وەرزی خوێندنی ساڵ پێک دێت، کە پۆلەکانی دە و یازدە و دوازدە دەگرێتەوە؛ لە پۆلی دوازدەدا بۆ دەستکەوتنی نمرە بۆ چوونە کۆلێژەکان، یان پەیمانگان، قوتابی تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەنجام دەدات، کۆی کار و بارەکانی ئامادەیی سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە.

وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیارە لە داڕشتنی سیاسەتی فێرکاری و پەروەردەییی قۆناغەکانی بنەڕەتی لە کوردستاندا، هەروەها ئەرکی ئامادەکردنی پلانەکانی خوێندن و دانانی پڕۆگرامی خوێندن و پەڕتووکی لە ئەستۆیە. هاوکات بابەتەکانی ناو ئەو پڕۆگرامانە و ناوەڕۆک و مەبەست و ئامانج و ژمارەی وانەکان، ئەرکی وەزارەتی پەروەردەن.

خوێندنی باڵا

قوتابی دەچێتە کۆلێژ، یان پەیمانگاکان، ئەمەش دوای تاقیکردنەوەی نیشتمانی دەبێت لە پۆلی دوازەی ئامادەیی، یان بۆ چوونە ھەندێ لە پەیمانگاکان لە پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەبێت. ماوەی خوێندنی کۆلێژ و پەیمانگاکان لە نێوان دوو ساڵ تا شەش ساڵە، دوای تەواوکردنی ئەم قۆناغەش، هەندێک خوێندکار لە دامودەزگاکانی حکوومەت، یان کەرتی تایبەت دادەمەزرێن، کاروبارەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵایە.

گەشتیاری

هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان، سروشت و مێژوو و شارستانییەتەکەی، شوێنه گه‌شتیاری و ئایینی و شوێنەوارە جیاکان، دۆڵ، شیو، گرد، کێو، ئه‌شکه‌وت، نه‌خشه‌تاشراو و مزگه‌وت و که‌نیسه‌کان، هاوکات که‌شوهه‌واکەی، به درێژایی ساڵ هۆکار و یارمه‌تیده‌رن لە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان. لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 3 هەزار شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەن، كە شوێنی مانەوە و خواردن و شوێنی سروشتی و مرۆیی و چالاكی پێك دەهێنن.

لە هەرێمی کوردستاندا دەستەی گشتیی گەشتوگوزار هەیە و ستراتیژیەتێكی بۆ ئەم کەرتە داڕشتووە، بە هۆیەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەرتی گەشتوگوزار پێشوەچوونی بە خۆیەوە بینیووە.

گەشتوگوزاری ئایینی

هەرێمی كوردستان ناوەندی ئایینە كۆنەكانی وەك میترایی و زەردەشتییە. سەرزەوی بەیەكەوەژیانی ئاشتیانەی ئایینەكانی وەك: (ئیسلام، كریستیان، ئێزدی، هەقە و كاكەیی) و كۆمەڵێك باوەڕ و ئایینی دیكەیشە. جێگای سەرهەڵدانی زۆر لە پەیامهێنانی وەك: (زەردەشت، ئیبراهیم خەلیل، نووح، ئەییووب، عوزێر و دانیاڵ) بووە و ژمارەیەكی زۆر لە مەزارگای ئایینی تێدایە.

ژمارەیەكی زۆر لە مزگەوت و كەنیسە و پەرستگا و مەزارگای كۆنی ئایینەکان لە كوردستان بەرچاو دەكەون، هەر ئەمەش هۆكارێكی بنەڕەتییە بۆ ڕاكێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە، كە بۆ سەردانیی شوێنە ئایینییەكانیان و نزاكردن، دێنە ئەو شوێنانە.

گەشتوگوزاری ژینگەیی

ژینگەی هەرێمی كوردستانی عێراق لە باری ئاوهەوادا خاوەنی تایبەتمەندییە، لە زستان بەفر و باران لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت، لە وەرزی بەهاردا كەشوهەوایەكی خۆشی هەیە و لە هاویندا پلەی گەرمی مامناوەندییە. خاوەنی داری سروشتی و دەستكردە، لە گوڵ و ڕووەك، لە ئاژەڵ و باڵندە، لە كولتوور و شوێنەوار، لە جوانیی دیمەنی گوندەكان و هۆبەی ڕەشماڵی ڕەوەندە كۆچەرییەكان، لە بەرزی و نزمی و تۆبۆگرافیا. سەرجەم ئاوەكان و كانیاوەكانی ئاوی سازگار و شیرینن، لووتكە چيای بەرزی وەك هەڵگورد(3706م) و چیای قەندیل و سەكران و زۆزك و كۆڕەك و برادۆست و هەندرێن و شیرین و گارە و مەتین و زمناكۆ و پیرەمەگروون و سەفین و چەندان بەرزایی تر، سەدان دۆڵ و نزمایی هەیە، دارستانی سروشتیی زۆری هەیە، ناشناڵ پاركی هەڵگورد- سەكران بە ڕووبەری 600كم دووجا بڕیاری دروستكردنی دراوە. كوردستان خاوەنی چەندان تاڤگە و دیمەنی سەرنجڕاكێش و جوانە لە بەرزایی و نزمایی.

گەشتوگوزاری كولتووری

لە كوردستانی عێراقدا نەتەوەی كورد و توركمان و ئاشوور كلدان ئەرمەن و عەرەب دەژین، لە ناو كورددا چەند هۆز و تیرەی جیا دەژین، هەریەك لەو نەتەوە و تیرە و هۆزانە، خاوەنی دابونەریت و مەراسیم و جلوبەرگ و شێوەزار و زمانی تایبەت بە ناوچەكەیانن. خاوەنی كەلوپەلی دروستكراوی خۆیانن لە بواری كشتوكاڵكردن، كەرەستە و كەلوپەلی ناوماڵ، خشڵ و كەرەستەی خۆڕازاندنەوە، لە دروستكردنی جلوبەرگ و لەبەركردنیان، لە جۆری خواردن دروستكرن، كەلوپەلی هونەری و هتد. ئەمانە وایان كردووە كۆمەڵگای كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەبێت و جیاواز بێت لە دەوروبەری خۆی و گەلانی دیکەی جیهان. كوردستان خاوەنی چەندان مۆزەخانەی كولتووریی جۆراوجۆرە لە شارەكانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و كەلار. چەندان بەرهەمی پیشەی دەستی خۆماڵی هەن و ئێستایش بەشێكیان بەردەوام دروست دەكرێنەوە و دەخرێنە بەردەست گەشتیاران.

گەشتوگوزاری شوێنەواری

لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا زیاتر لە 3500 شوێنەوار هەن، بەشێکی ئەم شوێنەوارانە بۆ گەشتوگوزار گرنگن؛ وەك قەڵاكانی (هەولێر، خانزاد، دێرێ‌، دوین، سارتكە، ئاكرێ‌، ئامێدی، ڕواندز، شێروانە و بەرزنجە). هەروەها ژمارەیەك هەڵكۆڵدراو هەن وەك (قزقاپان، خنس و هەڵامتان)، لەگەڵ ژمارەیەك پەیكەری هەڵكۆڵدراو وەك (هەریر، دەربەندی بێلوولە، دەربەندی گاور و میرقوولی)، ژمارەیەك ئەشكەوتی شوێنەواریی گرنگ لە كوردستان هەن وەك (شانەدەر، كە مرۆڤی نیاندەرتاڵی تێدا ژیاون و زیاتر لە 9 ئێسكەپەیكەری لێ دۆزراونەتەوە و مێژووی بۆ 60 هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەشكەوتی چوار ئەستوون، كە پەرستگای ئایینی زەردەشت بووە، گوندێك و چەند وێنەی هەڵكۆڵدراوی لەسەرە. ئەشكەوتی بەستوون و هەودیان، چەمی ڕەزان و هەزارمێرد و زەرزی، كە كەلوپەلی شوێنەوارییان لێ دۆزراونەتەوە)، مۆزەخانە لە شارەكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك هەن و هەزاران پارچەی شوێنەوارییان تێدایە. ژیانی كشتوكاڵیی 10 هەزار ساڵ بەر لە زایین لە گوندی زوویا چەمی و 7 هەزار ساڵ بەر لە زایین لە گوندی چەرمۆ دەستی پێكردووە. شوێنەوارەكان ئامادەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

گەشتوگوزاری ئاوی

سروشتی هەرێمی كوردستانی عێراق بەرز و نزمیی زۆرە، كە چەندان لووتكەچیا و دۆڵی درێژی هەیە، لە زستاندا بەفر و بارانیان لێ دەبارێت. ڕووباری بچووك و كانیاوی زۆرە، زێی گەورە و بچووك، كە دوو سەرچاوەی ڕووباری دیجلەن، لە عێراقەوە بە ناو خاكی كوردستاندا تێدەپەڕن. كانیاوی زۆر لە ناوچە شاخاوییەكان هەن، تاڤگەی جۆراوجۆری وەك گەلی عەلی بەگ، بێخاڵ، ئەحمەدئاوا، شەرانش، سۆلاف و بەستێ و ژمارەیەك بەنداو و دەریاچە هەن، وەك بەنداوی (دووكان، دەربەندیخان، دهۆك و باوەشاسوار) لە شارەكانی سلێمانی، دهۆك و هەولێر، ژمارەیەك مەلەوانگەی كراوە و داخراو دروست كراون. سەرچاوە ئاوەكانی كوردستان، ئاوەكەیان لە جۆری شیرینە و ئاوێكی پاك و سازگارە.

لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا دوو جۆر گەشتوگوزاری چارەسەرییش هەن، یەكەم سروشتی و دووەم مرۆیی. لە سروشتیدا كانیاوگەلی كانزاییی جۆراوجۆر هەن، كە بۆ چارەسەری نەخۆشیی خورشتی پێست و زەرتك، لادانی بەردی گورچیلە، بە كار دێن.

جۆری دووەم چارەسەری مرۆیییە، کە سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بە تایبەت كەرتی تایبەت، كە پزیشکی تایبەت لە وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ كوردستان دەهێنن، بەم هۆیەشەوە گەشتیاران لە شارەكانی تری عێراق و وڵاتانی دەوروبەرەوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

هەرێمی كوردستانی عێراق دۆڵ و چیا و دارستان و ڕووباری گەورە و بچووكی هەن، گەشتیاران دەتوانن هەڵگەڕان بەسەر چیاكانی هەڵگورد، پیرەمەگروون، كۆڕەك ، برادۆست، شیرین و سەفینیشدا بكەن، دەتوانن بەناو دۆڵە درێژ و قووڵەكان و ڕووبارە پێچاوپێچەكان و ئەشكەوتە قووڵەكاندا گەشت بكەن.

گه‌شتیاریی پێشانگا و کۆنفراسه‌کانیش لە هەرێمی کوردستان، جۆرێکی دیکەیە. پیشه‌سازیی گه‌شتیارین به‌ گه‌شترین پیشه‌سازی داده‌ندرێت له جیهاندا و‌ ئێستا له هه‌ره که‌رته گرنگه‌کانی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تییه‌.