ڕاگه‌يه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

News
- 4 November 2020

هێرشی ئەمڕۆی پەکەکە لە قووڵایيی خاکی هەرێمی کوردستاندا و لە ناحیەی چەمانکێ له‌ سنووری پارێزگای دهۆک كه‌ تيايدا پێشمه‌رگه‌يه‌ك شه‌هيد و ژماره‌يه‌كى ديكه‌ش بريندار بوون، پێشهاتێكى مه‌ترسيداره‌ و به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ده‌كه‌ين. ئه‌م هێرشه‌ هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و هێرشە بۆ سەر ژیان و ئارامیی خەڵک و خاکی کوردستان.

لە کاتێکدا گەلی کوردستان گیرۆدەی چه‌ندين قەیران و کێشەیه‌، ئەم شەڕپێفرۆشتن و بارگرژییە له‌لايه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌، دۆخی هه‌رێمی کوردستان و گەلەکەمان دووچاری نەهامەتیی زیاتر دەکاته‌وه‌ و كه‌س تيايدا براوه‌ نييه‌.

وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە كه‌ پێویستە په‌كه‌كه‌ ڕێز لە قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هەرێمى كوردستان و حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت و شەڕ و گێچەڵ لە کوردستان دوور بخاته‌وه‌.

سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌وسوكارى پێشمه‌رگه‌ى شه‌هيد (هێرش جەوهەر محه‌مه‌د) ده‌كه‌ين و هاوخه‌ميانين، هیوای زووچاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکانمان دەخوازين، داواکارين هەموو كێشه‌كان بە دانايى و دانبەخۆداگرتن چارەسەر بکرێن و دۆخه‌كه‌ لەوە زیاتر پەرەنەستێنێت.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

4/11/2020