ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/8/25 لە شاری هەولێر، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمێکدا کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە وێڕای بەڕێزان وەزیر و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەربازی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە تیایدا بەشدار بوون، بەڕێز کۆڵۆنێڵ ثۆرستن پیچا، فەرماندەی هێزی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، سوپاسی پاڵپشتی و هاریكاریی لایهنه پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا كرد، بەتایبەت لە هەماهەنگیکردنیان لەگەڵ هێزەکانیان بۆ تێکشکاندن و سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاس و پێزانينی ههرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی بهردهوامى ئەڵمانیا له عێراق و ههرێمی كوردستان دووپات كردهوه و ڕۆڵی هێزی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا دژ بە داعش، هەروەها مەشق و ڕاهێنانەکانیان بە پێشمەرگە، هەوڵەکانیان لە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتییە لۆجستییەکانیان بۆ پێشمەرگە، بەرز نرخاند.