Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی سەربەخۆییی کۆماری چیک ـدا دەکات

2026-10-27T18:11:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/10/27 لە هەولێر، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادەکانی 108ساڵەی سەربەخۆییی کۆماری چیکۆسلۆڤاکیا و 20ساڵەی کردنەوەی نوێنەرایەتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری چیک ـەوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی ئیداری و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوون، بەڕێز جێگری سەرۆک بەناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزباییی یادەکانی لە ستافی کونسوڵخانەی گشتی و گەل و حکوومەتی چیک کرد و هیوای سەرکەوتن و گەشانەوەی بۆ کۆماری چیک ـی دۆست، خواست.

بەڕێز لۆکاس جيوريک، کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و پێزانین بە ئامادەبوونی هەمووان لە ڕێوڕەسمەکەیاندا، جەختی لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و خواستی کۆماری چیک ـی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان، نیشان دا.