
بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز گلێن مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ئوسترالیا و هەرێمی کوردستان، هەروەها پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و چەند پرسێکی هاوبەش و جێی بایەخی هەردوولا، تاوتوێ کران.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا و خواستی دوولایەنە بۆ کار و هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان دووپات کرایەوە. سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن، ئەمەش لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق.
