Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کونسوڵی گشتی و شاندێکی سەربازیی ئەڵمانیا کۆبووەوە

2024-11-04T10:08:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2024/11/4, بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێزان ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ ڕیتەر، فەرماندەی سەربازیی ئەڵمانیی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و شاندێکی یاوەریان، کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، باس لە پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها ڕۆڵی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز نرخێندرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، خرانە بەر باس. لەمبارەیەوە، بەرێز جێگری سەرۆک هیوای خواست گفتوگۆی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی، بە زوویی دەست پێبکات.

لای خۆیانەوە شاندی میوان، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا، ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە کاریگەر هەڵسەنگاند.

پەیوەندیی هەولێر ـ بەغدا و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تیایدا بەردەوامیی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دووپات کرایەوە.