Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا کۆبووەوە

2026-07-08T12:02:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/7/8 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ‏ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی‌ له‌ بەڕێز دانیال ئێگەرت و شاندێکی کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، ‌پەیوەندییەكانى ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بۆ پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تاوتوێ کران.

لە تەوەری پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا، هەردوولا وێڕای جەختکردنەوەیان لە گرنگیی پەرەپێدانیان، ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە پێویست لە قەڵەم دا.

پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا، پێویستیی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، دووپات کرایەوە.