
ئەمڕۆ دووشەممە 2025/4/28 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ پیتەر کوپەر، فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هاریکارییە سەربازییەکان و مەشق و ڕاهێنانەکان بە پێشمەرگە، هەروەها پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، وێڕای تیشک خستنەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی بۆ سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە، بە گرنگ زانی و جەختیشی لە پاراستنی ئاسایشی هێزە هاوپەیمانەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا، کردەوە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغداش، بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولای، وەک میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان، لە قەڵەم دا.
لای خۆیانەوە شاندی میوان، پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییە سەربازییەکان و هەماهەنگیی هاوبەشیان لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش، دووپات کردەوە و بە بایەخیشەوە، هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان، هەڵسەنگاند.
