Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئیتاڵیا کۆبووەوە

2025-01-21T14:13:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/1/21 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنێلۆ، فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، ڕووداو و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان و مەترسییەکانی داعش لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆیان لێ کرا، لەمبارەیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی ئیتاڵیای لە چوارچێوەی ‏هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەرز نرخاند و جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوولا، کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە کرا و دوا هەوڵ و هەنگاوەکان بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، خرانە بەر باس. سەبارەت بە پەیوەندییەکانیش، گرنگیی بەردەوامی و پەرەپێدانیان، بە تایبەتی لەڕووی سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە، دووپات کرایەوە.

لای خۆیانەوە شاندی میوان، بە بایەخەوە لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دوان و جەختیان لە بەردەوامیی پشتیوانییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە کردەوە. سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بە پرۆسەیەکی گرنگ لەپێناو سەقامگیریی سیاسی و بەهێزیی هەرێمی کوردستاندا، وەسفیان کرد.