ئەمڕۆ سێشەممە 2026/9/1 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک بەرپرسی سەربازیی هێزی تایبەتی ئیتالیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، پێشوازیی لە بەڕێز کاپتن فرانچسکۆ رۆبینۆ، کرد.
لە دیدارەکەدا بەڕێز جێگرى سەرۆک سوپاسی ئەرک و کارەکانی بەڕێز کاپتن رۆبینۆ و تیمەکەی لە ماوەی ڕابردوودا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کاری داهاتوویاندا بۆ خواستن، هەروەها هاریكارییە سەربازییەکانی ئیتالیای لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان بۆ پێشمەرگە، بەرز نرخاند.
هەر لە دیدارەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک، وێڕای بەخێرهێنان، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە تیمی سەربازیی نوێ کرد و پاڵپشتیی هەرێمی کوردستانی بۆ زیاتر پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولا، دووپات کردەوە.