Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆک پێشوازیی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا کرد

2024-12-04T20:29:00.000000Z
هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/12/4. بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێزان نيكۆلۆ فۆنتانا، باڵيۆزى نوێى ئيتاڵيا له‌ عێراق و میکێلی کامێرۆتۆ، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارەکەدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز فۆنتانا کرد و بە پێزانینیشەوە، باسی لە کارەکانی بەڕێز کامێرۆتۆ کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا وەک کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا، ڕۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، گێڕاوە.

لای خۆیەوە بەڕێز نیکۆلۆ فۆنتانا باڵيۆزى نوێى ئيتاڵيا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە ئەرکە نوێیەکەی لە عێراق، لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دوا و جەختی لە فراوانکردن و پەرەپێدانیان، کردەوە.