Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد

2025-01-14T14:07:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/1/14 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و شاندێکی هاوبەشی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکی، سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە پێکهاتبوو، لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان، تاوتوێ کرد.

لە تەوەری چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، وێڕای خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە، گرنگیی پرۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرانەوە. سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتوو، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، کرایەوە.

دۆخی گشتیی ناوچەکە، پێشهات و ڕووداوەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.