پێشنیوهڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 3/2/2020 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی بهڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی بهڕێزان مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، لە باڵهخانهی سەرۆکایەتیی هەرێم کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بهڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە بهڕێز سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پشتگیریی خۆی بۆ ھەنگاوەکانی حکوومەت دەربڕی سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی و پڕۆژەکانی حکوومەت و برەودان بە پرۆسەی چاکسازی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا و داوای کرد کە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بهڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق لەم دۆخە نائاساییەی ئێستا دەربچێت. بهڕێزیان گوتی "خوازیارین کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن".
بهڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی فاکتەرێکی سەقامگیریی بێت لە ناوچەکەدا و پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت لەسەر بنەمای ڕێزلەیەکگرتنی هاوبەش.
پاشان بهڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی بهڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە کابینەی نۆیەم و ئاماژەی بەوە دا لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت کە بەشێکی سەرەکیی کارنامەی کابینەی نۆیەمە و لەپێناو هینانەدی دادپەروەری و بۆ بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
دەربارەی دۆخی ئێستای عیراقیش، بهڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لهوه کردەوە "ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەوڵمان داوە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین و هیوداراین حکوومەتی داهاتووی عێراقیش پابەند بێت بەو ڕێککەوتنانەی لە نێوانماندا هاتووەتە ئاراوە لەسەر بنەمای دەستوور".
پاشان بهڕێزان وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆ ڕاپۆرتێکیان دەربارەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا 2019) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پێشگیری لەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، دووپاتیشیان کردەوە کە تا ئێستا هیچ کەیسێکی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.