Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان داكۆكى له‌ مافى پێكهاته‌كان ده‌كاته‌وه‌

2020-05-17T10:05:09.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى دڵنياكردنه‌وه‌يان و نيشاندانى هه‌موو پشتيگرييه‌كى خۆى و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌كان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هاووڵاتيى ڕه‌سه‌نى هه‌رێمى كوردستانن و ده‌بێ ڕێز له‌ بڕياريان بگيرێت و ئازادييان پارێزراو بێت، هه‌روه‌ها نابێت بكرێنه‌ به‌شێك له‌ ناكۆييه‌ سياسييه‌كان، هه‌روه‌ك چۆن نابێت و قبوول ناكرێت هێرشيان بكرێته‌ سه‌ر.

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 17/5/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ نوێنه‌رانى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان، ديد و سه‌ر‌نج و ڕوانينى خۆيان بۆ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو و باسيان له‌ ڕۆڵ و پێگه‌ى پێكهاته‌كان له‌ ژيانى سياسى و كارگێڕيى هه‌رێمى كوردستاندا كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ پاراستنى ماف و شايسته‌كانيان له‌ بوارى نوێنه‌رايه‌تيكردنيان له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى شايسته‌ و به‌ركه‌وته‌ كارگێڕييه‌كاندا كرده‌وه‌.

نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان، وێراى دووپاتكردنه‌وه‌ى پێزانين و سوپاسگوزارييان بۆ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كه‌ وه‌ك چه‌ترى كۆكۆه‌ره‌وه‌ى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان و له‌پێناو پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كات، چه‌ندين كێشه‌ و گرفتيشيان خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ڕووى سياسى و كارگێڕييه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوويان ده‌بنه‌وه‌ و ئاماژه‌يان به‌ كه‌موكورتى و پێداويستيى خزمه‌تگوزارى له‌ چه‌ند ناوچه‌يه‌ك كرد و داوايا‌ن كرد سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنياندا، هاوكار و يارمه‌تيده‌ر بێت.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختى له‌ پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و جێگريكردنى ماف و شايسته‌كانى پێكهاته‌كان له‌ ده‌ستوورى داهاتووى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ و هه‌بوونى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئاينييه‌كانى به‌ مايه‌ى شانازى و ده‌وڵه‌مه‌ندى و وێنه‌يه‌كى جوانى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ ده‌بێ بپارێزێت و به‌رگرى لێ بكرێت.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ ئه‌وپه‌ڕى پێويستى به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هاوكار بن و هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، له‌ كار و هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت.