Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كۆبووه‌وه‌

2020-02-10T16:48:08.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق جه‌ختيان له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئاساييبوونه‌وه‌ى دۆخى عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى و ڕاسته‌ڕێبوونى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات كرده‌وه‌وه‌.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10/2/2020 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د عه‌لى ئه‌لحه‌كيم وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هه‌ردوولا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى وڵاتيان تاوتوێ كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر داواكاريى ڕه‌واى خۆپيشانده‌ران له‌ خزمه‌تگوزارى و ئێستا و ئاينده‌يه‌كى باشتر و ئه‌و مامه‌ڵه‌ تونده‌ى ڕووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه‌، جه‌ختيشيان له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاونانى جددى بۆ بنه‌بڕكردنى توندوتيژى به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داواكارييه‌كانى خۆپيشانده‌ران كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنى مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و فراوانبوونى جموجووڵى تيرۆرستانى داعش له‌ چه‌ندين ناوچه‌ى جياى عێراق و گرنگيى ڕۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆرستان، هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.