پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٧/٨/٢٠٢٢ بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کلێمنس زێمتنەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم و شاندێكی یاوەری کرد کە بەمەبەستی تەواوبونی ئەرکەکەی و ماڵئاواییکردن سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمی کردبوو.
لە دیدارێکدا دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەردوولا، ناکۆکیی لایەنە سیاسیەکان و بەبنبەست گەیشتنی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ ئەرک و ماندوبونی بەڕێز کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، هەروەها رۆڵی ئەڵمانیای لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە بەگرنگ وەسف کرد و هاوکاری و پشتیوانییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان لەبواری سەربازی و مرۆیی بەتایبەت لەشەڕی داعشدا، بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، سەرەڕای دوپاتکردنەوەی پشتگیری و هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ستایشی جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستانی کرد بۆ تێڕوانین و سەرنجە بابەتییەکانی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێم کە لەماوەی دیدارەکانی ڕابردوو خستویەتیە ڕوو.