ڕۆژى دووشەممە 2021/2/8 لە سەرۆكایەتیى هەرێم لە هەولێر، بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆكى هەرێمى كوردستان، پێشوازى لە جەیمس سۆرنتۆن كونسوڵى گشتیى بەریتانیا لە هەرێمى كوردستان و عەقید سێر چارلس سایكس ڕاوێژكارى تایبەت بۆ كاروبارى بەرگرى كرد.
لە كۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی هەرێمى كوردستان و بەریتانیا و هەنگاوەكانى یەكخستن و چاكسازى لەناو هێزەكانى پێشمەرگە و بارودۆخى سیاسیى هەرێمى کوردستان و عێراق و دۆخى تەندروستیى گشتی، تاوتوێ كرا.
بەڕێز مستەفا سەید قادر، دوپاتى کردەوە کە هەرێمى كوردستان بە دۆخێكى سیاسی و دارایی و ئابووریی هەستیاردا تێدەپەڕێت، وێڕاى پەتاى کۆڤید_19 کە کاریگەریی تەواوی لەسەر تەندروستی و گوزەرانی خەڵک و باری دەروونییان کردووە و گوتى: هەموو پێویستمان بە ڕێککەوتن هەیە لەسەر بەرنامەیەکی سیاسیی گشتگیر بۆ تێپەراندنی دۆخەکە. هەروەها داواى کرد وەك چۆن لە قۆناغە جیاكاندا پشتگیرییان لە هەرێمی كوردستان کردووە، ئێستاش بەریتانیا هاوكار و پشتیوان بێت بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە.
لاى خۆیەوە بەڕێز كونسوڵى گشتیى بەریتانیا، پشتیوانیى بەریتانیاى بۆ هەرێمى كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند بە بەراورد بە هەندێ لە وڵاتان، بەشدارییەكى زۆر و كاریگەریان لە هەرێمى کوردستان و عێراق هەیە.
هەردولا جەختیان لە پێویستیى كوردستان بە چاكسازیى هەمەلایەنە کردەوە، بەتایبەت لەڕووى یەكخستنى سەرچاوەكانى داهات و چاكسازییەوە لەناو هێزەكانى پێشمەرگە و لەمبارەیەوە شاندى بەریتانى دووپاتى پشتگیرییان بۆ چاکسازییەکان لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە.
لە تەوەرێكى دیکەدا، باسیان لە سیاسەتی هەمەجۆرکردنى ئابووری کرد بە شێویەک کە تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت، بەڕێز کونسۆڵی گشتیی بەریتانیاش پێشنیاری کرد زەمینەی زیاتر بۆ هاندانی وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى كوردستان بڕەخسێت و هیوای خواست كوردستان ببێتە نموونەی هەرێمێك کە سەقامگیریی سیاسی و ئاشتی و دادوەریی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیی ئابووری تیایدا بەرقەرار بێت.
لە کۆتاییدا بەڕێز جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سوپاسى بەریتانیاى کرد كە لەڕووى تەندروستى، ئاوەدانكردنەوە، خوێندن و خولى ڕاهێنانى پێشمەرگە و دادوەران، هاوکاریى هەرێمى کوردستان دەکات.