نێچيرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

News
- 4 September 2020

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 4/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارى توركيا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختيان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و توركيا، به‌تايبه‌تى فراوانكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئالوگۆڕى بازرگانى و هاريكارى و هاوبه‌شيى ئابوورى كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى توركى له‌ كه‌رته‌ جياوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا.

هه‌ردوولا پوخته‌يه‌كيان له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى خسته‌ ڕوو‌‌، له‌مباره‌يه‌شه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى توركيا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌موو جۆره‌ يارمه‌تيدان و هاوكارييه‌كى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌ و هه‌موو پێداويستييه‌كى ته‌ندروستى و پزيشكى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدرالى عێراق و دوايين هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان و ئاڵۆزييه‌كانى سنوور كرا، هه‌روه‌ها دۆخى گشتيى عێراق و هه‌وڵه‌كانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش خرانه‌ به‌ر باس.

دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.