سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: د. فرسه‌ت وێنەیەكی زۆر جوانی لاى هه‌موومان جێهێشت

News
- 19 November 2020

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ٢٠٢٠/١١/١٩ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ هه‌ولێر به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی پێشوازی له‌ ته‌رمی خوالێخۆشبوو د. فرسه‌ت سۆفی، پارێزگای هه‌ولێر کرد که‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی به‌رپرسان و دیپلۆماتکاران و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و که‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی پێکهاته‌کانی هه‌رێمی کوردستان، تیایدا به‌شدار بوون.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

ئامادەبووانی بەڕێز،

بنەماڵە و كەسوكاری خـوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفى،

خەڵكی خۆشەویستى هەولێر،

كوردستانیانی بەڕێز…

ئه‌مڕۆ بە دڵێكی پڕ لە خەم و ئازارەوە، پێشوازی لە تەرمی د. فرسەت سـۆفی، پارێزگاری هـەولێر دەكەین. د. فرسەت كەم ژیا، بەڵام ژیانی پڕ لە كار و بەرهەم بوو. د. فرسەت بە جوانەمەرگی ماڵئاوايى لێكردين، بەڵام بە چیرۆكی سەركەوتووی ژیانی، وێنەیەكی زۆر جوانی لاى هه‌موومان بەجێهێشت. نموونه‌ى كارزانی، دەستپاكی، نیشتمانپەروەری، دڵسۆزی و خه‌مخۆری وڵات بوو.

د. فرسەت بە تێكەڵبوونی لەگەڵ خەم و ئازارەكانی خەڵكدا، بە كاركردن بۆ نەهێشــتنی كەمـوكـوڕييەكانـی بـەڕێوەبردن، ببووە خۆشـەویستی ئێمە و هەموو خەڵك. دوێنێ سەرۆك بارزانی نووسیبووی: “كوڕێكی خۆم لەدەست دا”، كەسایەتییەكانی كوردستان، پێكهاتەكانی كوردستان، كونسول دیپلۆماتكـاران كه‌ له‌ هه‌ولێرن، زۆر بە ڕێزەوە باسـی د. فرسەتیان كرد. زۆر لە خەڵكی هەولێر و كوردستان بە ئەستێرەیەكی ئاسمانی هەولێر وەسفیان كرد. ئەو كەسەی خەڵك لێی ڕازی بێت، ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌مخۆری خه‌ڵك و نیشتمان بێت، ئینشه‌ڵڵا خۆشەویستی خوای مه‌زنه‌ و دەیخاتە بەر سۆز و بەزەیی خۆی.

بەڕێزان…

سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، بنەماڵە و كەسوكاری د. فرسەت لە ناوچەكانی شۆڕشدا ژیاون. گوندی گەزنەی قەزای چۆمان، بۆ خێزانه‌كانی پێشمەرگه‌ شوێنێكی گرنگ بوو، چونكە خەڵكی گوند زۆر هاوكاریيان ده‌كردن. بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، زۆر تێكەڵاو و یارمەتیدەری شۆڕش بوون، هەر لەبەر ئەوەش گوندەكەیان یەكێك بوو لەو هەزاران گوندەی كوردستان كە لەلایەن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ وێران كرا و خەڵكەكەی لە ئۆردوگاكانی زۆرەملێی دیانا نیشتەجێ كران.

د. فرسەت لە بنەماڵەیەكی نیشـتمانپەروەری بەو شێوەیە هاته‌ دنيا و گەورە بوو. بەهۆی هۆگريی یەكجار زۆرييه‌وه‌ بۆ خوێندنەوە، زانینەكەی زۆر لە ته‌مه‌نى خۆى زیاتر بوو، لەبەر ئەوەش بە شێوەیەكی زۆر خێرا لە ڕیزەكانی یەكێتيی قوتابیانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێشكەوت. بەهۆی كارزانییەكەی، بەهۆی جیدیبوون و دڵسۆزييه‌وه‌، لە هەموو ئەرك و بەرپرسیاريه‌تييه‌كانیدا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبووە جێگەی متمانەیەكی زیاتر.

كاتێك بووە یەكێك لە پاڵێوراوانی پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگێكی زۆر بووە پەرلەمانته‌ر، لە پەرلەمانیشدا بووە جێگەی متمانەی خەڵكێكی زیاتر لە كوردستان، چونكە بەهۆی پسپۆڕييه‌وه‌ لە بواری یاسادا ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە نووسین و گفتوگۆكردن لەسەر یاساكانی خولی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستاندا، هەبوو. هەروەها بەهۆی نزیكييه‌وه‌ لە جەماوەر و تیكەڵاوی لەگەڵ خەڵكی هەژاردا، زیاتر هەستی بە كەموكوڕییەكان دەكرد و بەردەوام هەوڵی دەدا چاكسـازی فراوانتر بكرێت و كەموكوڕییەكانی بەڕێوەبردن نەمێنن، ئەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ، لای خەڵكی كوردستان، د. فرسه‌تى خۆشەویستتر دەكرد.

هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، هەوڵدانی بەردەوامی بۆ خاوكردنەوەی گرژییه‌كانى نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، تێكەڵاوی لەگەڵ خەڵكدا، وایان كرد كەسێكی گونجاو بێت بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری پایتەختی هەرێمی كوردستان. بەداخەوە ماوەی كاركردنی وەك پارێزگاری هەولێر یەكجار زۆر كەم بوو، ئەگينا خەڵكی هەولێر و كوردسـتان كـاری بەرچـاوتـریان لە د. فرسەت دەبینى.

د. فرسەت ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2019، فەرمانی هەرێمیی دەستبەكاربوونی لەلایەن ئێمەوە وەرگرت. لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونییەوە، بە چالاكی چووە ناو كارەكانه‌وه‌. سەرپەرشتيی چالاكانەی زۆر پڕۆژەی كرد، چەند مەبەستی زیاتری شار بوو، هێنده‌ش خەمخۆری زیاتركردنی پڕۆژە بوو له‌ گەڕەك و قەزا و ناحیە هەژارنشینەكان. هەمیشە هەوڵی دەدا پڕۆژەكان بۆ ئەو شوێنانە بخرێنە پێشەوەی هەموو پڕۆژەكانی دیكه‌‌. هه‌ميشه‌ خه‌مى ئه‌وه‌ى بوو كه‌ به‌رده‌وام به‌ منی ده‌گوت له‌به‌ر دۆخى دارايى و كه‌ميى ئيمكانيات، ناتوانم وه‌ك پێویست خزمه‌تى هه‌ولێر و كوردستان بكه‌م. ئه‌وه‌ یه‌كێك بوو له‌ خه‌مه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌و پیاوه‌.

د. فرسەت جارێك بە سووكی كۆرۆنای گرت و چاك بووەوە، بەڵام جاری دووەم، كۆرۆنا وای لێكرد مانگێك به‌رله‌ ئه‌مڕۆ 19ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو لە كار داببڕێت، ئەوە بوو بەداخەوە دوێنێ بەیانی كۆچی دوایی كرد.

لێرەدا دەمەوێت سوپاسی هه‌موو ئامادەبووانی بەڕێز بكەم. سوپاسی پەرۆشيی هەموو خەڵكی هەولێر و كوردستان بكەم، سوپاسی هاوخەميی هەموو كونسولخانەكانی وڵاتانی بیانی كه‌ ته‌شریفیان هێناوه‌، ده‌مه‌وێ به‌تایبه‌تی به‌خێرهاتنیان بكه‌م بۆ خه‌مخۆرییان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌م، سوپاسی ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێز مسته‌فا كازمی ده‌كه‌م كه‌ له‌ جیاتی خۆی ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری خۆی ناردووه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، سوپاسی ده‌كه‌م و به‌خێرهاتنی ده‌كه‌م.

ناوی د. فرسەت سۆفی هەمیشە بە لێهاتوویی و بە دڵسۆزیيەكەی لە بیرەوەريی ئێمەدا، له‌ بیره‌وه‌ریی خه‌ڵكی كوردستان و خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی هه‌ولێردا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. داواكارین خوای مه‌زن لێی خۆش ببێت و سێبوورى و دڵنەوایی بە دایكی و هاوسه‌ر و منداڵان و برايانی و هەموو كەسوكاری، خوای گه‌وره‌ سه‌بووری هه‌موولایه‌كمان به‌یه‌كه‌وه‌ بدات.

دووباره‌ به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م و سوپاس بۆ هاتنتان، زۆر سوپاس بۆ خه‌مخۆریتان.

ماڵئاوا د. فه‌رسه‌ت.