Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

2025/02/28
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ڕاگەیاندنی پەیامی ئاشتی لە لایەن ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، جێگەی دڵخۆشییە بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و بە گەرمییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت، پەیامەکە وەرچەرخانێکی گەورە و مێژوویییە بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد لە تورکیا، هەروەها زەمینەسازی و نەخشەڕێگەیەکی گرنگیشە بۆ بە دەستهێنان و گەییشتن بە ئامانجەکان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسی و ئاشتییانەدا.

هیوادارم تورکیا وەڵامی ئەرێنیی هەبێت لە بەرانبەر ئەو پەیامی ئاشتییەی کە لە ئیمرالییەوە ڕاگەێندراوە و هیچ بەربەستێک بۆ پرۆسەکە دروست نەکرێت، چونکە ئەم پرۆسەیە زەمینەیەکی هێمن و لەباری پێویستە و لە چەند قۆناغێکدا خۆی دەبینێتەوە. ئومێدەوارم هەردوولا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەنگاو بنێن بۆ قۆناغی دروستبوونی متمانەبوون بە یەکتر و گەییشتن بە کەناری ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.