
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری هەولێر، کە هاوتایە لەگەڵ ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، لەم ڕۆژەدا شاری هەولێر بە پشتیوانیی خەڵکە ئازاکەی و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، تاجی سەرکەوتنی ڕاپەرینی کردە سەر و لە بەرانبەر ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس ڕاپەڕی، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە کوردستانییانی ئازیز و خەڵکی سەربەرزی شاری هەولێر دەکەم.
لەگەڵ یادی ڕاپەڕیندا، ٥٥ ساڵیش بە سەر ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا تێپەڕ دەبێت، کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی دەستکەوتێک بوو بۆ داهاتووی گەلی کوردستان و پێکانی ئامانجەکانی شۆڕش، بەڵام دواجار ئامانجی ڕێککەوتنەکە لە بار برا و بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، دوووبارە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی ئەوسا ڕووی لە ئاڵۆزیی زیاتر کرد، بەمەش کورد دەسەڵاتی لاواز بوو لە ناوچەکە، بەڵام دواجار بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، خەبات و تێکۆشان لەپێناوی دۆز و مافەکانی گەلی کوردستاندا، دەستیان پێکردەوە تا گەییشتە ڕاپەڕین.
پیرۆزیی یادی ڕاپەڕین و خەباتی شۆڕشگێڕیمان، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی هەموومان، بە تایبەت بۆ ئەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی کە تێیکەوتووین، گرنگە لە ئێستادا بە یەکڕیزی و کۆدەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هەنگاو بنرێت بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، لەپێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.
لەم دوو یادە مەزنەدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دادەنەوێنم. بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
١١ی ئاداری ٢٠٢٥