
لە (37)ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفالی ناوچەی گەرمیاندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنم، سڵاو لە کەسوکار و قوربانییانی سەربەرزی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەکەم.
هۆکاری ئەنفالکردنی خەڵکی بێتاوانی نـاوچەی گەرمیان، پەیوەستبوونی خەڵکە شۆڕشگێڕەکەی بوو بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانەوە، هەروەها خەڵکەکەی نموونەیەکی باڵا بوون لە ئاست خۆڕاگری و ئازایەتییەوە، هەمیشە لە بەرامبەر دوژمن قەڵغانێک بوون بۆ بەرگری لە پیرۆزیی خاکی کوردستان و بەرپەچدانەوەی هێرش و پەلامارەکانیان، بۆیە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر ئەم پرۆسە پڕ لە تراژیدی و نامرۆڤانەیە هاتە ئەنجامدان و لە چەند قۆناغێکی جیاجیادا بە بەرنامەیەکی سەربازیی داڕێژراو 182هەزار مرۆڤی بێتاوانی لە پیر و منداڵ و ئافرەت و پیاوی تێدا هاتە ئەنفالکردن، ئەوەی مایەوەش ڕاپێچی ئۆردوگا زۆرەملێکان کران.
لە قۆناغی ئێستادا ئەوەی گرنگە بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالکراوان بکرێت، قەرەبووکردنەوەی لایەنی ماددی و مەعنەوییانە لە لایەن حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها پێویستە پرۆسەی گەڕان بەدوای گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا چڕتر بکرێتەوە و کاری جددی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بە شکۆوە ڕووفاتەکانیان بگەڕێندرێنەوە خاکی پیرۆزی کوردستان و زێدی باب و باپیرانیان، لەپێناو ئاسوودەبوونی دڵ و دەروونی کەسوکارە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان، نیشتمانیش هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/4/14