Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە یادی 240 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا

2024-11-14T11:19:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی دووسەد و چل ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان دەکەم، کە دوو سەد و چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لەسەر دەستی ئیبراهیم سلێمان پاشای بابان، بنیاتنرا.

شاری سلێمانی هەر لە سەرەتای بنیاتنانیەوە تاکوو ئێستا، مەڵبەندێکی گرنگ و پڕ بایەخ بووە بۆ مەدەنییەت و بڵاوبوونەوەی خوێندەواری و ڕۆشنبیری، خاوەنی سەدان کەسایەتیی مێژوویی و زانای گەورە و شاعیری بەناوبانگە. هەمیشە ناوەندێکی چالاک و پێشەنگ بووە بۆ خەباتی پڕ لە شۆڕشگێڕی و بەرەنگاربوونەوە دژ بە زوڵم و زۆرداری و نادادپەروەری، هەروەها لە بواری خزمەتکردن بە کوردستان، بەردەوام قوربانیی داوە، بۆیە هەر لە دێر زەمانەوە نازناوی هەڵمەت و قوربانیی هەڵگرتووە، لە هەمان کاتدا، هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستاشدا، ئەم شارە هێمای ئاوەدانی و سیمبولێکی جوانی ناوچەکە بووە بۆ ژیانی پێکەوەیی و یەکتر قبووڵکردن.

ئومێدەوارم شاری سلێمانی لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەوە پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ و لە چوارچێوەی کاروبارە یاسایی و ئیدارییەکانی حکوومەتدا، کاری بۆ بکرێت و جێگای ڕەزامەندیی دانیشتوانەکەی بێت.

سڵاو لە خەڵکی خۆشەویست و سەنگینی شاری سلێمانی. هەمیشە ئاوەدان بێت مەڵبەندی ئازادیخوازی و شاری ڕۆشنبیری و پێکەوەژیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2024/11/14