Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

2025-03-05T07:05:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

هەموو ساڵێک لە ٥ی ئاداردا بە شکۆوە یادی ڕاپەڕین پیرۆز دەکەین، ئەمساڵیش لە یادی (٣٤)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی گەلی کوردستاندا بەرانبەر بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییانی ئازیز و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و سەرجەم ئەوانەی لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان تێکۆشاون، دەکەم.

٣٤ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، بە هەماهەنگی نێوان خەڵکە ئازا و تێکۆشەرەکەی و پاڵپشت بە هێزی پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانی، دیواری ترس و ستەمی حوکمی بەعسی تێکشکاند. ئەم ڕاپەڕینە بوو بە تاجی شکۆ و سەروەری بۆ گەلی کوردستان و بەدیهێنانی بەشێک لەو خەون و ئاواتانەی کە گەلی کوردستان چاوەڕێی بوون، هەروەها دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش، بەشێکە لە بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە ئاراوە.

پیرۆزیی یادی ڕاپەڕین، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی هەموومان، بە تایبەت بۆ ئەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی کە تێیکەوتووین، لە ئێستادا گرنگە بە یەکڕیزی و ڕۆحیەتی نیشتیمانپەروەری، هەنگاو بنێین بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و فەراهەمکردنی ژیانێکی پڕ شکۆ و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2025/3/5