نێچيرڤان بارزانى و كه‌ريم خان، ئه‌ركى (يوونيتاد) له‌ عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

News
- 15 June 2020

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌ ڕاوێژكارى تايبه‌تى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێز كه‌ريم خان، سه‌رۆكى تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانى داعش (يوونيتاد)ـه‌وه پێگه‌يشت، به‌رله‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15/6/2020 ڕاپۆرتێك له‌باره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانييه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى بكات.

له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا به‌ڕێز كه‌ريم خان، پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌وڵ و كۆششى به‌رده‌وامى (يوونيتاد) له‌پێناو به‌ديهێنانى دادپه‌روه‌ريدا بۆ قوربانيانى تاوانكارييه‌كانى داعش له‌ عێراق خسته‌ ڕوو كه‌ وێڕاى ته‌حه‌دييه‌ ئه‌منييه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا، له‌ كاره‌كانيان به‌رده‌وامن.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پشتگيريى خۆى بۆ ئه‌ركى (يوونيتاد) له‌ عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند لێپرسينه‌وه‌ له‌ تاوانكاريى داعش له‌ كاره‌ له‌پێشينه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ تاوانكارى به‌رامبه‌ر گه‌لى كوردستان و عێراق و تاوانكارييه‌كانى ديكه‌ى به‌رامبه‌ر ئێزدى و مه‌سيحى و پێكهاته‌كانى ديكه‌ تێوه‌گلاون، ده‌بێ بدرێنه‌ دادگا. به‌ڕێزيان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه سه‌ركه‌وتنى ئه‌ركى (يوونيتاد) په‌يامێكى ڕوون و به‌هێز ده‌بێت بۆ هه‌موو تاوانكاران كه‌ به‌هۆى كرداره‌كانيانه‌وه‌ سزا ده‌درێن و دادپه‌روه‌ريش بۆ خێزانى قوربانييان فه‌راهه‌م ده‌بێت.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها گوتى: بۆ پشتيوانى له‌ ئه‌ركى (يوونيتاد) هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان له‌ به‌غدا و شوێنه‌كانى ديكه‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى ده‌كات، به‌تايبه‌تيش بۆ به‌هێزكردنى چارچێوه‌ى ياسايى له‌ پرۆسه‌ى دادگاييكردنى تاوانكارانى داعش به‌ تۆمه‌تى جينۆسايد و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى و تاوانى جه‌نگ.

له‌ كۆتاييدا به‌ڕێز كه‌ريم خان سوپاسى سه‌رۆك بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييان له‌گه‌ڵ (يوونيتاد) و هيواى به‌رده‌واميى پێكه‌وه‌كاركردن و هاوكارى و پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌يان له‌ عێراق خواست.