Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌کات

2020-07-25T05:26:05.000000Z
لێدوان

به‌ڕێز عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، ڕێكخه‌ری گشتی

به‌ڕێزان ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و جڤاتی نیشتمانيی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

له‌ يادى یازده‌ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا‌، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزتان و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌كه‌تان ده‌كه‌م، هیوای به‌رده‌وامی و پێشكه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌ دامه‌زراندنیيه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی خوالێخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ له‌م یاده‌دا سڵاو بۆ گیانی ده‌نێرین و یادی ده‌كه‌ينه‌وه‌، ڕۆڵێكی دیاری له‌ كایه‌ی سیاسیدا گێڕاوه‌، ئێستاش لایه‌نێكى‌ كاریگه‌ر و سه‌ره‌كیی پێكهاته‌ی حكوومه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستانه‌، هه‌ڵوێسته‌كانیشی به‌رپرسیار و خه‌مخۆرانه‌ن.

هیوادارم ئه‌م یاده‌ گوڕوتینی زیاتر بداته‌ تێكۆشانی سیاسيی بزووتنه‌وه‌كه‌تان له‌پێناو ئامانجه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌ماندا، ئه‌م بۆنانه‌ ببنه‌ ده‌رفه‌تى قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی هاوكاری و پته‌وكردنی هاوخه‌باتی و ده‌ستگرتنی كۆی لایه‌نه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان به‌ نه‌گۆڕ و ئامانجه‌ نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌.

دۆخی ناله‌بار و كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان كه‌ به‌رۆكی كوردستانیان گرتووه‌، یه‌كڕیزی و ته‌بایی و پیكه‌وه‌یى له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازێت تا بتوانین ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنین، گه‌له‌كه‌مان له‌ قه‌یران و كێشه‌كان ده‌رباز بكه‌ین، پارێزگاری لە قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان بکەین و هەنگاوی زیاتر بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بنێين.

دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

25/7/2020