Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى تازه‌

2019-12-31T09:22:07.000000Z
لێدوان

ساڵى تازه‌ له‌ هه‌موو كوردستانييان پيرۆز بێت، هيواى ساڵێكى پڕ له‌ كامه‌رانى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان، بۆ جيهان و مرۆڤايه‌تى به‌گشتى ده‌خوازم. پيرۆزباييه‌كى تايبه‌ت له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان ده‌كه‌م، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى هه‌موو ئه‌و ئازيزانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ گيانى خۆيان به‌ كوردستان و به‌ ئازادى به‌خشى. هيواى سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و كۆتاييهاتنى قه‌يران و ئاڵۆزييه‌كان بۆ عێراق و ئاشتى و ئارامى بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، ناوچه‌كه‌ و جيهان ده‌خوازم.

كوردستانييانى خۆشه‌ويست،

عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ دۆخێكى ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕن، ڕووداو و پێهشاته‌كان كاريگه‌رييان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانيش هه‌يه‌. ئێمه‌ به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كهه‌ڵوێستى، ده‌توانين ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان ببينه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ بگه‌ينه‌ كه‌نارى ئارامى. له‌م پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانييه‌كان له ‌هه‌وڵه‌كانمان بۆ يه‌كڕيزى و ته‌بايى به‌رده‌وام ده‌بين. ئێمه‌ به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر ده‌ڕوانین.

له‌سه‌ر ئاستى عێراقيش وه‌ك هه‌ميشه‌ هاوكار ده‌بين و لايه‌نه عێراقييه‌كان هان ده‌ده‌ين كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى خۆيان به‌رامبه‌ر به‌ وڵات جێبه‌جێ بكه‌ن و هه‌موو كێشه‌كان به‌ ديالۆگ و لێكگه‌يشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ن. داوا له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيش ده‌كه‌ين بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر، له‌ پشتگيرى و هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بن.

كوردستانييانى خۆشه‌ويست، هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى كوردستان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ وڵاتى ماف و ئازادييه‌كان بۆ هه‌مووان و لانكه‌ى ئارامى سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و فره‌يى و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن ده‌مێنته‌وه‌ و هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا كار ده‌كه‌ين و ئه‌و بنه‌ما و كولتووره‌ جوانه‌ ده‌پارێزين و به‌رگرييان لێ ده‌كه‌ين.

ساڵى تازه‌ له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌موو لايه‌ك پيرۆز بێت، هه‌ر له‌ خۆشى و كامه‌رانيدا بن.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

31/12/2019