Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: زه‌مينه‌ى وه‌به‌رهێنان باشتر ده‌كه‌ين

2019-06-23T17:11:53.000000Z
کار و ئابووری

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23/6/2019 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزان ئه‌ندرۆ پیك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ماتیۆ تيووله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ لوتس جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانيی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بزنسمان و خاوه‌ن كارانی بیانی و ناوخۆ، به‌بۆنه‌ى ئیمزاكرنی ياداشتى لێكگه‌یشتنی نێوان ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى و يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕه‌سمێك به‌ڕێوه ‌چوو.

له‌ وتارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و پیرۆزباییكردن و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ ئیمزاكردنی یاداشتی لێكگه‌يشتنى ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى و يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستان، هيوای خواست به‌ خێرى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مه‌ريكا بگه‌ڕێته‌وه‌ و ببێته‌ هۆكارێك كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ده‌روازه‌يه‌ك بۆ بازاڕى گه‌وره‌ى عێراقيش به‌كار بهێنرێت.

به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هاتنی شاندی ژووری بازرگانیی ئه‌مه‌ریكی له‌م قۆناغه‌دا نه‌ك ته‌نیا بۆ هه‌رێم، به‌ڵكو بۆ عێراقيش گرنگیی خۆی هه‌یه‌ و نيشانه‌ى پشتيوانى و په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی درێژخایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا كه‌ پێش ساڵی 1991‌ بۆ 2003، تا 2014 و تا ئه‌مڕۆ به‌ قۆناغى جيادا تێپه‌ڕيون و ئاشكرای كرد كه‌ به‌ چاوى ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ دۆستايه‌تى و هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، هۆكارێكى سه‌ره‌كيى سه‌ركه‌وتن بوو كه‌ ئه‌مه‌ريكا سه‌ركردايه‌تيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى تيرۆر كرد و ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا بينى و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رگريیان له‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كانی ژیان، سه‌رفرازی‌، ئازادى و ديموكراسى، فره‌ڕه‌نگى و ئاشته‌وايى، پێكه‌وه‌ژ‌يان و لێبورده‌يى، مرۆڤایه‌تی و جیهان كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ قوربانییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقييه‌كانى ‌بيرهێنایه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ قۆناغی دوای شه‌ڕی داعش كرد و به‌ قۆناغی ئارامی و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانی و په‌ره‌پێدان و خزمه‌تگوزاری ناوزه‌د كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵی كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكاى له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تی ناوخۆ و حكوومه‌ت گرنگ وه‌سف كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پشتگیریی ئابوورى و بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى ئه‌مه‌ريكا ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری، هه‌روه‌ها سوپاسی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كانی بواری وزه‌ و بارزگانی و وه‌به‌رهێنانى‌ كرد كه‌ له‌ قۆناغی سه‌ختدا هه‌رێمی كوردستانیان جێنه‌هێشت و ڕایگه‌یاند كه‌ ڕۆڵی كاراتریان له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌نديی گه‌لی ئه‌مه‌ریكی و گه‌لانی ناوچه‌كه‌‌.

دواتر به‌ڕێزیان باسی ئه‌و زه‌مینه‌ له‌باره‌ و ئه‌و ئاسانكاریانه‌ى‌ كرد كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسا بۆ وه‌به‌رهێنان و بازرگانی هه‌یه‌‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ كه‌موكوڕى، لاوازى، ڕۆتين و به‌ربه‌ست، له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان لابه‌رن و چاكسازيى ياسايى و كارگێڕى و به‌تايبه‌تى كارگێڕيى داراييان ئه‌نجام داوه‌ و ڕووبه‌ڕووى كارى ناياسايى و گه‌نده‌ڵى بوونه‌ته‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هان ده‌ده‌ن تا له‌ڕووى ياسايى و شه‌فافيه‌ت و ئاسانكارييه‌وه‌، زه‌مينه‌ى له‌بارتر بۆ وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكه‌ن، تا وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌ست به‌ دڵنيايى بكه‌ن كه‌ له‌ شوێنى دروست و له‌ ژينگه‌يه‌كى ياسايى و كارگێريى ته‌ندروستدا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق قۆناغێكى نوێى په‌يوه‌ندی ده‌ستپێكردووه‌‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى، هه‌نگاوی تازه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شیيان ناوه‌‌ و هیوای خواست هه‌ردوولا وانه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرن، چونكه‌ هه‌وڵى جددى و دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان هه‌یه،‌ ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ په‌يوه‌نديى باشى هه‌ولێر و به‌غدا، ڕه‌نگدانه‌يه‌وه‌كى باشى له‌سه‌ر چالاكيى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، له‌ هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عێراق ده‌بێت.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ په‌ره‌پێدانى چالاكيى ئابوورى و بازرگانيی كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكی له‌ هه‌رێمى كوردستان،‌ ته‌نيا پرۆسه‌يه‌كى ئابوورى و بازرگانى نييه‌، به‌ڵكو به‌شدارى و هاوبه‌شييه‌كى كارايه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتانه‌وه‌ى ژيان و مرۆڤ له‌ وڵاتێكدا كه‌ ئازار و ده‌رده‌سه‌رى و كاره‌ساتى گه‌وره‌ى بينيوه، هاوبه‌شييه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئومێد بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانيان و ده‌بنه‌ هۆی دابینكردنی ده‌رفه‌تى كار و بنياتنانى ژيانێكى تازه‌ بۆ كه‌سێك، خانه‌واده‌يه‌ك به‌تایبه‌تی كه‌ گه‌لى كوردستان به‌ سروشت كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى كراوه‌يه‌ و حه‌زى له‌ بنياتنانى پردى په‌يوه‌ندييه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى.

به‌ڕێزیان دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى ژووره‌كانى‌ بازرگانى و پيشه‌سازى و كه‌رتى تايبه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن كار و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، چونكه‌‌ بڕوايه‌كى ته‌واویان به‌ گرنگى و ڕۆڵ و كاريگه‌ريى كه‌رتى تايبه‌ت هه‌يه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشبردنى بواره‌‌ جياكان و دابينكردنى پێداويستيی وڵات، بێ كه‌رتى تايبه‌ت سه‌ركه‌وتوو نابێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌زموونى زياتر له‌ (15) ساڵى ڕابردووى كه‌رتى تايبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕێنيشانده‌ره‌ و به‌ فێربوون له‌ ڕابردوو، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو باشتر ده‌كه‌ن و كه‌موكوڕى و به‌ربه‌سته‌كان لاده‌برێن و زه‌مينه‌ بۆ چالاكيى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، باشتر ده‌كرێت.

به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئيمزاكردنى ياداشتنامه‌كه‌ی نێوان ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى و يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستانی به‌ كارێكی گرنگ، هه‌نگاوێكى دروست و پێويست و ته‌واو له‌ كاتى خۆيدا وه‌سف كرد به‌تایبه‌تی كه‌ ژوورى بارزگانيى ئه‌مه‌ريكى گه‌وره‌ترين ڕێكخراوى بزنسى جيهانه و زياتر له‌ (100) نووسينگه‌ى له‌ جيهان هه‌يه‌‌ و ده‌رگاى زياتر له‌ سێ مليۆن كۆمپانياى ئه‌مه‌ريكى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كاته‌وه‌ و بازاڕێكى گه‌وره‌ بۆ كۆمپانيا ئه‌مه‌ريكييه‌كان دروست ده‌كات.

له‌ كۆتایيی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان سوپاسی ئه‌وانه‌ی كرد كه‌ كاريان بۆ ئیمزاكردنی یاداشته‌كه‌ كردوه‌ و سوپاسی هه‌وڵه‌كانی يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستانی كرد بۆ‌ تۆكمه‌كردنی په‌يوه‌نديى بازرگانى و ئابووريى هه‌رێم له‌گه‌ڵ جيهان و هیوای خواست له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق هه‌بێت.

بڕوای خۆیشی ده‌ربڕی کە فەرهەنگی کراوە، میواندۆستی، ئاره‌زووی هاوبه‌شی و پشتگیریی هه‌رێم له‌ وه‌به‌رهێنانی خۆماڵی و دەرەکی، کوردستان دەکاته‌ شوێنێکی تایبەت بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان. هه‌روه‌ها سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى له‌ ئه‌مه‌ریكا و خاتوو به‌یان سامی عبدالرحمن ستافی نوێنه‌رایه‌تی كرد كه‌ ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌یان بینیوه‌ بۆ ڕێكخستن و هێنانی ئه‌م شانده و ‌خۆشحاڵیی خۆی بۆ دامەزراندنی ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى لە هەرێمی کوردستان ده‌ربڕی و هیوای خواست پشتگیریی لە چالاکییەکانی بکرێت بۆ هاندان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی نێوان هه‌ردوولا.

ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز، ديپلۆماتكاران،

ميوانان كه‌ له‌‌ ئه‌مه‌ريكاوه‌ ته‌شريفتان هێناوه‌،

ئێواره‌تان باش، هه‌موو لايه‌كتان به‌خێربێن.

به‌خێرهاتنی گه‌رمی به‌ڕێزان ئه‌ندرۆ پیك جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ماتیۆ تيووله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، به‌ڕێز ستیڤ لوتس جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانيی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی عێراق ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ویش ئه‌مڕۆ ته‌شریفیان هێناوه‌ و هه‌موو لایه‌كیان به‌خێر بێن.

خۆشحاڵم كه‌ پێكه‌وه‌ لێره‌ين. هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌ و بۆ ياداشتى لێكگه‌يشتنى ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى و يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستان ده‌خوازم. پيرۆزباييتان لێده‌كه‌م، هيوادارم به‌ خێرى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مه‌ريكا بگه‌ڕێته‌وه‌. ئێوه‌ ده‌توانن لێره‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ده‌روازه‌يه‌ك بۆ بازاڕى گه‌وره‌ى عێراقيش به‌كار بهێنن.

هاتنتان له‌م قۆناغه‌دا نه‌ك هه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان، بۆ عێراقيش، گرنگه‌. نيشانه‌ى پشتيوانى و دۆستايه‌تيتانه‌. ئێمه‌، په‌يوه‌ندييه‌كى دۆستانه‌ی درێژخایه‌نمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا هه‌يه‌. په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌ پێش ساڵى 1991ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ هه‌مانبووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له‌ ساڵی 1991ـه‌وه‌ بۆ 2003، تا 2014 و تا ئه‌مڕۆ، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌ قۆناغى جيادا تێپه‌ڕيون. به‌ چاوى ڕێز و به‌ پێزانينه‌وه‌ له‌ دۆستايه‌تى و هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانين.

پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا بۆ ئێمه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، هۆكارێكى سه‌ره‌كيى سه‌ركه‌وتن بوو. ئه‌مه‌ريكا سه‌ركردايه‌تيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ دژى تيرۆر كرد. ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا بينى. ئێمه‌ پێكه‌وه‌ به‌رگريمان له‌و به‌ها هاوبه‌شانه‌ كرد كه‌ بڕوامان پێ هه‌يه‌. كه‌ بنه‌مای ژیان و سه‌رفرازی و ئازادین.

پێكه‌وه‌ به‌رگريمان له‌ ئازادى و ديموكراسى، فره‌ڕه‌نگى و ئاشته‌وايى، پێكه‌وه‌ژ‌يان و لێبورده‌يى كرد. به‌رامبه‌ر هه‌مان دوژمن جه‌نگاين. دوژمنى ژيان، دوژمنی شارستانى و دوژمنی پێشكه‌وتن. پێكه‌وه‌ به‌رگريمان له‌ ژيان و مرۆڤايه‌تى و له‌ جيهان كرد. لێره‌د‌ا، به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقييه‌كان، قوربانيانى سوپاى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيش، به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌.

به‌ڕێزان،

ئێستا قۆناغى دواى شه‌ڕه‌. قۆناغى ئارامى و سه‌قامگيرييه‌. كاتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و خزمه‌تگوزارييه‌‌‌. به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانین‌ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ريكى، لێره‌ ڕۆڵێكى گه‌وره‌ بگێڕێت. ده‌توانن له‌گه‌ڵ كه‌رتى تايبه‌تى ناوخۆ، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تيش كار بكه‌ن.

جگه‌ له‌ په‌يوه‌ندى و پشتگيريى سياسى و ئه‌منى و يارمه‌تيى مرۆيى، ‌ پشتگيريى ئابوورى و بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى ئه‌مه‌ريكيش، ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری و ڕێزگرتن له‌ قوربانیانی هه‌موو لایه‌كمان‌ له‌ عێراق. ئێوه ده‌توانن له‌ زۆر بوارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ژێرخان و په‌ره‌پێدانى كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزارى، ته‌كنه‌لۆژيا، په‌يوه‌ندى و گه‌ياندن، بانكدارى، ته‌ندروستى، په‌روه‌رده‌، زانستى، پيشه‌سازى، كشتوكاڵ و گه‌شتياريدا، وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

پێشتر كۆمپانيا ئه‌مه‌ريكييه‌كان له‌ بوارى وزه‌ و له‌ چه‌ند بوارێكى بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا لێره‌ كاريان كردووه‌. زۆر سوپاسيان ده‌كه‌ين كه‌ له‌ دۆخى سه‌ختى ڕابردوودا، ئێمه‌يان جێنه‌هێشت. له‌م قۆناغه‌ و له‌ داهاتووشدا، به‌شدارى و هاوبه‌شيى زياتر و كاراترى كۆمپانيا و سه‌رمايه‌ و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ريكى، ده‌بێته‌ هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌نديی گه‌لی ئه‌مه‌ریكی و گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌.

هه‌رێمى كوردستان زه‌مينه‌يه‌كى له‌باره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى. لێره‌ ئاسانكارى، پشتگيرى و هاوكارى بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌دۆزنه‌وه‌. هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريدا، له‌ پشتگيرى و ئاسانكاريدا بۆ هاندانى وه‌به‌رهێنان، چيرۆكێكى سه‌ركه‌وتووی هه‌یه‌ له‌ عێراقدا.

هه‌ميشه‌ كارمان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ياساى وه‌به‌رهێنانمان سه‌رده‌مانه‌ و گه‌ره‌نتيی وه‌به‌رهێنان ‌بێت. ياسايه‌ك بتوانێت زۆر سه‌رمايه‌ و وه‌به‌رهێنانى بيانى بهێنێته‌ هه‌رێمى كوردستان. چالاكيى ئابوورى و بازرگانيى فراوان ئه‌نجام بده‌ن.

هه‌ميشه‌ هه‌وڵمان داوه‌، كارمان كردووه‌ و كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى كه‌موكوڕى، لاوازى، ڕۆتين و به‌ربه‌ست، له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنان لابه‌رين. چاكسازيى ياسايى و كارگێڕى و به‌تايبه‌تى كارگێڕيى داراييمان كردووه‌. ڕووبه‌ڕووى كارى ناياسايى و گه‌نده‌ڵى بووينه‌ته‌وه‌.

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بين. حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هان ده‌ده‌ين، تا له‌ ڕووى ياسايى و شه‌فافيه‌ت و ئاسانكارييه‌وه‌، زه‌مينه‌ى له‌بارتر بۆ وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكه‌ن. تاكو دڵنيايى و پشتئه‌ستووريى زياترى ياسايى و كارگێڕى بدينه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران.

ده‌مانه‌وێت هه‌ست به‌ دڵنيايى و گه‌ره‌نتى بكه‌ن كه‌ له‌ شوێنى دروست و له‌ ژينگه‌يه‌كى ياسايى و كارگێريى ته‌ندروستدا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى ده‌كه‌ن. دڵنياتان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو پشتگيرييه‌كى ئێمه‌تان هه‌يه‌. وه‌به‌رهێنان و مافه‌كانتان له‌ هه‌رێمى كوردستان پارێزراوه‌.

به‌ڕێزان،

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق قۆناغێكى نوێى په‌يوه‌نديمان ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌‌. له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى، هه‌نگاوی تازه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شيمان ده‌بێت. ده‌بێ هه‌ردوولامان وانه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرين. ده‌بێ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر، سووديان لێ ببينين.

هه‌وڵى جددى و دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌ردوولا هه‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان. په‌يوه‌نديى باشى هه‌ولێر و به‌غدا، ڕه‌نگدانه‌يه‌وه‌كى باشى هه‌يه‌ له‌سه‌ر چالاكيى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ ته‌واوى عێراق.

په‌ره‌پێدانى چالاكيى ئابوورى و بازرگانيتان له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ ته‌نيا پرۆسه‌يه‌كى ئابوورى و بازرگانى نييه‌. به‌شدارى و هاوبه‌شييه‌كى كارايه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتنانه‌وه‌ى ژيان و مرۆڤيش، له‌ وڵاتێكدا كه‌ ئازار و ده‌رده‌سه‌رى و كاره‌ساتى گه‌وره‌ى بينيوه‌. هاوبه‌شييه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئومێد بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان. هاوبه‌شييه‌ له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانيان.

هه‌موو كار و چالاكييه‌كى ئێوه‌، ده‌رفه‌تى كار و بنياتنانى ژيانێكى تازه‌ بۆ كه‌سێك، بۆ خانه‌واده‌يه‌ك دابين ده‌كات. گه‌لى كوردستان به‌ سروشت كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى كراوه‌يه‌. حه‌زى له‌ بنياتنانى پردى په‌يوه‌ندييه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى. ئێمه‌ بڕوامان به‌ بازاڕى ئازاد و كراوه‌ هه‌يه‌.

ئێوه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى ژووره‌كانى‌ بازرگانى و پيشه‌سازى و كه‌رتى تايبه‌ت، كار و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن. ئێمه‌ بڕوايه‌كى ته‌واومان به‌ گرنگى و ڕۆڵ و كاريگه‌ريى كه‌رتى تايبه‌ت هه‌يه‌. به‌ره‌وپێشبردنى بواره‌‌ جياكان و دابينكردنى پێداويستيی وڵات، بێ كه‌رتى تايبه‌ت كه‌ داینه‌مۆی سه‌ره‌كییه‌ بۆ هه‌ر به‌ره‌وپێشچوونێك، سه‌ركه‌وتوو نابێت.

ئه‌زموونى زياتر له‌ (15) ساڵى ڕابردووى كه‌رتى تايبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان، ڕێنيشانده‌رمانه‌. به‌ فێربوون له‌ ڕابردوو، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوومان باشتر ده‌كه‌ين. له‌ قۆناغه‌كانى داهاتوودا، كه‌موكوڕى و به‌ربه‌سته‌كانى ڕابردوو لاده‌به‌ين. زه‌مينه‌ بۆ چالاكيى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێنان، باشتر ده‌كه‌ين.

ئيمزاكردنى ياداشتنامه‌كه‌تان ئه‌مڕۆ، كارێكى گرنگه‌. هه‌نگاوێكى دروست و پێويسته‌. ته‌واو له‌ كاتى خۆيدايه‌. ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى، گه‌وره‌ترين ڕێكخراوى بزنسى جيهانه. زياتر له‌ (100) نووسينگه‌ى له‌ جيهان هه‌يه‌‌. ده‌رگاى زياتر له‌ سێ مليۆن كۆمپانياى ئه‌مه‌ريكى، به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا ده‌كاته‌وه‌. لێره‌ش بازاڕێكى گه‌وره‌ بۆ كۆمپانيا ئه‌مه‌ريكييه‌كان دروست ده‌كات.

پيرۆزباييتان لێده‌كه‌م. هيواى سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم. سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ ئه‌مه‌ريكا كاريان كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م ياداشته‌ ئيمزا بكرێت.

سوپاسى يه‌كێتيى ژووره‌كانى بازرگانى و پيشه‌سازيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م. ئه‌وان هه‌ميشه‌ هه‌وڵيان داوه‌ په‌يوه‌نديى بازرگانى و ئابووريى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جيهان، فراونتر بكه‌ن. هيوادارم له‌ داهاتوويه‌كى زۆر نزيكدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى باشى ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ عێراقيش ببينين.

به‌خێرهاتنى ئه‌و كۆمپانيا ئه‌مه‌ريكيانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م شانده‌ هاتوون. ئێمە دەزانین جیهان شوێنی کێبڕکێە و کوردستانیش وەک هەر بازارێکی تر دەبێ کێبڕکێ بکات. بڕوام زۆرە کە فەرهەنگی کراوە و میواندۆستيی ئێمە، ویست و ئارەزووی ئێمە بۆ هاوبه‌شى، پشتگیریی ئێمە لە وەبەرهێنانی خۆماڵی و دەرەکی، کوردستان دەکاته‌ شوێنێکی تایبەت بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.

خۆشحاڵین کە کارێکی زۆر کراوە بۆ دامەزراندنی ژوورى بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى له‌ هه‌نده‌رانAmCham (ئامچام) لە هەرێمی کوردستان. هیوادارین پشتگیریی لە چالاکییەکانی بکرێت بۆ هاندان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی نێوان هه‌ردوولا.

دووباره‌ به‌خێرهاتنى هه‌موو لايه‌كتان ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تیش ده‌مه‌وێت سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا خاتوو به‌یان سامی عه‌بدلڕه‌حمان بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ ته‌شریفی هێناوه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌ ئۆفیس كاریان كردووه‌، هه‌ر هه‌موویان ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌یان بینیوه‌ بۆ ڕێكخستن و هێنانی ئه‌م شانده‌.

هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن