Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان بەشداری لە کۆڕێکی زانستیی کۆلیژی بابل بۆ لاهووت ـدا دەکات

2026-11-05T19:59:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/11/5 لە زانکۆی کاتۆلیکی لە عەنکاوە، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕێکی زانستیی کۆلیژی بابل بۆ لاهووت، بە ناونیشانی (میراتی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی)، ئامادە بوو.

لە کۆڕەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی ئایینی و ئەکادیمی ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان دەستخۆشیی لە پێشکەشکار و ڕێکخەرانی کۆڕەکە کرد و پشتیوانیی بۆ هەر جووڵە و چالاکییەکی زانستیی ئایینی کە خزمەت بە پەروەردەی تاک و پێشخستنی کۆمەڵگە و پتەوترکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکات، دووپات کردەوە.

لای خۆیانەوە ڕێکخەرانی کۆڕەکە، وێڕای سوپاسگوزارییان بۆ ئامادەبوونی سەرۆکی دیوان، بە پێزانینەوە باسیان لە پتەویی لێبووردەییی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان کرد و بە گرنگییەوە لە ڕۆڵ و بەشداریی پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە ژیانی گشتیدا، دوان.