Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی هەنگاریا ـدا دەکات

2026-10-22T18:23:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/10/22 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی 70ساڵەی شۆڕشی هەنگاریا ـدا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی هەنگاریاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسی ئیداری و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە ناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزباییی یادەکەی لە بەڕێزانی ستافی کونسوڵخانەی گشتی و هەروەها لە گەل و حکوومەتی هەنگاریا کرد و هیوای سەرکەوتن و گەشانەوەی زیاتری بۆ وڵاتەکەیان، خواست.

خاتوو دۆمینیکا کۆڤاچ، کونسوڵی گشتیی هەنگاریا (بە وەکالەت) لە هەرێمی کوردستان، وێڕای نیشاندانی پێزانین و سوپاسگوزاری بۆ بەشداریی هەمووان لە یادەکەیاندا، بە بایەخەوە باسی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە بەردەوامییان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لە نێوانیاندا، کردەوە.