Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان بەشداری لە ڕۆژی (ITEC) ی هیندستاندا دەکات

2026-11-05T20:40:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/11/5 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی بەرنامەی هاریکاریی تەکنیکی و ئابووریی هیندستان (ITEC)دا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی هیندستان ـەوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە وێڕای ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتیی ئەکادیمی و سەرۆک و ستافی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ( NGO) لە هەرێمی کوردستان؛ بەڕێز سومین باگشی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق، ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ کار و خزمەتگوزارییەکانی ( ITEC) لە بەرزکردنەوەی ئاستی تواناسازیی مرۆییی فەرمانبەر و فێرخوازانی هەرێمی کوردستان نیشان دا و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی لە کار و چالاکییەکانیدا، بۆ خواستن.

بەڕێز بریجێش کومار، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی بەشداریی هەمووانی لە ڕێوڕەسمەکەیاندا کرد و جەختی لە بەردەوامیی هاریکاریی هاوبەشی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.

پرۆگرامی هاریکاریی تەکنیکی و ئابووریی هیندستان (ITEC)، پرۆگرامێکی نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی هیندستانە و لە ڕێگەی کردنەوەی خولی ڕاهێنانەوە، خزمەتگوزاریی تواناسازیی مرۆیی لە بواری تەکنیکی و ئابووریدا پێشکەش بەو وڵاتانە دەکات کە پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ هیندستاندا هەیە.